بۆچی لەرێكەوتنی گۆڕان‌و پارتی نارازیم

‌رێبین هه‌ردی‌



هاورێیەك لەفەیسبووك پرسیاری سەبارەت بە رێكەوتنەكەی گۆران و پارتی لێ كردووم و ئەڵێ بۆ پێت خراپە.. 

یەكێك تر نوسیوێتی تۆ هەر حەز دەكەیت ئاژەوه و شەر لەنێوان گۆران وپارتیدا هەبێت..كاك عەلی حەمە ساڵحیش لەوەڵامی قسەكانی مندا نوسیوێتی كە ئەوان سوچیان لەوەدا نیە كە دوو جێگر بۆ پارتی بووە و ئەوە رێكەوتنی یەكێتی و پارتی بووە..وام بە باش زانی وەلامی هەموو ئەم قسانە بەیەك جار بدەمەوە

١- خاڵی یەكجار گرنگ مەسەلەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە..شا دروشمی گۆران و راستان بوێت كورتكردنەوەی بەرنامەكەی لە یەك رستەدایە: گوڕ‌ینی سیستەمی سیاسی هەرێمە لە سەرۆكایەتی یان نیمچە سەرۆكایەتیەوە بۆ پەرلەمانی. هیچ گومانی تیا نیە ئەم بزوتنەوەیە ئێستا تەواو پشتی كردۆتەوە ئەم بنەما سەرەكیە بە بێدەنگبوون و رازیبوونی بەوەی پارتی دوو جێگری سەرۆكی پەرلەمانی هەبێت و بەمەش لە دەستەی سەر‌ۆكایەتیدا زۆرینە بێت. كاك عەلی حەمە ساڵحی ئازیز ئەڵێت ئەمە یەكێتی كردوێتی و دەستی ئێمەی تیا نەبووە و ئێمەش داوام كردووە جێگری سەرۆكی پەرلەمانمان هەبێت بەس رێكەوتنی یەكێتی و پارتی ڕێگەی نەداوە. 

دەی برام گەر ئەمە بیانوی قەبولكردنی ئەم خاڵە بێت، دەبوو گۆران بە هەموو یاساكانی دیش رازی بێت و قسە نەكات چونكە چی بكەین یەكێتی و پارتی كردویانە..

یاسای سەرۆكایەتی، یاسای ئەنجومەنی ئاسایش، یاسای خۆپیشنادان و هەموو ئەو یاسایانەی گۆران لەسەر هەر یەكێكیان تا سەر پەتەكە رۆیشت و بۆ رێگە لێگرتنی چی توانی كردی، هەروابوو یەكێتی و پارتی كردبوویان..بەس ئەو كات گۆران، گۆران بوو..بیرورا و هێڵی سوری هەبوو كە ئامادە نەبوو بۆ هیچ شتێك سازشی لەسەر بكات..گەر گۆران گۆڕانی جاران بوایە دەبوو لەسەر ئەمەش هەر وای كردبا..هەر لەسەر ئەم خالە كە بە پێی بەرنامە و دروشی سەرەكی گۆڕان گرنگترین شتە، هەڵوێستی گەو‌رەەی بنواندایە و هەر ئەم خالەش بەس بوو پاڵی پێوە نێت بەشداری لەو رێكەوتنەی یەكێتی و پارتیدا نەكات و بچێتەوە ریزەكانی ئۆپزسێۆن..دەبوو ئەو بیكاتە هەرا و بیگووتایە ئەمە تەسلیمكردنی پەر‌لەمانە بە پارتی..واتە تاكە سەرۆكایەتیەك كە پارتی بە دەستیەوە نیە، ئەویشی داگیر كرد. نەك‌ بە پاساوی ئەوەی یەكێتی و پارتی كردوویانە پاساو بۆ وازهێنانی لە گرنگترین دروشمی خۆی بێنێتەوە. برام گەر بڕیار بێت هەرچیەك پارتی و یەكێتی كردیان و ئێوە ناچار بن قەبوڵی بكەن، دەی بەخودای هەق نیە وەك بزوتنەوەی سیاسی بمێنەوە و واباشترە واز بهێنن.

١_رێكەوتنی گۆران و پارتیم پێ خراپە چونكە ئەو رێكەوتنە جگە له رێكەوتنێكی‌ نیئینشئائی و وەعدی داهاتووی كە هیچ پابەندبونێكی تیا نیە ، شتێكی تری تیا نیە. لەیادمە لە سەروبەندی كێشەی یاسای سەرۆكایەتی لە خولی پێشوودا، وەفدێكی پلە بەرزی پارتی بە سەرۆكایەتی كاك نێچیر سەردانی گردەكەیان كرد و داوایان لە كاك نەشیروانی بەهەشتیی كرد چارەی ئەم كێشەیە بكات..ئەوەی كاك نەشیروان لەو دانیشتنە بۆی گێرامەوە ئەوە بوو كە بەڕێزی گوتوێتی باشە وا ئێمە نەرمیمان نواند ئێوە لەبەرامبەردا چیمان پێ ئەدەن..ئایا یاسای سەرۆكایەتی دەگۆڕن، سیستەمەكە دەكەن بە پەرلەمانی. دەستوور چی لێ دەكەن..وەفدەكەی پارتی گوتوبوویان بۆ هەمووی ئامادەین، بەس جارێ با ئەم كێشەیە چارەسەر بكەین، دوای هەموو شتێك بەیەكەوە دەكەین..وەلامەكەی بەهەشتی روون بوو.،،ئەم بەڵێنە داهاتوویە كە هیچ گرنتێكی نیە، بەكەڵك نایەت..لە سەر هەلوێستەكەی سوور بوو،،لەسەر ئەو هەلوێستەش تووشی سەرئێشەی زۆر بوو..ئەم رێكەوتنە یەك شتی تیا نیە پابەندبوون درووست بكات و هەر هەمووی پڕە لە كۆمەڵێك بەڵێنی داهاتوویی كە پارتی و یەكێتی دەینجار تیایدا تاقی كراونتەوە كە زۆر بە ئاسانی لێی لادەدەن و پابەند نابن پێّوەی..تەنانەت ئەو خاڵەی كە سەرۆكی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرێت كاتیە..بەڕوونی هاتووە كە سەرۆك ئەمجارە لە پەرلەمانەوە هەڵدەبژێرێت تا ئەو كاتەی دەستوور دادەنرێت..واتە مەرج نیە ئەم بڕیارە بۆ هەمیشەیی بێت و زۆر ئاسان پارتی بەناوی تێپەڕاندنی دەستوورەوە،لەم خاڵە پاشگەز دەبێتەوە. گەر لەو رێكەوتنەدا بە روونی بهاتایە گۆرینی یاسای سەرۆكایەتی و كەمكردنەوە دەسەلاتەكانی و هەڵبژاردنی لە لایەن پەرلەمانەوە..ئەمە شتێكی باش بوو..بەس مادەكە وانیە بە جۆرێك نووسراوە پارتی پاش ئەم هەڵبژاردنەی سەرۆكی هەرێم بە ئاسانی لێی پەشیمان دەبێتەوه

٢- كاك عەلی گوتوێتی ئەمە رێك كەوتین هەموو شتێك بە تەوافق بێت،،،راستان بوێت ئەم بریارە هەمشە هەبووە..دەی پرسیارەكە ئەوەیە گەر بە تەوافق رێگەیەك بۆ تەوافق نەمایەوە و وەك جارەكەی دی بەیەك نەگەیشتن چی؟ خۆ جارەكەی دیش چ گۆران و چ هێزەكانی دیش هەوڵی زۆریان دا شتەكە بە تەوافق بروات،،بەس كە لە خاڵێكدا كە نەگەیشتیتە تەوافق چی دەكەیت؟ بێگومان ئەوكات هەر پەنا بۆ زورینە دەبەیتەوە و ئەمەش كارێكی راستە.

٣- هەندێك هاوڕێ زۆر بە هەلە لەمەسەلەی رق و كینە و دوژمنایەتی تێگەیشتوون..ئێمە و مانان تۆمەتبار دەكەن بەوەی بە رو ق كینە سیاسەت دەكەین و حەزمان لە نەبوونی رێكەوتنە..راستیەكەی رێك پێچەوانەیە ئەوەی دژی دوژمنایەتی ئەم هێزانە بێت و بروایەكی تەواوی بەوە هەبێت هەمیشە دەبێت دیالۆگ پێش هەموو شتێكی دی بێت، ئێمەین..گەر رەخنەشمان لەو رێكەتونانە هەبێت كە دەكرێت لەبە ئەوە نیە كە دژی رێكەوتنین، بەلكو رێك بە پێچەوانەوە لەبەرئە‌وەی زۆر بڕوامان بە ڕێكەوتن و دیالۆگ هەیە، پێمان وایە ئەو رێكەوتنانە درۆزنانەیە و راست نین. هەندێك هاورێی دی هەڵەكەیان گەورە دەكەن و وادەزانن كاتێك داوای ئەووە دەكەین گۆران بچێتە ئۆپزسێۆن، واتە داومان كردووە ببێ بە دوژمنی پارتی...هەڵەی ئەم برادەرانە ئەوەیە هەر لە كاری ئۆپزسێۆن تێنەگەیشتوون..ئۆپزسێۆن دوژمنی سیاسی نیە، بەلكو نەیاری سیاسیە كە لەرێگەی سیستمەكە خۆیەوە نارازای خۆی دەردەبڕێ..نە وەك دوژمن تەماشای هێزەكان دەكات و نە دیالۆگ و قسەكردن و رێكەوتنیش لەگەڵیاندا دەوەستێنێت..ئۆپزسێۆن بوون بەشێكە لە سیستەمە سیاسیەكە و لەهەمان چوارچێوەی سیاسیدا كارد ەكات..هێزێك كە دەبێت بە ئۆپزسێۆن بەمانای ئەوە نیە چەك دژی هێزەكانی دی هەڵدەگرێت (هەندێك‌ كەس زۆر بە هەڵە واتێگەیشتوون) بەڵكو تەنیا بەو مانایەیە كە بروای وایە ئەم یان ئەو حكومەتە لە ئاست چاوەڕوانی و مژدەكانی ئەودا نیە و لەبەرئەوە بریار دەدات چاودێر ورەخنەگر بێت بەسەریەوە و ئوبالی حوكمرانیەكە نەخاتە ئەستۆی خۆی

٤_ راستان بوێت پێدەچێت لەبری ئێمە گۆران بە رق و پەرچە كرداری بیر لێنەكراوە كار بكات..هەڵوێستی خراپی یەكێتی چ لە تەزویر و چ لە پەلاماردانەكەی دوای هەلبژاردندا وای لێ كردوون پتر سەیری ئەولا بكەن. مرۆڤ ئەوەشی لا سەیرە وەك ئەولا تەزویری لێّ نەكردبن، لەسەر خستنە بەرباسی یاسایەك پەرلەمانی لێ دانەخستبن و هەموویان ئاودیوی دێگەلە نەكردبێت. وەك ئەوەی ئەولا قەت پەلاماری هیچ بارەگایەكی گۆرانیان نەدابێت...دەی كاكی من پارتی زیاتر لەیەكێتی زۆر شتی ناشرینی دژ بە گۆران كردووە..هەلەی سیاسی ئەوەیە بە پەرچەكرداری ئەم روادانە بریاری سیاسی بدەیت. نە لەگەڵ ئەوەم مادام پارتی پێشتر هێرشی كردۆتە سەر گۆران و وەزیرەكان و سەرۆكی پەرەلەمانی دەركردووە لەگەڵی دانەنیشی و قسە بكەیت، نە لەگەڵ ئەوەشم لەبەرئەوەی یەكێتی تەقەی لە بارەگای گۆران كردووە دەرگای دیالۆگ دابخەیت..گۆران ئەبێت ئەو شتانە بكات كە خۆی دەیەوێت نە لەبەر خاتری پارتی و نە لەبەر خاتری یەكێتی، نە دژی پارتی و نە دژی یەكێتی.،.تەنیا ئەو شتە بكە كە بەرنامەی سیاسی خۆتە. 

من وای دەبینم گۆران هچ پاساوێكی مەنتقی و قەبوڵكراوی بۆ ئەم رێكەوتنە نیە، ئەوە نەبێت بەراست ئەمجارە برادەرانی پارتی زۆر سەخی بوون و بە ١٢ كورسیەوە پۆستی وای داونەتێ كە بە ٢٤ كورسیەكەوە وەریان نەگرت. بەداخیشم هێزێك ئەو هەموو حەماسەت و خەڵكەی لێ كۆبۆوە تەنیا لەبەرئەوەی ئەم ئیغرائاتانە لاوازی ناكات، وا ئێستا بێدەنگ و رازی و تەبایە لەگەل هێزگەلێكدا كە یەك ئاماژەش نیە پێمان بڵێت گۆرانیان بەسەردا هاتووە..من ماوەیكی زۆر هاوڕێ و هاوكاری نزیكی گۆران بووم و هەموو سەركردە و هەلسوراوەكانیانم هاوڕێمن وبەخودای خۆشم دەوێن، هەر ئەوەندەم لە دەست دێت هیوای سەركەوتنیان بۆ بخوازم و هیوداریشم من لەم بۆچونانەدا هەڵە بم و ئەوان راست بكەن. ئەوەی من دەیبینم و هەستی پێدەكەم ئەم گۆرانە ئەو گۆرانە نیە كە دەمانناسی و بە حەماسەتەوە هەموو پشتگیریمان كردن.


PM:04:54:23/02/2019

ئه‌م بابه‌ته 7068 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی