زەویەکەی من لەکوێیە؟

‌هیوا جەمال

وەک هەموو هاونیشتمانییەک منیش مافی ئەوەم هەیە زەوی وەربگرم، مافی ئەوەم هەیە لە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە سوندمەندبم، وەک هەر هاوڵاتییەکی ئەم جیهانە کە لە سەروەت و سامانی وڵاتەکانیان سودمەنددەبن، هاونیشتمانیانی نیشتمانەکەی منیش سودمەندبن.

لەو حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە هەندێ لە بەرپرس و کەسوکاریان، بە سەدان مەتر و دۆنم زەویان لێپچڕیوە منیش مافم هەیە کە زەویم هەبی و زەویم پێبدرێت، بەڵام بەداخەوە تائێستا لەومافەم سودمەند نەبووم.

لەبەرئەوەی هیچکام لە خێزانەکەم موچەخۆری حکومەت نەبوین، باوک و دایک و خوشک و برام، نەک من بەڵکو هیچکام لە ئێمە نە زەوی و نە موچەمان لە حکومەت نییە، (یەک برام بە گرێبەست ماوەی ساڵێک مامۆستایی کرد، پاشئەوەی شوباتی ئەمساڵ کۆچی دواییکرد، تەنانەت خانەنشینی بۆ نەکرا)، بۆیە هیچ کەس لە ئێمە زەوی لەم حکومەتی هەرێمە وەرنەگرتووە، ئەگەرچی مافی خۆمانە وەریبگرین.

لەماوەی چل ساڵی تەمەنمدا دوو موچە و نیوم لە حکومەت وەرگرتووە، کاتی وەک فەرمانبەر لە راگەیاندنی قایمقامییەتی سلێمانی دامەزرام، پاشئەوەی لە رووداو گرێبەستمکرد و هاتمە هەولێر نیشتەجێبووم، هەندێ لەهاوڕێکانم وەک دڵسۆزیی بۆمن گوتیان واستەیەک بکەو بیکە بە مۆڵەت، من رەدمکردەوە و گوتم با کەسێکی دیکە لەجێیەکەم دابمەزرێت مادام من موچەکەم باشە باشوێنی کەسێکی دیکە نەگرم.

ئەوەی من و باوکم و براکانم هەمانە بە شانوباڵ و توانای خۆمان هەمانە، منەتمان نە بە حکومەت و نە بە هیچ حیزبێک نەبووە و نییە و کاری خۆمان دەکەین.

لەماوەی ئەم چەند ساڵەدا بەجۆرەها شێواز ئۆفەری باش هاتووەتە بەردەستم کە بە سەردانێک یان ئیمزایەک بە ملیۆن دۆلارم قازانج دەکرد، بەڵام بێمنەت بن هەرکەس شتێکی وای لەسەر من هەیە با بەبەڵگە بڵاوی بکاتەوە.

هیچ کات ناوبانگ و ناسراوییم بۆ خۆدەوڵەمەندکردن و تەندەروەرگرتن و کۆمپانیاکردنەوە و کاسپیکردن بەکارنەهێناوە، لەپاڵ پیشەکەمدا هیچ کارێکی دیکەم نییە، نە هوتێل و نەکۆمپانیا و نە کافتریا و نە دوکانم نییە و ناوبانگی خۆم بەکار هینابێت، تەنانەت زەوییم بە مساتەحەش وەرنەگرتووە، هەرچی کارێک من هەمە و دەیکەم گرێبەستێکە لەگەڵ تۆڕی میدیای رووداو کە تا سێ‌ڵی ٢٠٢٠ بەردەوامە.
هیچ ناچارنەبووم وردەکاریی ژیانی خۆم و موچەکەم باسبکەم، بەڵام وەک بڕوابون بە شەفافییەت  و بۆئەوەی هاوڕێکانم و دڵسۆزەکانم دڵساردنەبن لەوەی لە تیڤی قسەیەک بکەین و لە ژێرەوە کاری ترمان هەبێت بۆیە ئەوەم نوسیوە.

ئەوانەش کە بڕواناکەن هیچ کێشەم نییە با بڕوا نەکەن، هەندێکیش کە هەرخۆیان نەیارن و دژن ئەوانەش کەیفی خۆیانە.
ئەوەی من پابەند دەکات ئەو ئیمزایەمە لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو لەچوارچێوەی کاری رۆژنامەڤانی، هەروەها خۆشەویستی بینەرەکانم.


AM:10:46:04/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 12594 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی