دەربارەی نمایشە شانۆییەکەی کەلار

‌هیوا فایەق

نازانم ناونیشانی نمایشەکە چییە، زانیارییەکانیشم لەسەر نمایشە شانۆییەکەی کەلار زۆر زۆر سنوردارە، ئەوەشی لە ڕێگەی فەیسبووک دەیخوێنمەوە، بەتەواوی باسی چیرۆکی نمایشەکە ناکات و ناشزانم لەسیاقیشدا چییان ووتوە، بە دیاریکراویش نازانم كاردانەوەکان چۆن بوون، بەڵام بۆ ئەوەی سڵ لەقسەکردنیش نەکەینەوە، رەنگە بینینی ئەو ڤیدێو یەک دەقیقەیەی نمایشەکە و جنێو سوکایەتییەکان وەک کاردانەوە دژ بە نمایشەکە، وە لە هەمووشی خراپتر فەرمانەکەی بەڕێوبەرێتی ڕۆشنبیری کەلارە کە لە خوارەوە دامناوە، بەشی ئەوە بکات شتێکی لەبارەوە بڵێین.

لە ڤیدێوەکەدا بە ئاشکرا ئەوەدەبینین کارەکتەرێکی کچ دژی  شێوازی مارەبڕینە لە لایەن "مەلایەکی لاکۆڵانی ڕیش درێژی دەم پیسەوە"، هەردوای ئەوەش کاراکتەرێکی کوڕ دەچێتە سەر کورسییەک و هەمان ئەو قسانەی مەلا هەڵۆ دووبارە دەکاتەوە کە چەند هەفتەیەک لەمەوبەرکردی و ئەوپیاوانەی بە گەواد ناوزەندکرد رێگە بەسفوربوونی ژن و خوشک و دایکیان دەدەن. پێدەچێت مەبەستی هەردوو کاراکتەرەکە خودی مەلا هەڵۆ بێت.

ئەوەی سەیرەبەلامەوە ئەوەیە بەڕێوبەرێتەیەک سزای کارەکتەرێک بدات لەسەر ئەوەی تەقلیدی یان هەمان قسەی کاراکتەرێکی واقیعی کردۆتەوە کە مەلا هەڵۆیە، مەلاش بۆ خۆی بە بێ سزا لەسەر ئەو تەشهیرە گەورەیە بە ئازادی دەسوڕێتەوە! 

مومارەسەکردنی (ئازادی هونەری Artistic Freedom) شتێک نییە هونەرمەندی لەسەر سزا بدرێت، هەمیشە پانتایی ئازادی لە هونەردا فراوانترە لە هەموو پانتاییە ئازادەکانی تر. ئازادی لە هونەردا ناخرێتە بەردەم خەڵک بزانێت قبوڵێتی بیڵێت/بیکات یان قبوڵی نییە.

زۆر جار (ئازادی هونەری) هەموو هاوکێشە ئەخلاقییە باوەکان هەڵدەگێڕێتەوە و تەواو دژە باوە، پێویستیش ناکات کەس بەوە تووشی شۆکی ئەخلاقی بکات ، چونکە بەشێک لە خەسڵەتی هونەر خۆی لێدانە لە پیرۆزی و ڕەخنە کردنی. نموونە بۆ ئەم جۆرە لە ئازادی هونەری هەم لە ڕووی تەکنیک و هەمیش لە ڕووی ناوەڕۆکەوە زۆر زۆرە، یەکێک لەوانە کاری هونەرمەند Marina Abramović کە لەمبەر و ئەوبەری دەرگایەکی تەسکی چوونە ژووەرە، کوڕو کچێکی بە ڕووت و قووتی بەرامبەر یەک دانبوو، بینەرکانیش دەبوایە بەو دەرگا تەسکەدا ڕەت بوونایەو بچونایەتە ژوورەوە،  لەو کارەدا بینەر پێوستە ئەوەی لە بیر بێت لەبەردەم کارێکی هونەریدایە،  خەڵک تەواو ئازادە لەوەی ئەو کارەی قبوڵ بێت یاخود نا، بەڵام لەڕاستیدا ئازاد نییە کە وابزانێت لەو دەرگایەوە دەچێتە ناو یانەیەکی لەشفرۆشی.

کۆت و بەندکردنی (ئازادی هونەری) دژی مافەکانی هونەرمەندە  هەروەها کوشتنی خەیاڵ و بیرکرنەوەکانیشێتی، ئەم ئەخلاقی کۆت و بەندکردنەش تەنها لەو ووڵاتانەدا بەرجەستە دەبێت کە دەستەڵاتێکی ستەمکارانە و ئاینی تیایدا باڵا دەستە. هەر بەپێی راپۆرتێکی ڕێکخراوی فریمیوز کە لە ساڵی ۲٠۱٦ دەرچووە بە ناونیشانی ( هونەر لە ژێر هەڕەشەدایە)، ئاماژە بەوەدەکات کە بێجگە لە دەستەڵاتە ستەمکارەکان، ئێستا گروپ و رێکخراوی ناحکومی توندڕەو دروست بوون کاریگەریان لەسەر دەستەڵات دروست کردوە بۆ کۆت و بەندکردنی ئازادی هونەری و دەستەڵاتیش داواکارێکانیان بە تەواوی بۆ جێبەجێ دەکات، وەک ئەوەی ئەمڕۆ  لە کەلار بەفەرمی بینیمان چۆن سزای گرۆپێکی شانۆیی دەدەن و بۆ ماوەی ساڵێک کاری هونەرییان لێوەدەغە دەکەن و هەڕەشەش لەوانە دەکەن کە دەیانەوێت بەو جۆرە ئازادانەیە بیر لە کارکردن بکەنەوە.

بۆ ئەوەی ئەو هێز و حەماسە داعشییەی لەم کۆمەڵگایەدا کە بە بەهێزی لەگەشەدایە،  نەهێڵێن داهاتوومان وێران بکات و نەوەی دوای ئێمە بە دەیەها ساڵ خوێن ڕشتنی پێویست بێت بۆ ئەوەی بیوەستێنێت، پێویستمان بە بەندێکی دەستوری هەیە کە ئازادی مرۆڤەکان بخاتە سەروی هەموو پیرۆزییەکانی ترەوە و پاشان بوونی هێزێکی یاسایش بۆ بەرگری لێکردنی، ئەگەر نا، خوێن ڕشتنی داهاتووی ئەم کۆمەڵگایە هی ئەو کەسانە دەبن کە دەیانەوێت ئازاد و ئارام بژین بەبێ ئەوەی ئازاری هیچ کەسێکیشیان دابێت، بە دەستی ئەو کەسانەی کە لەسەر بیرو باوەڕی دۆگما و توندڕەو بۆ ئەو کوشتارەگەیە لە ئێستاوە پەروەردە دەکرێن.


AM:12:05:25/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 4292 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی