بێماناکردنی سیاسەت و چاندنی تۆوی نائومێدی

‌سیروان حەمەڕەشید

گەر سیاسەت وەک چەمک ومانای ڕاستەقینە راڤە و پێناسەی بکەین. ئەوسا لەوە دەگەین ئایا سیاسەت زانست و هونەری بەرێوەبردن وبەرژەوەندی گشتیە، یان شتێکی دیکەیە ؟


پرسیاری هەرە گرنگ وسەرەکی ئەوەیە ئایا سیاسەت هونەری بەرێوەبردن و ڕێکخستنی کۆمەڵگە وچاکەی گشتیی دەوێت؟ یاخود وەزیفە وئاڕاستەکردنی سیاسەت ئەو پرۆسە نائومێدکەرییە لە هەرێمی کوردستاندا پەیڕەو دەکرێت؟

لێرەدا دەکرێت کەمێک هەڵوێستە بکەین لەدۆخی ٢٦ساڵەی دەسەڵاتداریەتی هەرێم ووردبینەوە ئەوکات ڕاستی بێ مەعریفەی سیاسی و ئەدگار و ڕەفتاری دەسەڵاتدارانی هەرێممان دێتەپێش چاو و تێدەگەین بە چ عەقڵییەت و بیرکردنەوەیەک نابابەتیانە ئیحتکاری سیاسی وئابوورییەوە بەترسناکترین شێوە کاری سیاسی کردوە ، دەتوانین ڕوون تر بڵێین سیاسەتیان لەهەموو بەها و زانست و جوانییەک داماڵیوە ، بە ڕادەی سنوربەزاندن و بێبایەخککردن و وێرانکاری کۆی ژیانی سیاسی وئابووری وکۆمەڵایەتی وفەرهەنگی دونیای ئێمەیان کردوە.

ئەگەر لەسۆنگەی قەناعەت وهزری بەشێکی زۆری خەڵکەوە سەیری سیاسەت بکرێت ئەوا وەک دزۆ وتەڵەکەبازی و دیماگۆکی لێدەڕوانن ئەم بڕوایە وایکر تەنهالە%20خەڵکی لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕوو بکەنە سندوقەکانی دەنگدان .

سیاسەت بریتی بێت لەو هەمو بێماناییە دەپرسین ئەی بۆ لە زانکۆ وناوەندە ئەکادیمیەکانی جیهان وەک زانستێکی سەربەخۆی باڵای مرۆیی دەخوێنرێت وجێگەی گرنگیپدانی دەوڵەتانە؟ کەواتە باشترین پێناسە بۆ سیاسەت لەفەرهەنگی ئەکادیمی فەرەنسی بەمجۆرە پێناسە بۆ سیاسەت دەکات"سیاسەت زانینی هەموو ئەوشتانەیە کەپەیوەندیدارن بەهونەری دەسەڵات وبەڕێوەبردنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەموو دەوڵەتێک" لەسەدەی چواردەهەمدا برونینتو لاتینی سەبارەت بەسیاسەت دەڵێت"سیاسەت مەزنترین چاکە وزانستی باڵاو بەهێزترین ناوەندی شەرفمەندانەیە لەسەر ڕووی زەویدا بۆ بەرێوەبردنی کاروبارەکانی دەوڵەت" واتە سیاسەت بناغەی ڕێکخسنن وبەردەوامی ژیانی تاک وکۆمەڵگا و ئیدارەدانی کەرت وسێکتەرەکان و دەستەبەری دەسەڵات وحکومڕانیەکی ڕەشید و بەرپرسیار ودابینکردنی ئاسایشی نەتەوەی ودڵنیایی کۆمەڵایەتییە، بەڵام لەکوردستاندا ئەو دوو حزبە بەدەستی ئەنقەست لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان و خێزانی دەسەڵاتگەریدا سیاسەتییان کردۆتە گەورەترین ئامرازی هەڕەشە و کردەی نائەعەقڵانی و بێ مۆڕاڵ بەجۆڕێک هەرچی ناشیرینی و کاری نامرۆڤانە وقێزەون هەیە بەناوی سیاسەتەوە کردوویانە، هەر لە بێنرخکردنی وسوککردنی بەهاکانی دیموکراسی وپرۆسەی هەڵبژاردن وحکونداری ودەسەڵات وئابووری و نەهێشتنی هەستی بەرپرسیاری نیشتیمانی و وێرانکردنی بونیادی سەرخان وژێرخانی وەڵات، بەچەشنک هیچ جۆرە دەرفەتێکی ڕاستەقینەیان بۆ دونیای سیاسەتکردن نەهێشۆتەوە.

هەڵبژاردنەکانی ساڵانی ڕابووردو و( ٣٠_-٩)ئەمساڵدا دەرخەری ئەو ڕاستییە پارتی ویەکێتی چۆن بێحورمەتی وبێڕێزی زۆرییان بەرامبەر بە کایەی سیاسەت و دیموکراسی و هەڵبژاردن وئیرادەی میللەت کردوە. تا یەکجاری خەونی گۆڕانکاری لە ویژدان وناخی خەڵک بەتەواوی بکوژن ونەهڵێن وکۆمەڵگەیەکی پاسیف وبێ جوڵە بەرهەم بهێنن.

هەڵبەتە هەڵبژاردن وململانێی سیاسی لەچوارچێوەی پرنسپەکانی:دیموکراسی ویاسادا نیشانەی زیندوویەتی ئومێدبەخشیە ، بەڵام کاتێک پارتی ویەکێتی وەک دوو هێزی نانیشتیمانی پیلانگێڕی لە خەون وئومێدەکانی خەڵک دەکەن و دوژمنایەتی سەرسەختی دیموکراسی وهەڵبژاردنیان کردوە ، هەمو بێحورمەنێکیان بەرامبەر بە ئیرادە و سەرەتاترین مافی تاک کردوە، بەشێوەیەک خەڵکیان توشی ئەوپەڕی ناوئومێدی وڕەشبینی کردۆتەزە، لێرەدا دەبێت هێزە کۆمەڵایەتی وسیاسی ومەدەنیەکان ونوخبەی رووناکبیر وئەکادیمی ڕێگاو ومیتۆدی جیاوازتر بگرنەبەر بۆ پێدانەوەی مانای ڕاستەقینە بە سیاسەت و وئاستەنگەکانی بەردەم ڕەوتی گۆڕانکاری نەهڵین، چونکە لەبەردەم بەرپرسیارییەتی مێژووییدان، تا نبشتیمان لەماڵی حیزب وهەژمونی دووبنەماڵەوە بێبتە ماڵی ڕاستەقینەی هەمووان.


PM:03:03:11/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 2085 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی