سلێمانی بۆچی بووەتە قوربانی

‌هەستیار غەمگین

لەوکاتەوەی سلێمانی بووەتە چەقی ململانێ سیاسییەکان ئەوەندەی کار لەسەر پەککەوتنی پڕۆژەو وێرانکردنی شەقام و شۆستەو رێگەوبانەکانی کراوە، ئەوەندە کێبڕکێ لەسەر جوانکردنی نەکراوە بۆیە دەبینرێت بەراورد بە هەولێر و دهۆک کە لەوێ ململانێی حزبی کەمترە هەستدەکرێت پاشەکشەی تەواوی کردووە.

لە سەردەمی دانای ئەحمەد مەجید، پارێزگاری پێشووتری سلێمانی تا ئەوکاتەی بزووتنەوەی گۆڕان دەرنەکەوتبوو کارەکانی بەباشی دەڕۆی ئەمە (سەرەڕای کەموکوڕی)ییەکانی، بۆ چارەسەری قەرەباڵغی شار بڕیاری دروستکردنی چەند بەرزەپردێک و ئەندەرپاسێکی دەرکردبوو، بەڵام دوای ئەوەی وازیان پێ لە پۆستەکەی هێناو بەهرۆز محەمەد قەشانی، کرایە پارێزگاری سلێمانی، سەرجەم ئەو پڕۆژانە هەڵوەشانەوە و سەرلەنوێ بە پلان بەرنامەی خۆی دەستی بە کارکردن کرده‌وه‌.

کێشەی ئەمشارە ئەوەبووە پارێزگارەکانی ئەوەندە زۆر بوون و ماوەکەیان کەمبووە جێگەیان لەسەر کورسیەکانیان گەرم نەبووە کە چۆڵیان کردووە.

رێککەوتنی یەکێتی و گۆڕان لەسەر بەڕێوەبردنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی دوو ساڵ بە دوو ساڵ یەکێکی تر بوو لە هۆکارەکانی دواکەوتنی ئەمشارە، چونکە پارێزگارێک ناتوانێت لە ماوەی دوو ساڵدا ئەو بەرنامەو خزمەتەی هەیەتی جێبەجێی بکات، جا لە دۆخێکی سیاسیی وەک سلێمانیشدا.

ئێستا کە د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانییە، رەنگە بەرنامەی هەبێت بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری ئەمشارە بکرێت، بەڵام لەولاشەوە رکابەرەکەی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستانەو لە دوای هەڵبژاردنی ئەیلولی ساڵی رابردوو توانی زۆرینەی زۆنی سەوز بەدەست بهێنێتەوە، هەروا بە ئاسانی لێناگەڕێ ئەو پڕۆژانە ببنە دەستکەوت بۆ پارێزگارەکەی گۆڕان و دواتر لە هەڵبژاردندا بیکەنه دەستکەوتی خۆیان، بۆیە ئێستا کاتێک پڕۆژەیەک لە سلێمانی جێبەجێ دەکرێت ئەوەندەی دەکرێتە دەستکەوت بۆ جێگری سەرۆک وەزیران که یەکێتییە، ئەوەندە نابێتە دەستکەوتی پارێزگار کە گۆڕانە.

ململانێی سیاسی ئەگەر تەنیا لە پێناو خزمەتکردنی شارەکە بێت کارێکی تەندروستە و هاوڵاتییانیش سوودی لێدەبینن، بەڵام لێرە پێچەوانەکەی روویداوە، دیارترین نموونەش داهاتی چوار ساڵی رابردووی هاتوچۆی سلێمانییە کە زیاتر لە 50 ملیار دینار بووە، یەکێک لەو بابەتانەش کە بەرپرسانی ئەمشارە بەردەوام بەهۆکاری دواکەوتنی شارەکەی دەزانن ئەوەیە کە حکومەت وەک پێویست بودجەی بۆ پڕۆژەکانی ئەمشارە خەرج نه‌كردووه‌ به‌راورد به‌ شاره‌كانی دیكه‌، لەکاتێکدا ئێمە رۆژێک لە رۆژان نەمان بیست کە بەرپرسانی ئەمشارە بڵێن ئەوە داهاتی ئەم مانگەی سلێمانی نادەینە حکومەت و خزمەتی شارەکەمانی پێدەکەین له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌وه‌ی حكومه‌ت فه‌رامۆشی كردووه‌، ئەوکات ئەگەر قسەکەی ئەوان راست بوایە حکومەتیش شەرم دەیگرت و بودجەی سلێمانیشی وەک دهۆک و هەولێر خەرج دەکرد.

من پێم وانییە پارتی و حکومەتی هەرێمیش خەتباری سەرەکی دواکەوتنی سلێمانی بن، ئەوەندەی خودی گۆڕان و یەکێتی خۆیان هۆکارن، جا ئەگەر ئەم دوو حزبە لە پێناوی بووژاندنەوەی ئەمشارە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر واز لەو ململانێ ناتەندروستە بهێنن و پەڕەیەکی نوێ هەڵبدەنەوە و پێکەوە خزمەتی ئەمشارە بکەن، ئەوکات هەم شارەکەیان کە پێگەی جەماوەری خۆیانە پێشدەکەوێت هەم هەلی کاریش بۆ گەنجەکانی دەڕەخسێت، ئەمشارە بۆ هەستانەوەی پێویستی بەکاری پێکەوەیی هەیە، لە ململانێی ناشەریفانە بێزار بووە و تاقەتی چووە، با ئیتر ئاوڕی جدی لێبدرێتەوە و هەموان کار بۆ هەستانەوەی بکەن.


PM:05:35:24/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 3736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی