دەنگی منیش بەڵێیە

‌رێبین هه‌ردی‌


من زۆر باش لە نیاز و بوچوونی هەموو ئەو هاوڕێیانە تیئەگەم کە چ لەبەرەی نەخێرن و چ لەبەرەی داواکاری بۆ دواخستنی ریفراندۆم..بۆ ئەمەی دوهەم منیش هاوڕا بووم کە رەنگە ئەمە دۆخێکی باش نەبێت بۆ ریفراندۆم چونکە: هیچ کات دۆخی ئابوری کوردستان هێندە خراپ نەبووە، هیچ کات هێزەکان هێندە لەیەک دوور و دژ بەیەک و ناحەزی یەک نەبوون..پارتی و بنەماڵەی بارزانی بەتایبەتی، بەجۆریک قۆرخی هەموو پێگە سەرەکیەکانی وڵاتیان کردووە کە گەیشتۆتە ئەوەی تەنانەت بە یەک قسەی ئەوان پەرلەمان دابخرێت کە بەدڵی ئەوان قسە ناکات، و بشکرێتەوە کە بەدڵی ئەوان پەنجە بەرز ئەکاتەوە..بی درۆ پەرلەمان زۆر لە مەجلسی تەشریعی سەردەمی جاران ئەچێت کە قسەکەر و بریاردەر و ڕێگەگر و رێگەخۆشکەر هەر یەک هێزە پارتی یان راستر بنەماڵەی بارزانی. 

وەک چەندان جاری دیش گوتوومە بە یروای من هیچ کەس هێندەی مەسعود بارزانی ئەو کۆڵەکە سەرەکیانەی لەناونەبردووە کە بۆ بونیادنانی دەوڵەت پێویستە..هیچ سەرکردەیەکی کوردیش هێندەی ئەو کورسی خۆشەویست نەبووە کە ئامادە بیت خەونی دەیان ساڵەی ئەم گەلە بە حوکمڕانیەکی دیموکراتەوە لەناو ببات کە دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی تێدایە، سەرۆکی هەمیشەی و سەرۆکی فەرماندە (خوا بیپارێزێتی تیا نیە)، کە وێنە و پەیکەرەکانی لە هەموو کونجێکدا بە زۆر هەڵناواسرێت..کە پەرلەمانێکی چالاکی تێدایە، کە ئۆپزسێۆنی سیاسی تیایە و وڵات کورت ناکتەوە بۆ حیزب و لق و پۆپەکانی، کە سامانی وڵات نابێت بە دەخیلەی تایبەتی بنەماڵەیەک، بە کێی ویست، ئەیبەخسێت و کێشی نەوسیت لێی مەحروم ئەکات.

ئەمانە هەمووی راستن و لە دوای ئەوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانیش بەم ئاراستە ناشرینەی حوکمڕانی هەنگاویان ناوە، هیچ درێغیمان لە دژایەتی و ناڕازیبوون بەرامبەری نەکردۆتەوە و ناکەین..بەڵام ئەوەی بەڕاستی نازانم ئەوەیە وابزاین ریفراندۆم بۆ بەڵی گووتنە بەم هێزە..ریفراندۆم پرس و بۆچونی گەڵیکە بۆ پێکەوە ژیان لەگەڵ گەڵیک و حوکمرانیەکی بێگانەدا..پرسە لەبارەی ئەوەی ئایا عێراق جێگەیەکی باشە بۆ ئەوەی کوردستان بە ئارامی لەناویدا بژی یان نا..ئەم پرسە یەکجار جیاوازە لەوەی لەسەرەوە باسمکرد..جیگەی راستەقینەی دژایەتی حوکمرانی خراپی کوردستان هەڵبژاردنەکانی هەرێمە نەک ریفراندۆم..کی وەک من ئەم حوکمرانیەی پی خراپە، رێگەکەی ئاسانە..لە هەڵبژاردندا دەنگ بەو هیزانە نەدات کە بە بڕوای خۆی باش نەبوون.

بەلام ریفراندۆم بۆ ئەمە نیە..بۆ پرسکردنە بەرامبەر بەوەی ئێمە لە عێراقدا لە کوێداین و چیمان ئەوێت..ئایا ئەم دەوڵەتە گرەنتی ئەوەی هەیە بە ئاشتیانە لەناویدا بژین و مێژووی خۆمان وەک چۆن ئەمانەوێت بەسەر بەرین. وەلامی من بۆ ئەم پرسیارە ڕوونە..نە رابردوو و نە ئیستا و نە داهاتوو هیچ ئاماژەیەک نابینم لە عێراقدا ئەوەم پی بڵیت کە ژیانی داهاتووی ئێمە لەناو ئەم دەوڵەتدا پاریزراوە..گەر حوکمرانی ئێمە خراپ و گەندەڵ و بێ کەڵکە..ئەوا حوکمڕانی بەغدا سەرباری هەموو ئەم کەموکوڕیانەش، ئێمە بە جەستەیەکی نامۆ و نەخوازواو ئەزانن کە شایسەتی ئەوە نین هیچ مافێکمن تیایدا هەبێت..مالکی دوێنی بوو بە ئیسرائیلی دوهەمی شوبهاندین..هەر ئەم شوبهاندنە بەسە بۆ ئەوەی بزانین وینەی ئێمە لای زوربەی هێزە عێراقیەکان چۆنە..گەرچی وەک مالکیش بە ئاشکرا نەیڵین. 

سیاسەت و هەنگاوەکانی پارتی خراپ وبێ کەڵکن، بەڵام ئەتوانم دژ بۆستم و قسە بەکەم و دەنگی پێ نەدەم..بەلام سیاسەتەکانی عیراق دژی ئێمە بە قسەکردن وململانێ و دژایەتی مەدەنی ناوەستێت، بەڵکو هەر کات بۆیان کرا بە ئاگر و ئاسن ڕوبەرومان ئەبنەوە..دژی هەرچی ناشرینی ناوخۆیە بەردەوام ئەتوانین هەڵوێست وەربگرین، دژی بۆستین، هەندێکجاریش رایوەستینین. چاکی بکەین. یان خراپی بکەین...هەموو ئەگەرێک لەبەردەماندا کراوەیە..بەڵام لەگەل دەوڵەتیکدا کە بەردەوام بە ئاگر وئاسن وەڵامی پرسەکانی داوینەتەوە هیچ متمانەیەکم نیە..دڵم هیج بە پەرلەمانی عێراقیش خۆش نیە..بزانە شیعە و سونە چ شەڕیکی خوێناوی و چ ململانیەکی گەورەیان لەنیواندا هەیە، کەچی کە دێتە سەر مەسەلەی کورد هەر هەمویان بەیەک دەنگ و یەک بەرە دژمان رائەوەستن. 

لەنیوان مانەوە لە عێراق و سەربەخۆیدا، بێ دوو دلی سەربەخۆیی هەڵئەبژێرم.

ریفراندۆم پەیامی گەڵیکە بۆ درەوەی خۆی. لەو کەسانەمە بڕوام بەوە هەیە ململانی و ناکۆکی ناوخۆمان بۆ خۆمان و کە ناحەزەکانی کوردیش هاتنە بەرامبەرمان یەک دەنگ و یەک ڕیز بین..لەبەر هیچ نا لەبەرئەوەی ناحەزەکانی کوردستان کە دێن دەست بۆ مافی یەک بەیەکی ئەم گەلە ئەبەن نەک بۆ هیزێک بە دیاریکراوی..

هونەر تۆفیق : ‌ بۆ برای زێدە هێژام ڕێبین هەردی



AM:09:24:20/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 32261 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی