جیهان دوای کۆرۆنا

‌رێبین هه‌ردی‌


ڕەنگە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ شتێک هێندەی کۆڤیدی ١٩ کاریگەری کوشەندەی لەسەر جیهان بەجێ نەهێڵێت. مەسەلە تەنیا ژمارەی کوژراو و نەخۆشەکانی و بەربڵاوی نیە، مەسەلە تەنیاش ئەو قەیرانە ئابوریانە نیە کە دروستیکردووە و دەیکات و دەشێت دونیا و خەڵکی دوچاری کێشەی گەوەرە بکات، بەڵکو ئەو دەرئەنجامانەی دروستی دەکات دەشێت هاوچەشنی جەنگە جیهانیەکان کۆی عەقڵی سیاسی دنیا بگۆڕێت و دەستکاری زۆر شت بکات.

لە ئێستاوە دوو ئاراستە دەرکەوتوون: یەکێکیان دژ بە جیهانگیری و ئەوی تریان بە پێچەوانەوە.ئاراستەکانی دژ بە جیهانگیری بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە دەگێرنەوە بۆ یەکێک لە دەرئەنجامەکانی جیهانگیری و کەوتنی سەروەرری نیشتیمانی و چارەسەریش بە گەرانەوە دەزانن بۆ ئەم سەروەریەوە و سنوردارکردنی سنوری نیشتیمان و توندوتوڵ کردنی دەوڵەتی نەتەوەیی. ئەم بۆچونە پێی وایە جیهانگیری ئابوری ئەو شتەیە کە دوای کۆرۆنا کۆتای پێ دێنێت و ئابوری نیشتیمانی جێگەی دەگرێتەوە.

بێگومان دۆخی باڵادەستی دەوڵەت لە کێشەی کۆڤیدی ١٩ دا زۆرتر دەردەکەوێت. خێرای وەڵامدانەوەی دەوڵەتە داخراوەکان بۆ چارەسەری ئەم نەخۆشیە و خاوی و تاڕادەیەک لە دەست دەرچوونی کۆنترۆڵی نەخۆشیەکە لە دەوڵەتە دیموکراتیەکاندا گومانێکی زۆری لە دەوری کارایی ئەمجۆرە سیستەمە دروستکردووە. هەندێک تا ئەو رادەیە دەرۆن و دەڵێن دنیای دوای کۆڤیدی ١٩، دنیای کەوتنی ئەمەریکایە وەک بەهێزترین دەوڵەتی دنیا و جێگرتنەوەیەتی بە دەوڵەتی چین. چین لە دوای کۆڤیدی ١٩ جێگەی ئەمەریكا دەگرێتەوە.

کۆڤیدی ١٩ خەڵک و قەناعەتەکانیشی گۆڕی. کەسانێکی زۆر کە بەردەوام دژی گەورەبوونی دەسەڵاتی دەوڵەت بوون و بەرگریان لە ئازادی زیاتر بۆ کۆمەڵگای مەدەنی دەکرد، لە ڕووداوی کۆڤیدی ١٩دا نەک داوای باڵادەستی دەوڵەت، بگرە داوای سوپاو لەشکر و هێزە ئەمنیەکان دەکەن بۆ ئەوەی خەڵکی بە زۆر لەماڵەکانیان زیندانی و قەرەنتینە بکەن. داوای ڕاگرتنی هاتوچۆ و بەکارهێنانی سوپا و لەشکر دەکەن بۆ ئەوەی هیچ سازشێک بەرامبەر هیچ پێشێلکاریەک نیشان نەدات. خەڵکانێکی زۆر کە تاماوەیەکی زۆر هەستیاریان بە بوونی ئەم هێزانە هەبوو، هەنوکە زیاتر لەجاران داواوی دەور و دەسەڵاتی بۆ دەکەن. ئەم دۆخە لەدوای نەخۆشیەکەشەوە بەردووام دەبێت و دەولەت دەوری ناوەندێتی خۆی و دەزگا ئەمنیەکانیش دەستێوەردانی خۆیان لە ژیانی خەلکیدا درێژە پێدەدەن.

بەڵام ئاراستەی دووهەم پێی وایە کە بڵاوبونەوەی ئەم نەخۆشیە چ پەیوەندی بە جیهانگیریەوە نیە و بە دوریشی دەزانن دنیا بتوانێت بگەڕێتەوە بۆ سنورەکانی ناو دەوڵەتی نەتەوەیی. بەڵگەی بەهێزی ئەم ئاراستەیەش ئەوەیە کە بێ بووی جیهانگیریش مێژووی مرۆڤایەتی پڕە لەو دەرد و نەخۆشیانەی کە هەمو جیهانیان گرتۆتەوە بە بێ ئەوەی جیهانگیریش هەبووبێ. نمونەش بەو تاعونە مێژوویە دەهێننەوە کە لە ساڵی ١٣٤٧دا سەرتاسەری دنیای گرتەوە و دەگوترێت نزیك لەسەدا شەستی ئەوروپای لەناو بردووە. ئەم ڕەهەندە پێی وایە کۆڤیدی ١٩ دنیا دەگۆرێت بەڵام نەک بە ئاراستەی گەڕانەوە بۆ ناو دەوڵەتی نیشتیمانی، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەبێتە هۆی لەناوبردنی پاشماوەکانی عەقڵەیەتی دەوڵەتی نەیەوەیی. ئەوەی لەناودەچێت عەقڵیەتی دەوڵەتی نەتەوەیی و سەروەری نیشتیمانیە کە پێیی وایە هەموو دەوڵەتێک تەنیا بەرپرسیارە لە ژیان و ڕێکخستنی دنیای ناو سنوورەکانی خۆی. ئەوەی لە دوای کۆڤیدی ١٩ لەناو دەچێت هەموو ئەو پاشماوانەی عەقلیەتی دەوڵەت نەتەوەیە کە پێیی وایە سنوری سیاسی دەوڵەت ئەو سنوورەیە کە دەبێت بەرپرسیارانی وڵات خۆیان لەبەردەمیدا بەبەرپرسیار بزانن. لە دوای کۆڤیدی ١٩ نەک جیهانگیری ئابوری کۆتای نایەت، بەڵکو جیهانگیریەکی سیاسی دروستدەکات کە وادەکات هەموان لەبەردەم هەموو دنیادا هەست بە بەپرسیاری بکەن. دنیای دوای کۆڤیدی ١٩ بەر ئەو ڕاستیە دەکەوێت کە نەخۆش کەوتنی کەسێک لە دوردەست ترین شوێنی دنیا،شتێک نیە دوور بێت لەو کەسانەی لە جوگرافیای و دەوڵەت و ناوچەی تردا دەژین، بەڵکو نەخۆش کەوتنی یەک کەس واتە ئەگەری توشبوون و نەخۆش کەووتنی هەموو دنیا. کۆڤیدی١٩ لە خەوهەڵسانی ئەو دەوڵەتە نەتەوەییانەیە کە تەنیا خۆیان بە بەرپرس لەبەردەم خەڵکی خۆیاندا دەزانن و هیچ گرنگی و گوێیەک بە شوێنەکانی دی نادەن و بگرە هیچ لاریشیان نیە ئەو هەنگاو و بڕیارانە بدەن کە کاریگەریەکی خراپ یان نگەتیڤی لەسەر شوێنەکانی تری دنیا دەبێت. کۆڤیدی ١٩ بەهەموان دەڵێت چیدی ڕێگەیەک بۆ فەرامۆشکردنی هیچ شوێنێکی دنیا نیە و ئەوەی وابزانێت ئەوەی لە دنیای دووردەستی ڕوودەدات، پەیوەندی بەوەوە نیە، بە هەڵەیەکی گەورەدا ئەچێت. ئەو زیانەی بە شوێنێکی دوردەست دەگات، دواجار دەگەرێتەوە بۆ ناو سنووری ئەو دەوڵەتە نەتەوەییەی وای دەزانی کاریگەری لە سنووری دەسەلاتی ئەو ناکات.

تەنانەت ڕوبەڕووبونەوەی نەخۆشیەکەش ئەوەی زیاتر سەلماند کە دنیا هەمووی پێویستی بەیەکە، پێویستی بە ئاڵوگوڕی ئەزمون و وتوێژ و تەکنیکەکانی ڕوبەڕبونەوەی نەخۆشیەکەیە. بە کورتی کۆڤیدی ١٩ دوا زەربە لە پاشماوەکەنی سەروەری نیشتیمانی و سیاستی دەوڵەت نەتەوەیی ددەات و جیهانگیری ئابوری ئەگوڕێت بۆ جیهانگیریەکی سیاسی سەرتاسەری.

بێگومان ئەم تابلۆیە وەک کابوسێک وایە بۆ ئەو سیایسیە کۆنزەرڤاتیڤ و چاوچنۆکانەی بەس بەرپێی خۆیان دەبینن(هاوشێوەی ترامپ و لێکچووەکانی). ئەمجۆرە سیاسیانە ئەم دۆخە ئەقۆزنەوە بۆ ئەوەی پێداگری لە توندکردنی سنوورەکانی خۆیان بکەن و زیاتر خۆیان لە دنیادابڕن. چاوەرێش دەکرێت تەوژمێکی تری راسیسزم بەرێوە بێت کە ئەم سیاسیانە دەبنە تەشەنەکردنی. بەلام ئەوەی راستیە هیچ یەک لەم شتانە رێگەی راستەقینەی کۆتایهاتنی قەیرانی کۆڤیدی ١٩ و نەخۆشیەکانی دی نیە، بەڵکو تاکە رێگە سەیرکردنی دنیایە وەک گەردونێک کە هەموو تیایدا بەرامبەر هەموو بەشێکی بەرپرسیارین. مەسەلە تەنیا نەخۆشی تەندروستی نیە، بەلکو هەموو جۆرە نەخۆشیەکانی تر چ سیاسی و چ ئابوری وەک کۆڤیدی ١٩ کەمتازۆر کاریگەری لەهەموو جیهان دەکات. دنیای دوای کۆڤیدی ١٩ دنیایەکە کە دەبێت لە خەونی خۆشی ئەوە خەبەری بێتەوە کە ئەوەی لە دوردەست ڕوودەدات، هیچ پەیوەندی بەوەوە نیە. لەبەرئەوەش ئەوەی دەبێ روبدات، نەک پتەوبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی و گەڕانەوە نیە بۆسەروەری نیشتیمانی، بەڵکو کۆتای پێهاتنێتی بۆ عەقڵیەتێکی گەردوونی کە بەرپرسانە تەماشای هەوو ڕووداو و بەسەرهاتەکانی دنیا دەکات.


PM:08:34:27/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 3104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی