ئایا گەڕانەوەی پارە دزراوەكانی عێراق قەیرانی دارایی چارەسەر دەكات.؟

‌لوقمان مصطفی صاڵح


نكوڵی لەوە ناكرێ كە بەھۆی  پێشكەوتنی تەكنەلۆجیاوە ژیان و گوزەرانی خەڵك گەشەسەندنێكی  بەرچاوی بەخۆوە بینیوە و چەندین كارئاسانی كردووە بۆ ڕاییكردنی كاری ڕۆژانەو مامەڵەی بازرگانی، لەزۆربەی بوارەكاندا خزمەتێكی زۆری بە مرۆڤایەتی كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەم هەموو لایەنە ئەرێنیانەشدا بێگومان لایەنی نەرێنیشی هەبوە.

بەتایبەتی لە ووڵاتێكی وەكو عێراق كە لەپشت یاساوە و بە فێڵ و تەڵەكەبازی چەندین تاوانی دزی و گەندەڵی  ئەنجام دراوە، وەك ئەنجامدانی تاوانی شۆردنەوەی پارەو دزین و بە ھەدەردانی سامانی گشتی كە كاریگەری نەرێنی بەسەر كۆی سێكتەرەكانی وەك (ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی و سەرجەم جومگەكانی وڵاتی) بەرەو  ئیفلیج بوون بردووە و كاریگەری خراپی بەسەر كەرتی تایبەت و گشتی و  تەنانەت كاریگەری بەسەر لایەنی ئەخلاقی و تەواوی پیرۆزیەكانی كۆمەڵگاوە هەبووە.

 ھەر وەك ئەو بڕە پارەیەی كە لە عێراقەوە رەوانەی دەرەوە كراوە لەساڵی ٢٠٠٤ەوە كاریگەری بەسەر كەرتی ئابوری ووڵاتەوە ھەبووە،لە ھەموو بوارەكاندا، تائێستا زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دۆلارو ھەرێمی كوردستانیش زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار داھاتیان ھەبووە، زۆربەی زۆری ئەم پارانە دیار نییە، یان ئاسەوارێكی بەژێرخانی ئابوورییەوە نییە، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە ئەم پارانە بە شێوەیەكی نایاسایی براونەتە دەرەوە.! كە بێگومان ئەم بڕە پارە دزراوە بە دیكۆمێنت لە بەردەستی  دەستەی دەستپاكی و ئەنجومەنی روبەروبونەوەی گەندەڵی عێراقدا ھەیە.ھەر وەك ھەردوولایان رایانگەیاندووە كە دۆسیەی گەڕانەوەی پارە دزراوەكان پێویستی بە ئارامگرتن و پشوودرێژی هەیە، بە جۆرێك گەڕانەوەی بەشێك لە پارەكان پێویستی بە زیاتر له ‌50 ساڵە.!

بەڵێنیشیان لە ھەر یەك لە فەرەنسا و ئیمارات وەرگرتوە و گوایە ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی هاوكاری عێراق بكەن لە گەڕاندنەوەی پارەكان كە بەگوێرەی ھەندێك بەڵگەو سەرچاوە، بڕەكەی دەگاتە سەدان ملیار دۆلار كە  براوەتە دەرەوە و لەھەندێك بانك و حساباتی تایبەتی ھەندێك لەبەرپرسە سیاسییەكان و ژێردەستی ھەندێك كۆمپانیای گومانلێكراودان.

بە وتەی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەیان راپۆرتی دەستەی نەزاھەو دیوانی چاودێری داراییان لە بەردەستدایە كە باس لەوە دەكەن زیاتر لە ١٠٠ ملیار دۆلار نازانرێت بۆچی خەرجكراوەو دیار نییە.

بەوتەی  ئەندامی لیژنەی یاسایی لەئەنجومەنی نوێنەران، "گەندەڵییەكی زۆر لەعیراقدا ھەیەو دەیان وەزیر فەرمانی دەستگیركردنیان ھەیەو زیاتر لە ١٤٠ بەڕێوەبەری گشتیش لەسەر گەندەڵی لەزینداندان”.

پێویستە عیراق و ھەرێمی كوردستان ھەموو ھەوڵ و توانایەكیان بخەگەڕ و بەدواداچوون بۆ ئەو پارانە بكەن كە بە شێوەی نایاسایی براونەتە دەرەوە، ئەویش لەڕێگەی (بەشی بەدواداچوونی تاوانە زیرەكەكان لەپۆلیسی ئینتەرپۆڵ، رێكخراوی (یو ئێن دی ئۆرسی) سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، رێكخراوی واڵ بانك و رێكخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی”. 

-یاخود  وەك ئەو پسپۆرە عێراقیە كە دەڵێت لە ڕێگەی جێبەجیبكردنی :-
1- رێكەتنامەی ناودەوڵەتی دژی گەندەڵی ئیداری ودارایی ساڵی 2005 كە عێراقیش تیایدا بووە بەئەندام لەساڵی 2007 ەوە.
2- مادەی 50 لە پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان كە دەرفەت بە عێراق دەدا داوای یارمەتی نێودەولەتی بكات هەروەك بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش 2170 ی ساڵی 2014 بەپێی بەندی حەوتەم.
3- هەروەها عێراق دەتوانێ داوا لە ئەنجومەنی ئاسایش بكات ئەو كەیسە حەواڵەی دادگای نێودەوڵەتی بكات بەوەی كە تاوانەكانی گەندەڵی بە تاوانی لە ناوبردنی بەكۆمەڵ و تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی دادەنرێ.

بە دڵنیایەوە بە گەڕاندنەوە ئەو بڕە پارە زۆرە دزراوە كە قووتی خەڵكی عێراقە بە ھەرێمی كورستانیشەوە كۆتایی بە قەیرانی دارایی لە عێراق دێنێت. ھەر وەك سیاسەت مەداری عێراقی میسال ئالوسی دەڵێت ؛ ئەگەر ئەو وڵاتە عەرەبییانە ئەو چەندان ملیارەی لە بودجەی عێراق دزراوە، بۆ عێراقی بنێرنەوە، ئەوا ئەو قەیرانە داراییەی لە عێراق هەیە نامێنێت و پێویستیش ناكات مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت و ئەوان باجی ئەوانە بدەن كە پارەو سامانی گشتی ووڵاتیان دزیوە.


PM:06:36:30/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 1216 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی