کەنەداو جینۆسایدی هندییە سورەکان و داوای لێبوردن؟

‌تەها سلێمان

پێش (۱٥٤) ساڵ، دانیشتوانە ڕەسەنەکانی کەنەدا (هنود الحمر-هندییە سورەکان)، واتا لەساڵی 1864 لەسەردەستی کۆلۆنیالیزمی سپی پێستەکان و بەقەڵەمڕەوی سیستەمی پاشایەتی بەریتانیا، ڕووبەڕووی یەکەم تاوان بوونەوە، کاتێک پێنج لەسەركردە دیارەکانی هندییە سوورەکان لەسێدارە دەدرێن، ئەمە لەکاتێکا ئەم سەرکردەیە دەچن بۆ دانووستان و ئامانجیان پێش گرتن بوە لەفراوانبوونەوەی شەڕو کوشتن و کاولکاری و داگیرکاری و گەیاندن و جێبەجێکردنی پەیامی ئاشتی خوازانەیان.

بەڵام سپی پێستەکان و بەڕێبەرایەتی قەڵەمڕەوی ڕژێمی پاشایەتی بەریتانیا، لە(وێست مینیستەری بریتش کۆڵمبیا-ڤانکۆڤەر)، ئەو پێنج سەرکردەیە لەگەڵ چواردە هاوەڵی تریان لەسێدارە دەدەن و تاوانەکە ئەنجام دەدەن.

وەک سەرچاوەو ژێدەرو ڕاپۆرتەکان پشڕاستی دەکەنەوە، لەو ئان و سات و سەردەمەدا، سەڕەڕای كوشتوو بڕی كۆڵۆنیالیزمی سپی پێستەكان و پەتای گرانەتا كەنیوەی زیاتری هندییە سورەکان قڕدەكات.

ئەمە سەرباری ئەوەی هەڵمەتێکی گەورەی تاڵانی و دزینی سەروەت و سامانی هاوڵاتیە ڕەسەنەکان دەست پێدەکات و هەرناڕەزایەتیەکیش بوایە ئەوە بەزەبری کوشتن و گرتن و لەناودان و دوورخستنەوە دادەمرکێنرایەوە.

وەک باس دەکرێ لەماوەی چەند مانگێکدا بەهۆی نەخۆشی و قات و قڕی و شەڕو شۆڕەوە نزیكەی چواردە هەزاریان لێ دەمرێ و دەکوژرێ. هەروەها دەست درێژی سێكسی و ئیغتیساب بۆسەر ژنەكانیان، بەشێك بووە لە جینۆسایدی دەسەڵات دژ بە هندییە سوورەکان و دواتریش ئەو ژمارەیە هەڵکشاوە بۆ زیاترو بەرزتر.

بەندەو شاندێک لەساڵی 2014 سەردانی وڵاتی کەنەدامان کرد بەئامانجی بەشداریکردن لەکۆنفرانسێکی تایبەت بە شارەزایانی بواری جینۆساید، کەلەو کۆنفرانسەداو لەماوەی چوارڕۆژدا لەلایەن دەیان زاناوو پسپۆرو شارەزای بواری تاوانی جینۆساید نزیکەی (100) باس لەهۆڵەکانی زانکۆی مانیتۆبا پێشکەش کران، لەگەڵ چەندین چالاکی جۆراوجۆر تایبەت بەجینۆسایدی هندییە سورەکان.

یەکێک لەو پرس و بابەتانەی لەباسەکاندا تایبەت بەجینۆسایدی هندییە سورەکان وروژێنراو شلگێرانە مکوڕی لەسەر دەکرایەوە، ئەوەبوو کە پێویستە حکومەتی ئێستای کەنەدا بەفەرمی داوای لێبووردن لە هندییە سورەکان بکات، چونکە ئەوەی بەرپرسیارێتی تاوانەکە هەڵدەگرێ حکومەتی کەنەدایە بە سەرپەرشتی کۆلۆنیالیزمی بەریتانیا.

دوای چوارساڵ لەبڕیارو ڕاسپاردەکانی کۆنفرانسەکەو دوای (154) ساڵ لەئەنجامدانی تاوانەکە، حکومەتی کەنەدا بەسەرۆکایەتی (جستن ترودۆ) لەڕۆژی 2-11-2018 بەفەرمی داوای لێبوردنی بۆ سەركردەی هندییە سوورەکان هێنایەوەو بەدەق ووتی( ئەو سەركردانەی ئێوە كەلەسێدارەدراون، ویستویانە موومارەسەی كەڵچەرو داب و نەریتی خۆیان بكەن و ژینگەو ئاوو هەوای ناوچەكەیان بپارێزن؛ دەبوایە كێشەكانیان بەئاشتی چارەسەر بكرایەو هەر ئەو ڕۆژە سەردانی شوێنی ڕەسەنی هندییە سوورەکانی کرد لە (جیلكۆ لێیك ) لەوێ ئاویان بۆ هێناو (جستن ترودۆش) تەپڵی پێشكەش كردن، وەك نیشانەو سونبولی ڕووحی ئەوان. ئێستا ئیتر؛ کەنەدا لەسەردەستی جەستن ترۆدۆی گەنجی سەرۆکەکەی، پێی نایە قۆناغێکی ئەخلاق و ویژانی و مرۆیی گەورەوەو بوە یەکێک لەهێما گەورەکانی مێژووی مرۆڤایەتی، ئەگەرچی هەنگاوەکەی درەنگ وەخت هاویشت، بەڵام ویژدانی کۆمەڵگای کەنەدی بەگشتی و هندییە سورەکانی ئاسوودەو ئارام کرد، بەوەی بەفەرمی داوای لێبووردنی لەهندییە سوورەکان کرد.

بەڵام پرسیاری ئەخلاقی و ویژدانی ڕووبەڕووی سەرکردەی ئەو دەوڵەتانە دەبێتەوە کەگەلەکانیان لەسەردەستی حکومەتەکانیان ڕووبەڕووی تاوانی جینۆساید بوونەتەوە، کەئایا بیرلەوە دەکەنەوە ئازابن و نەترسن و هەڵوێستە ئەخلاقی و ویژدانیەکەی جۆستن ترۆدۆ دووبارە بکەنەوە؟ بەتایبەت بۆ دەوڵەتانێکی وەک (عێراق، سووریا، ئێران، توورکیا) کەبەدرێژایی مێژووی حکومڕانیان گەلانی وڵاتەکانیان و پێکهاتەی کوردو خاکی کوردستانیان کردوەتە ئامانجی جینۆسایدکردن؟ تێبینی: بۆ بەشێک لەزانیارییەکان سوود لە واڵای کاک مەحمەد ڕانیەیی وەرگیراوە


AM:09:47:05/11/2018

ئه‌م بابه‌ته 1752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی