د. بەرهەم ببێتە نوێنەری بارزانی

‌هیوا جەمال

لە ماوەی ئەو سێ رۆژەدا كە لەگەڵ تیمی رووداو لە بەغدا بووم، لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو كەس و بەرپرس و پەرلەمانتارانەی لە بەغدا چاوم پێیانكەوت، چەند بۆچوونێكم بۆ گەڵاڵە بوون، دەمەوێت زانیارییەكان لەگەڵ خوێنەرەكانم بەشبكەم.

ئێستا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوەی ماوە بەناوی هاوپەیمانی كوردستانی، تەنیا تابلۆی ئەو بەشەیە كە فراكسیۆنەكانی یەكێتی و پارتی لێیە، ئەوەی باسیدەكرا، نەبوونی هاوئاهەنگی و یەكخستنی هەڵوێستەكانە لەنێوان فراكسیۆنە كوردییەكان، ئەمە مانای ئەوە نییە دژ و دووژمنی یەكدین، بەڵام دڕدۆنگی و نادڵنیایی هەیە لەنێوانیاندا.

وەك باسیان دەكرد، زۆر بابەتی هەستیار و هەندێجار چارەنووسساز هەن، دەبێ پێكەوە و وەك یەك هێزی كوردستانی لە بەغدا كاری لەسەر بكەن، لە بەرامبەر دوو هێزی گەورەی سوننە و شیعە، جگە لە كێشە ستراتیژییەكان، مەسەلەی بودجەی ساڵی داهاتوو مەترسی زۆری لەسەرە، ئەگەر هەمووان پێكەوە یەكهەڵوێست نەبن، رەنگە نەتوانن بەر لەو پلانە بگرن كە بەرامبەر دایناوە.

كێشەیەك كە پەیوەستە بە بودجە و هاوكات گلەیی زۆری لەسەرە، وەزیری دارایی عێراقە كە كوردە و بەربژێری تایبەتی بارزانییە، بەشی زۆری پەرلەمانتاران بە كورد و عەرەبەوە تاوەكو دەگاتە سەرۆكایەتی پەرلەمان، لە هەڵسوكەوت و مامەڵەی د. فوئاد حوسێن ناڕازین، تەنیا خاڵێك كە لە دڵەوە پێمخۆشبوو بیستم، ئەوەیە دەڵێن گوتوویەتی بۆ هیچ كەس بێ یاسایی ناكەم، خاڵێكی ئەرێنییە ئەگەر نایاساییبوون و داواكارییە كەسییەكان بنبڕبكات و وەڵامیان نەداتەوە، بەڵام ئەوەی كە زۆر پەرلەمانتارەكانی تووڕەكردووە، وەڵامنەدانەوە و مامەڵەی ناخۆشییەتی لەگەڵ پەرلەمانتاران، ئەوەش وایكردووە لێێ بەبیانووبن، بۆیە تائێستا دووجار داوای میوانداریی كراوە بۆ پەرلەمان، بەڵام لە سەرۆكایەتی پەرلەمان لە ئەجێندای دانیشتنەكان دەرهێنراوەو، رەنگە ببێتە لێپرسینەوە و متمانەی لێبسەندرێتەوە، بۆ مێژووی كورد خاڵێكی نێگەتیڤە دوو وەزیری دارایی لە عێراق متمانەیان لێوەربگیرێتەوە.

لە بەغدا لە گفتوگۆ ناڕەسمییەكاندا باس لەوە دەكرێت، ئاراستەی سیاسەتی نوێی هەرێمی كوردستان رووی لە بەغدایە، واتە بۆنی ئەوەیانكردووە پەیوەندییەكانی نێوان بەغدا و هەولێر زیاتر گەرمببنەوە و بیانەوێت كەمترین كێشە لەگەڵ بەغدا بهێڵنەوە، زیاتر باسی رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە دەكرێت، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان پێی رازییە، وەك ئەوەی لە یاسای بودجەی 2019دا هاتووە، بەڵام كیشەیەك كە رەنگە بێتە پێشەوە داوای زیادكردنی ئەو بڕەیە.

دەڵێن، رۆژێك هەندێ نوێنەری كورد لەلای د. عادل عەبدولمەهدی بوون و باسی رادەستكردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێمی كوردستان كراوە بۆ بەغدا، لەوكاتەدا وەزیری نەوت هاتووە، كە گوێی لە گفتوگۆكە و باسی نەوت بووە، گوتوویەتی ئەو 250 هەزار بەرمیلە زۆر كەمە، دەبێ هەرێمی كوردستان زیاتر بنێرێت چونكە خۆی رۆژانە 650 هەزار بەرمیل بەرهەمدێنێت، سەرۆكوەزیران گوتوویەتی، ئەوە لە یاساكەدا ئەوەندە هاتووە، ئەویدیكەی لێیان دەگەڕێین قەرزەكانی پێبدەنەوە، ئەوان قەرزداری كۆمپانیاكانن.

ئەوە دوو سەرنجی لەسەر هەڵدەچنرێت، یەكەمیان هەندێك هەر لە ئێستاوە پلانی ئەوەیان هەیە 250 هەزار بەرمیلەكە بەكەم بزانن و رازی نەبن، ئینجا لۆبی بۆ بكەن و لە پڕۆژە یاسای 2020 زیادی بكەن. دووەمیان، تائێستا عادل عەبدولمەهدی لەگەڵ كورد نەرمی دەنوێنێت و دەیەوێت هەندێ سازش بكات، بەڵام ئەوە رەنگە هەتا سەرنەبێت و، لەژێر گوشاری لایەنەكانی دیكە هەڵوێستی بگۆڕێت.

بەغدا وەك هەولێر نییە رێككەوتنی حیزبی راستەوخۆ كاری پێبكرێت و لە پەرلەمان هیچ پەرلەمانتارێكی خاوەن رێككەوتنەكە لێی لانەدات، ئەگەر حیزبەكەی فەرمانی پێبكات، لەوێ (بەغدا) جگە لەوەی دەبێ رێككەوتنەكە بكرێنە پڕۆژە یاسا و ببرێنە پەرلەمان، مەرج نییە ئەوەی حیزبەكانیان دەیڵێن پەرلەمانتارەكان پێیەوە پابەندبن، واتە جگە لە لۆبیكردن و رێككەوتن لەگەڵ سەركردە حیزبییەكان، دەبێ جارێكی دیكە لە پەرلەمانیش لۆبی بۆ بكرێت و پەرلەمانتارەكان رازیبكرێن.

ئەوەی كە بۆشایی گەورەی دروستكردووە لە بەغدا نەبوونی چەترێكە بۆ كۆكردنەوەی كورد لە سایەیدا، جاران كە مام جەلال، وەك سەرۆككۆمار لەوێبوو هەمووان پشتیان پێیگەرمبوو، هەمان كات لەگەڵ كاك مەسعود، وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیوەندی راستەوخۆی هەبوو، لەجیاتی ئەویش بڕیاری دەدا، واتە نوێنەری ئەویش بوو، ئێستا كورد لەوێ نازانن لەگەڵ كێ مامەڵە بكەن، پەیوەندییە رەسمییەكە لەنێوان سەرۆككۆمار و سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەبێت، هەردوو سەرۆك د. بەرهەم و نێچیرڤان بارزانی دەتوانن هاوئاهەنگی تەواوبكەن، رێكبكەون كە بەرهەم ساڵح نوێنەری بارزانیش بێت، لەهەمانكاتدا، لەلایەن كاك مەسعودەوە پشتیوانی رێككەوتنەكەیان بكرێت. لەو بڕوایەدام لایەنەكانی دیكەش بەو پیشنیازە رازیبن.


PM:07:10:05/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 13560 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی