گۆڕان دەتوانێت هەموان کۆبکاتەوە؟

‌سەردار قادر

ئەم قۆناغە وەك ئەوترێت قۆناغێكى هەستیارە لە هەرێمى كوردستان، دانوستانى لایەنەكان بە تایبەت نێوان پارتى و یەكێتى لە هەندێ جومگەدا گەیشتۆتە بەربەست!

گۆڕان لە ئێستادا رێكکەوتنى سیاسى هەیە لەگەڵ پارتى، رێكەوتنى دەباشانى هەڵپەساردوە، لەگەڵ لایەنەكانى پێشوى ئۆپۆزسێۆن، پەیوەندیەكانى لە هەڵبەزەو دابەزەدایە.

ئەوەى گۆڕان كردویەتى هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێمى هێناوەتەوە ناو پەرلەمان، دەستكەوتە بۆ پرۆسەى سیاسى و دەسەڵاتەكانى سەرۆكى بەستۆتەوە بە نوسینەوەى دەستور لە داهاتودا
گۆڕان ئەوەى كردویەتى هەڵبژاردنى سەرۆكى هەرێمى هێناوەتەوە ناو پەرلەمان كە ئەمە دەستكەوتە بۆ پرۆسەى سیاسى و دەسەڵاتەكانى سەرۆكى بەستۆتەوە بە نوسینەوەى دەستور لە داهاتودا، ئەوەى كە ونە بونى متمانەیە بۆ داهاتو كە ئایا پرۆژەى چاكسازى لە تەمەنى كابینەدا دەست پێ ئەكات ئەوە پرۆسەیە؟

ئەوەى ونە كە لە سنورى سەوز و نیللى لە داهاتودا چى رو ئەدات، ئایا رێكکەوتنى یەكێتى گۆڕان بۆ حكومەتى خۆجێى چى لێ دێت؟ پرسیار لێرەدایە كە ئایا گۆڕان بۆ نابێتە مەنزڵگاى رێکكەوتن بۆ هەموان؟ ئایا گۆڕان بۆ ئەو رۆڵە نابینێ؟ گۆڕان بۆ نابێتە سەنتەرى بە یەكگەیاندنى زۆرینە و كەمینە؟

گۆران خاوەنى رێكکەوتنێكە لەگەڵ پارتى بۆ كابینەى داهاتو و بۆ مەسەلەى سەرۆكى هەرێم، لەهەمان كاتیشدا خاوەنى رێكکەوتنى دەباشانە كە تەجمید كراوەو خاوەن رێكکەوتنى حكومەتى خۆجێیە، لە رابردوشدا خاوەنى پرۆژەى چاكسازییە لەگەڵ كۆمەڵ و یەكگرتو.

بەم هەمو رێکكەوتنەوە كەواتە ئەكرێت بوترێت گۆڕان لە تواناو هزریدایە لە گەڵ كۆى لایەنەكان بگاتە ئاستى رێكکەوتن.

گۆران بزاوتى قۆناغەكەیە بۆ ئەو رۆڵە نابینێ؟
گۆڕان توانیوێتى خاڵى هاوبەش لەگەڵ زۆرینەى لایەنەكان بدۆزێتەوە و پرۆسەكە بەرێتە پێشەوە، بۆ ناكرێت لە ئێستادا كردنەوەی گرێ كوێرەكان لاى گۆڕان بێت؟

رەوانشاد نەوشیروان مستەفا كە ركابەرى زۆر لایەن بوە لە پرۆسەى سیاسى، بەڵام لە مێژوییەكى نزیكدا بیرمانە ئەندازیاری زۆر رێكکەوتن بوە هەر لە پرۆژەى چاكسازییەكان بۆ رێكەوتنى دەباشان، هەر خودى خۆى بو كە ناكۆكى ناو باڵەكانى ناو یەكێتى رائەگرت، بۆ رێكکەوتن لە گەڵ پارتى و چونە ناو حكومەتەوە، هەر خودى خۆى بو كە سەركردایەتى سیاسى بەرەى كوردستانى متمانەى گەورەیان پێ دا لە نوسینەوەى دەستور لە عێراق.

گۆڕان خاوەن خەمى شەقام و خەمى پێویستیەكانى هاوڵاتیان و خاوەن گوتارى حكومرانى دادپەروەرە، بۆ ئێستا نەتوانێت هەموان لە سەر مێزى خۆى بەیەك بگەیەنێت؟
گۆڕان خاوەن خەمى شەقامە، خاوەنى خەمى پێویستیەكانى هاوڵاتیانە، خاوەن تێزى چاكسازییە، گۆڕان لە دروست بونیەوە خاوەن گوتارى حكومرانى دادپەروەرە، بۆ لە ئێستادا نەتوانێت هەموان لە سەر مێزى خۆى بەیەك بگەیەنێت؟ چى ئەبێت گەر ئەو گرێ كوێرەكان بكاتەوە؟ گەر پۆستەكان كێشەى داهاتوە لە نێوان یەكێتى و پارتى، گۆڕان ئەتوانێت بۆ زامن كردنى هاوسەنگى، بۆ زامن كردنى تەوافقى گشتى واز لە هەندێك پۆست بهێنێت كە ئیستیهقاقى خۆیەتى؟

گۆڕان ئەوەندەى خەمى تاكى كوردیەتى ئەوەندە خەمى ئەم پۆست یان ئەو پۆستى نیە، زۆر ئاساییە كە گۆڕان ببێتە مەنزڵگاى رێكکەوتن، ببێتە شوێنگەى سازانى نیشتیمانى! قوربانى بە دەستكەوتى حیزبى لاى گۆڕانەوە ئەیكاتەوە خەمخۆرى گشتى وەك چۆن زاراوەى باوكى هەژاران بە رەوانشاد كاك نەوشیروان درابو ئەكرێت گۆڕان ببێتەوە خەمخۆرى گشتى هاوڵاتیان.

گەر گۆران متمانەى نیە بە هەندێ لایەنى سیاسى و ئەزمونى خراپى لا ماوە لەگەڵ ئەو لایەنانە، خۆ ئەكرێت گۆڕان بۆ ئامانجە گشتیەكە دیسانەوە ئەوە زامنى دروست بونەوەى متمانە بێت .بۆ شەقام و داواكارى رەوایان، بۆ هێنانە دى هێمنى سیاسى و بۆ هێنانە دى سازانى نیشتیمانى، بۆ هێنانە دى كەنارى هێمن بۆ هەموان، گۆڕان ئەتوانێت رۆڵى گەورە ببینێت. 

گۆڕان ئەتوانێت ببێتە چارەسەر .گۆران بەشێك نەبوە لە قەیران، بەڵام ئەتوانێت بەشێكى گەورە بێت لە چارەسەر.


PM:04:29:02/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 3040 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی