با دەستپێك لە سەروەركردنی یاساوە بێت

‌ بەشار عەزیز

دوای دەستبەكاربوونی مەسرور بارزانی، وەك سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، خەڵكی چاوەڕوانیی زۆرە و چاویان لەوەیە كابینەیەكی جیاواز بێت و لە ھەموو بوارەكاندا كوردستان بەرەو پێشەوە ببات. ھەمووان چاویان لەوەیە دۆخی ژیان بگۆڕێت و نموونەیەكی جیاواز لەوانەی پێش خۆی پێشكەش بكات. كارنامەی مەسرور بارزانی، ھێندەی دیكە چاوەڕوانییەكانی زیاد كردووە و خەڵكی بە ئومێدەوە لە چوار ساڵی داھاتوو دەڕوانن.

سەرۆكی حكوومەت لە كارنامەكەیدا خەڵكی كردووەتە چەقی خزمەتكردن و باش پرژاوەتە سەر بەرژەوەندییە باڵاكانی خەڵك و خواستەكانی خەڵك بە تەواوی لە كارنامەكەدا جێگیر كراون. ھەموومان ئومێدی ئەوە دەكەین نیوەشی بێت جێبەجێ بكرێت.

من پێشنیاز دەكەم كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، یەكەم ھەنگاوی سەروەركردنی یاسا بێت. وەك ئاشكرایە لە كوردستاندا یاسا سەروەر نییە و دونیایەك یاسا لە پەرلەمانی كوردستان و عێراقەوە دەرچوون، بەڵام جێبەجێ نەكراون، جیا لەوەش یاسا بەسەر خەڵكی بێ دەسەڵات جێبەجێ دەكرێت و ئەوانەش كە باڵادەستن، بەداخەوە یاسایان بەسەردا جێبەجێ ناكرێت، یاخود خۆیان مل نادەنە دەسەڵاتی یاسا و مافیا ئاسا خۆیانی لێ حەشار دەدەن، دەسەڵاتیش لە زۆربەی كاتدا چاوپۆشی كردووە. بە گشتی كەموكورت زۆر ھەیە لە بواری سەروەری یاسا، ھەر بەرپرسە و خوا پێداوێك، بە بیانووێك، یان بە واسیتەی كەسێك، یاخود بە پشت بەستن بە باڵادەستێك، خۆیان لە دەسەڵاتی یاسا دزیوەتەوە و بە كردەوە نا یاساییەكانیان ژیانیان بە بەرژەوەندی گشتی و یاسا گەیاندووە  و ئەوەش دۆخی كوردستانی بە ئێستا گەیاندووە. بەداخەوە لە ساڵانی رابردوودا، كردەوە گەلێك لەلایەن كۆمەڵە كەسانێكەوە كراون، لە دەرەوەی یاسا، لە گەندەڵی و دەستبەسەرداگرتنی موڵكی خەڵك و گشتی و بازرگانی نا یاسایی لە تەواوی بوار و سێكتەرەكاندا، بەكارھێنانی موڵكی گشتی بۆ بەرژەوەندی تایبەت، خۆ دزینەوە لە دادگا و ھەڵسوكەتی عەنتەر ئاسا كە پۆلیسیش پێی كۆنتڕۆڵ نەكراون. ئەو پێشێلكارییانە رەنگدانەوەی راستەوخۆیان بەسەر كۆمەڵگەو تەواوی تاكەكاندا ھەبووە، وایكردووە پێشێلكردنی یاسا ببێتە كولتوور، كۆمەڵگەیەك بەرھەم ھاتووە لە دەرەوەی یاسا، پابەندی بچووكترین یاساكان نین و وای لێھاتووە، یاسا تەنیا لەسەر كاغەز بوونی ھەیە. بۆیەش خاوەن كۆمەڵگەیەكی زۆر دواكەوتووین و جەنگەڵ ئاسا، لە تەواوی كایەكانی ژیانماندا رەفتار دەكەین.

بە تەواوی لەگەڵ ئەوەدام، چوار ساڵی داھاتوو حكوومەتێكی توندوتۆڵمان ھەبێت و بە ھیچ شێوەیەك چاو لە پێشێلكارییەكان نەپۆشێت، حكوومەتێكمان ھەبێت ھەر سێ دەسەڵاتەكانی یاسادانان و جێبەجێكردن و دادوەری بە تەواوی توندوتۆڵ بن، نەرمی بەرامبەر پێشێلكارانی یاسا و بەرژەوەندییە گشتییەكان نەنوێنن، لە بەرپرسانەوە دەستپێبكرێت تا تاكەكانی كۆمەڵگە، بە چڕی كار لەسەر پابەندكردنی تاك بكرێت بە یاسا، تا كۆمەڵگەكەمان پابەندی یاسا نەبێت، پێشناكەوین، ئەوروپا و ئەمریكا، لە سایەی پابەندبوون بە یاسا پێشكەوتوون، سزا بخرێتە سەر ھەموو ھەڵسوكەوتەكانی تاك، كە زیان بە ژینگە و دەورووبەر و خودی خۆیان و كۆمەڵگە دەگەیەنن، سنوورێك بۆ عەنتەریات و حوكمی كەڵەگایی دابندرێت و یەكسانی لە كۆمەڵگەدا بەدی بھێندرێت. چاوپۆشی لە ھیچ تۆمەتبارێك و تاوانبارێك نەكرێت و ھەر كەسێك لە یاسا لایدا، راپێچی دادگا بكرێت، زۆر كەس ھەبووە لە رابردوودا لەسەر گەندەڵی لە پۆستەكەی لادراوە، كەچی نەك ھەر سزا نەدراوە، بەڵكو پلەیەكی بەرزتری پێبەخشراوە. ھەبووە بە بەرچاوی حكوومەت موڵكی گشتی داگیركردووە، یاخود كەڵەگایی كردووە و یاسای پێشێلكردووە، كەچی چاوپۆشیی لێكراوە، كارێك بكرێت رێزگرتن لە یاسا لە دیاردەوە ببێتە كولتوور.

كابینەی نوێی حكوومەت دەتوانێت لە سەروەركردنی یاساوە دەستپێبكات و بەمە نموونەیەكی جوان پێشكەش بكات، چاودێرییەكی چڕ بخاتە سەر تەواوی فەرمانگە میرییەكان و بە توندی كار بكات بۆ بنبڕكردنی گەندەڵی و دوورخستنەوەی گەندەڵكاران، كە وەك پەتایەك دووچاری كوردستان بوون. ئەگەر كابینەی نوێ خواستی بنبڕكردنی گەندەڵی ھەبێت و بیەوێت جیاواز بێت، نابێت گوێ بداتە بەرژەوەندی حزبی و بیر لەوە بكاتەوە، بە دوورخستنەوەی فلان، حزبی فلان ھێندە دەنگ لەدەست دەدات، ئەگەر بۆ نموونە پارتی بە دوورخستنەوەی گەندەڵكارێك 100 دەنگی نزیكانی بەرپرسێك لەدەستبدات، بە دڵنیاییەوە 500 دەنگی خەڵكی دیكە قازانج دەكات.

ھەروەھا دەبێت كار بۆ قووڵكردنەوەی گیانی یاساپارێزی بكات و چاو لە ھیچ تاوانێك نەپۆشێت و تاوانباران بە سزا بگەیەنێت. لە پەروەردە و زانكۆكانیشەوە دەست بە ھەڵمەتی ھۆشیاری بكات بۆ یاسا پارێزی و وا بكات فڕێدانی كاغەزێكیش سزای ھەبێت.
ئەگەر كابینەی نوێ لە قووڵكردنەوەی گیانی یاساپارێزییەوە دەستپێبكات و یاسا سەروەر بكات، بە دڵنیاییەوە جیاواز دەبێت و لە ئاست خواستی ھاووڵاتییان دەبێت و كۆمەڵگەیەكی پێشكەوتووی یاسا پارێز و یەكسان و دوور لە پێشێلكاری و گەندەڵیش بەرھەم دەھێنێت.


PM:04:47:14/07/2019

ئه‌م بابه‌ته 4592 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی