ئاگرەکەی بازاڕی لەنگە و چەند سەرنجێک

‌هەستیار غەمگین

 بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 25ی تشرینی یەکەمی 2018 ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە و لە دوو هەزار و چوارسەد دوکان هەزار و سەد دوکانی سوتان و زیانێکی زۆری مادی بەر دوکانەکان کەوت.

بازاڕی لەنگە کۆنترین بازاڕی شاری هەولێرە خاوەنی دوکانەکانی کەسانی هەژار و دەست کورتن، سوتان یان سوتاندنی دوکانەکان کارێکی تا بڵێی بێ ئینسافی و نا ئەخلاقی و نا ئینسانیە، ئەگەرچی تا یەکلایی بوونەوەی پرسەکە باش نییە تۆمەت بەخشینەوە بە هیچ کەس و لایەنێک.

ئەوەی لێرەدا گرنگە بوترێت ئەوەیە حکومەتی هەرێم و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر ئەم پرسە بێنە سەرخەت و قەرەبووی ئەو خەڵکە داماوە بکەنەوە و نەیەڵن تووشی زیانی گەورەی مادی ببن.

ئەوەش جێگەی خۆشحاڵیە کە سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق لەسەر ئەو پرسە هاتوونەتە سەر خەت و هەنگاوەکان بەو ئاڕاستەیەن کە خەڵکانی هەژاری ئەو بازاڕە قەرەبووی مادی بکرێنەوە و دوکانەکانیان بنیات بارێتەوە نەک بکرێت بە مۆڵ و بازاڕی دیکە.

بانێک و دوو هەوا

دەربڕینی هەستی پێناخۆشحاڵی بەو کارەساتە کارێکی مرۆیی و هەستێکی جوانی نیشتمان پەروەرییە، کە خەڵکی بەبێ جیاوازی ناوچە گەرێتی هاوخەمی خۆیان بۆ ئەو رووداوە دەربڕن، بەڵام نەک بەداخەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان ئەم پرسە بە سیاسی کراوە و خەتاکە دەخەنە ئەستۆی حزبێکی سیاسی باڵادەستی شاری هەولێر، ئەم جۆرە رەخنەیە نە دارێک دەخاتە سەر بەردێک و نە دڵی ئەوخەڵکە هەژارەی بازاڕی لەنگەش ئاوی پێدەخواتەوە و کوڵی دەروونیان خامۆش دەکات، بەڵکو بەنزین بە ئاگری دووبەرەکیدا دەکات.

لە سلێمانی کەم نین ئەو بازاڕ و دوکانانەی بەهۆی شۆرتی کارەباو هۆکاری دیکەوە سوتاون، کەم نین ئەو گەڕەک و ماڵانەی بەهۆی رووداوە سرووشتیەکانی وەک لافاو و بارانەوە زیانیان بەرکەوتووە، بەڵام کامەیان قەرەبوو کرانەوە؟.

چەند ساڵێک لەمەوبەر لافاو لە کۆڵانێکی ناوچەی قولەرەیسی شاری سلێمانی نزیک لە سەرچناری داو هاوڵاتیانی ئەو کۆڵانە کە زیاتر لە 15 ماڵ دەبوون هەموو کەلوپەلەکانی ناوماڵیان کەوتنە ناو قوڕ و لیتەوە و هیچیان بۆ دەرنەچوو.

ئەگەرچی لیژنەی قەرەبووی رووداوە سروشتییەکان سەردانی ئەو ماڵانەیان کرد و زیانەکانیان خەمڵاند، بەڵام ئێستاشی لەگەڵ بێت هیچ کام لەو ماڵانە قەرەبوو نەکرانەوە.

فرەیی هێزە سیاسییەکان لەسنووری پارێزگای سلێمانی وایکردوە ئەمشارە لەچاو شارەکانی تر لە رووی خزمەتگورزارییەوە زۆر دوابکەوێتک چونکە ململانێی نێوان لایەنەکان ئەوەندەی کاریان لەسەر پەککەوتنی پڕۆژەکان و دواخستنی شارەکە کردوە ئەوەندە خزمەتکردن نەبووە بۆ راکێشانی جەماوەر بەلای خۆیاندا، بۆیە ئێستا لە بابەتی سووتانی بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر، ئەوەندەی زوڕنا لێدانەکەی لای خۆمان سیاسییە ئەوەندە هاوخەمی نییە بۆ کاسبکارانی بازاڕی لەنگە.


PM:03:11:26/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 4033 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی