دوو کۆمێنت: (قسە هەزارە دوانی بەکارە)

‌هۆشیار عەبدوڵا


قسەی یەکەم : سەرانی پارتی و یەکێتی بە تەزویر جارێکی تر شەرعیەتیان دایەوە بە خۆیان ، هەردولایان باش دەزانن ، بەو هەمو پارە و ئیمکانیاتەوە خەڵک چەند دژی خۆشیان و هەڵبژاردنەکانیش بوو ، پێشتر وتمان تەزویر و بایکۆت مەترسین و هەردوکیشیان کاریگەری و مەترسی گەورەی خۆیان تا چوار ساڵی تر جێکەوت دەکەن ، ئەوانەی بایکۆتیان کرد خەڵاتێکی گەورەی سەرانی پارتی و یەکێتیان کرد و حزبەکانی تریان سزا دا ، ئیدی تا چوار ساڵی تر ئەبێ چاوەرێی لوتفی ئەو دو حزبە بن بزانن بە دەنگی ساختە و بە نەچونیان بۆ دەنگدان چیان بۆ دەکەن و نەتیجەکەی چیی دەبێت ؟!.

قسەی دوەم : جگە لە هۆکاری تەزویر هەڵە ستراتیژیەکانی گۆڕان کە هۆکاری دابەزینی دەنگەکانی بوە لە نەخۆشکەوتنی کاک نەوشیروانەوە تا ئێستا دیارن ، لە هەموشیاندا دیارە کێن ئەوانەی ئەندازیاری ئەو هەڵانە بون و کێشن ئەوانەی قورگیان کەوت و گوێیان لێ نەگیرا هەموشی لە غیابی فکرێکدا کە ریشەییانە دژی فکری چەتەیی و بازرگانی قەومی یەکێتی و پارتی بوەستێتەوە ( لە بەشداری لە حکومەتەوە تا درەنگ کشانەوە لە حکومەت و بەڵێ بۆ ریفراندۆم و سیاسەتی جۆلانێ لە نێوان یەکێتی و پارتی و سیاسەتی دەستەگەری و ئێسقانشکاندنی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و قبوڵنەکردن و گوێنەدان بەرەخنە ) ، لێرەوە ئەوە گۆڕان نیە کە دەبێت داوای لیبوردن بکات ، داوای لێبوردن کردن بەناوی جڤاتەوە ونکردنی بەرپرسیارێتیە و پاککردنەوەی ئەستۆی ئەوانەیە کە لە دو هەڵبژاردندا بونەتە هۆکاری دابەزینی دەنگەکان ، دەبو زۆر بەرپرسیارانە بە پلەی یەکەم رێکخەری گشتی و پاشان ئەندامانی خانەی راپەراندن بەرپرسیارێتی شکستەکەیان هەڵبگرتایە. شکستی ئەوانیش لە نا دڵسۆزیانەوە نیە بۆ گۆڕان ، لە باوەر نەبونیانە بە گەڵاڵەکردنی فکر و جیهانبینیەک کە نەچێتەوە سەر هەمان جۆگەلە داخراوەکەی فکر و تێگەیشتنی سەرانی یەکێتی و پارتی بۆ تاک ، بۆ نەتەوە ، بۆ کۆمەڵگە ، بۆ دەوڵەت.

کە وەک سەرانی یەکێتی و پارتی بیر بکەیتەوە و سیاسەت بکەیت ، چاوەرێ مەبە خەڵک بە گۆڕانت بزانێ و ئومێدی پێت هەبێت ! 


PM:03:49:21/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 5350 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی