‌چاكسازی وەهمی گۆڕان
PM:04:33:05/07/2020
سەردار قادر

ماوەیەكە لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، زاراوەی چاكسازی كۆی میدیاكانی گرتۆتەوە، چاكسازی بۆتە ئەو مەنزڵگایە كە هەموانی لە چاوەروانیدا ئەژێنێ، چاكسازی ئەو خەونەیە، ئەو ئومێدەیە كە كۆی دەنگەكان ئەیبەخشنەوە بە سەرماندا.

هەموان وا دەرئەخەن كە كابینەی نوێ كابینەی چاكسازییە، وامان لێكرا كە بە جۆرێك تێ بگەین كە ئەم كابینەیە دابڕاوە لە كابینەكانی پێشوو، بە جۆرێك دەریانبڕی ئەڵێی كابینەكانی پێشوو ئەم حیزبانەی تێدا نەبووە، یان ئەمان لە هەسارەیەكی ترەوە هاتوون و نە كەسەكان نە حیزبەكان ئەوانەی پێشوو نین، هەموان رۆژانە نان و چاكسازییان ئەداینێ، بەس دەر ئەنجام نان بڕا و چاكسازی بەردەوامە !!!!

ئازارت بوو ئەوە چاكسازی بەڕێوەیە؟؟، گیرفانت مووچەی نەدی بەرگە بگرە چاكسازی بەڕێوەیە؟؟، كۆرۆنا بڵاو بووەوە، گوێ مەدەرێ چاكسازی بەڕێوەیە؟؟، كارمەندانی تەندروستی شەوو رۆژ لەبەرەی پێشەوەی بەرگریدان، چەند گیرفانیان بەتاڵ بوو ، ئەبێ بەردەوام بن ، ئەوان چاوەڕێی چاكسازین، هێزەكانی ناوخۆ بەتایبەت هاتوچۆ سەر شەقامیش نەبیت ئەوان خەونی چاكسازی ئەیانبەن بەڕێوە؟؟

هەر قەڵەمێك پرسیاری كرد دەربارەی كێشەو گرفتەكان ، بە كەسی خیانەتكار باس ئەكرێت ئاخر چاكسازی بەڕێوەیە، گومان لەسەر كابینە و كەسەكان خیانەتی نیشتیمانیە؟؟، ئەم چاكسازییە دەرمانی هەموو دەردێكە، ئەم چاكسازیە ئومێدە بۆ هەموو خەونەكانمان، ئەوەی گومان بكات لەم پرۆسەیە، ئەوە بەدەرە لە هەستی نیشتیمانی ...

چاكسازی پاشەكەوتی موچەی كردە كورتهێنان و بڕێك موچەی بری لە موچەخۆران، چاكسازی لە هەموو شوێنێكی وڵاتدا بەردەوامە تەنها بۆی نییە باس لە دەروازە سنوریەكان بكات، ئەوێ بۆ دەرباری سوڵتانەكان بەردەوامە.

نەوت ئەو وەهمەیە كە ئەبێت هەر شاراوە بێت و چاكسازی نایگرێتەوە، گۆڕان لە كابینەی پێشوو هاتە دەر ، یان راستر وەدەر نا، لەم كابینەیە بە دوانزە كورسیەوە بڵندگۆی چاكسازیە؟؟، گۆڕان بیرمان ئەباتەوە كە كابینەی پێشوو هەر زۆرینەی پارتی و یەكێتیە، هی ئێستا هاتووی هەسارەیەكی ترن.

گۆڕان كشانەوە بە عەیبەیەكی گەورە ئەبێنێ، بەردەوامی بە زەروورەتی بابەتی ئەبینێ، چاكسازی بە موڵكی خۆیان ئەبینن جا بكرێت یان نا؟؟، گرنگە چاكسازی دروشم بێت ئیتر بێتە دی یان نا گرنگ گۆڕان داوای كردووە، سەنگەر چۆڵ ناكەن ، باوەریان وایە چاكسازی نابێت ببەسترێتەوە بە خشتەی زەمەنی.

گۆڕان تا ئێستا وەهمی پاكێج ئەیبات بەڕێوە، گرنگ نیە چی دێتە دی؟؟، گۆڕان پۆستەكان وەرگرێت یان نا ، گرنگ  بەردەوامیە لە بەشداری، ئەكرێت بوترێت وەهم بۆتە راستی لای گۆڕان؟؟، ئەم هەرێمەی ئێمە خەڵك هەژار، حكومەت قەرزار ، حیزب دەوڵەمەند، كەسە باڵا دەستەكان زیا دەوڵەمەند، چاكسازیش ئەو وەهمەیە كە ئەیانەوێت بكرێتە ئومێدی گشتی.

ئەكرێت حیزب و كەسە باڵا دەستەكان وەك سەرەتا ببنە پشت بۆ حكومەت تا ئەوانیش خەمێك لە خەڵك بخۆن، بڕینی موچە و نەدانی موچە لە دوو مانگدا و دانوسان لەگەڵ بەغداد بە بەردەوامی، ئەمە سەرەتای چاكسازییە؟؟، ئایا هەڵوەشاندنەوەی كابینە و پێكهێنانی حكومەتی كاتی رێگە چارە نییە؟؟

ئایا باسكردن لە هەرێمی تر بۆ ببێتە خیانەتی نیشتیمانی؟؟، لامەركەزی بۆ پێچرایەوە؟؟، ئایا  پارتی و سەرۆكی حكومەتەكەی كەی لە ناكۆكی كابینەی پێشوو دەرباز ئەبێت ؟؟، ئایا یەكێتی بۆ لە هەولێر بەشدارە لە حكومەت و لە سلێمانی وەك ئۆپۆسزێۆن دەرئەكەوێ ؟؟، هەموو وەڵامەكان وەهمێك ئەیبات بەڕێوە ئەویش بەرگە بگرن چاكسازی بەڕێوەیە؟؟؟؟





هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.