‌هەرێمی سلێمانی یان لامەركەزیەت؟
PM:10:16:12/05/2020
ئارام سەعید

ماوەیەكە لێدوان و گفتوگۆی زۆر لەسەر مەسەلەی لامەركەزی دروستبوە كە دیارە جوڵێنەری سەرەكی ئەمجارە و لەم تەوقیتەدا یەكێتییە كە بانگەشەی بۆ دەكات.

دوور لە موزایەدەی سیاسی و كارتی گوشار سیستمی لامەركەزی جیبەجێكردنی لە هەرێمی كوردستاندا ئەركێكی زۆر قورس نییە و پێویستی بە گۆڕینی دەستور نییە، چونكە هەرێم دەستوری نییە، ئەگەر ئیرادەیەكی سیاسی هەبێت كۆمەڵیك یاسایە كە كاتی خۆی هەردوو حزبی دەسەڵاتدار یەكێتی و پارتی گۆڕییان لە پارلەماندا و دەسەڵاتەكانی ئەنجومەن و پارێزگاریان دەستكاری كرد لەبەرژەوەندی سەپاندنی زیاتری مەركەزیەت. 

ئەوەی لەسەردەمی پۆل بریمەردا بۆ هەموو عێراق دانرا (یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان) دەسەڵاتی تەواوی دابوو بە ئەنجومەنی پارێزگاكان و دواتر شۆر بۆوە بۆ ئەنجومەنی قەزاكانیش، بەڵام سروشت و پێكهاتەی حزبی كوردی بە تایبەتی یەكێتی و پارتی ئەو لامەركەزیەتەی پێ هەرس نابێت و ناچار بەچەند قۆناغێك سەروگوێلاكی یاساكەیان شكاند، ئەمە جگە لەوەی چەندین ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانیان دواخست و فەرامۆشیان كرد.

ئێستا ململانێیەكی توند لەنێوان هەردوو حزبدا سەریهەڵداوە و هەریەكەیان بەشێوەیەك گوزارشتی لێدەكەن و لێدوان و پێشنیاری هەردولا بڵاودەكرێنەوە، لەكاتێكدا ئەم ململانێە هەیە قەیرانێكی ئابوری قورس بەرۆكی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمەی گرتوە، هەر لە نەبونی موچە و قەیرانی ئابوری بەهۆی كەرەنتینەی ڤایرۆسی كورۆناوە تا دەگاتە شكستی هەردوو حزب لەبەرامبەر بەغدا و تەسلیم نەكردنی نەوتی هەرێم و هتد.

پڕۆژەی هەرێمی سلێمانی پرۆژەیەكە تەواو جیاوازە لەو لامەركەزیەتەی ئێستا ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی دەكەن، لامەركەزیەت كاتێك دەبێت كە مەركەز هەبێت و دەسەڵاتەكان لەنێوان مەركەز و ناوچەكانی تر بە یاسا رێكبخرێت، بۆیە كە دەوترێت لامەركەزیەت لە هەرێمدا ئەوە پڕۆژەیەكە بۆ هەرێم كە هەموو پارێزگاكان دەگرێتەوە واتە هەولێر و دهۆك و هەڵەبجەش جگەلەوەی دەكرێت قەزاكانیش ئەنجومەنی خۆیان هەبێت، نەك تەنها بۆ سلێمانی، واتە لە مەركەزەوە كە هەولێرە دەبێت بڕیار بدرێت كە سیستمی لامەركەزی پیادە بكرێت و بە یاسا دەسەڵاتەكان رێكبخریت و ئەوەش دەبێت پارلەمان بیكات كە زۆرینەی پارلەمان پارتیە و نایكات.
ئەم پرۆژەیە كە ناوی هەرێمی سلێمانیە ئەوەیە كە سلێمانی ببێت بە هەرێمێكی سەربەخۆ و مەركەز بەغدا بێت نەك هەولێر، واتە سلێمانی ببیێتە هەرێمێكی سەربەخۆ لە عێراقدا كە ئەویش دەستوری عێراق رێگەی پێداوەو رێكاری یاسایی بۆ دەستنیشانكردووە.

ئەوانەی نیگەرانن لەم پرۆژەیە پاساویان ئەوەیە ئەزمونەكە لەبار دەبات و هەرێم نامێنێت، واتە ئەو كوردستانە بەهێزەی بونیاد نراوە نامێنیت! جگە لەوەی مێژویەكی دورودرێژی كوردایەتی و خەبات باس دەكەن كە لەو پێناوەدا خوێنیان بەخشیوە بۆیە نابێت ئەزمونەكە لەناو ببرێت. هەندێكی تر بۆچونیان وایە كە ئەگەر هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد نەبێت ئەوا ئەگەر هەرێمی سلێمانیش دروست بێت هەر ئەوانە حوكم دەكەن كە ئێستا دەیكەن و دادگا بێلایەن نابێت و هێزی چەكدار لەژێر چەتری حزب دەمێننەوە و عەینەن تاس و حەمامە!

خودی ئەم پرۆژەیە لە بێئومێدیەكەوە سەریهەڵداوە لەئەنجامی پەراوێزخستنی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا دەسەڵاتداران پرۆژەو كارەكانی سلێمانی دوادەخەن و هاوڵاتیانیش لەم نێوەندەدا لەنێوان هەولێر و سلێمانیدا ژمارەكان لێیان ون دەبن و هەریەكەی ئەوی تر تاوانبار دەكات. بەنمونە پارتی دەڵێت یەكێتی رێگرە لە كارەكانی سلێمانی و یەكێتی دەڵێت كە پارتی كۆسپ دەخاتە بەردەم كاروباری سلێمانی و دەسەڵات ناداتە حكومەتە خۆجێیەكان تا كارەكانیان ئەنجام بدەن.
ئەوانەی بڕوایان بە هەرێمكردنی سلێمانی هەیە دەڵێن:

1. ئەگەر هەڵبژاردنی پاك و بێگەرد بكرێت و پارێزگای هەڵەبجەشی لەگەڵ بێت ئەوا دەسەڵاتێكی دەبێت تەواو جیاواز لەوەی ئێستا، كە ئەگەر بەڕێژەی بەشداری و دەنگەكانی هەڵبژاردنی ئەلیكترۆنی رابردودا بەراوردی بكەین ئەوا نوێنەرەكان و دەسەڵاتی سلێمانی تەواو دەگۆڕێت، چونكە ئێستا زۆر لە وەرەقەكان تێكەڵ دەكرێن و ژمارەی راستەقینەی دەنگدەرانی حزبەكان بەناوی هەرێمی كوردستانەوە لەنێوان پارێزگاكان تێكەڵ دەكرێ و قەبارەی راستەقینەی هەر هێز و حزبێك وون دەبێت لەنێوان پارێزگاكاندا، بەڵام هەرێمەكە بەس سلێمانی بێت ئەوكات هەموو ئەنجامەكان رونتر دەبن.

2. لەكاتێكدا پارتی بە دەنگدان لە هەرێمی سلێمانی دەنگی زۆرینەی نییە، بەڵام دەتوانێت بڕیار لەسەر بودجەو خەرجی و پلانی سلێمانی بدات و پرۆژەكانی رابگرێت و خەرجی سنوردار بكات، كە ئەمەش بێ ئومێدیەكی ترە كە هێزێك لەسەدا دەی دەنگەكانی پارێزگایەكی هەبێت و بڕیار لەسەر هەموو جومگە سەرەكیەكانی بدات.

3. خاڵێكی تر ئەوەیە دەمێك ساڵە لە سلێمانی خۆپیشاندان دەكرێت و دەنگی ناڕازی بەرزدەكرێتەوەو بێ ئەنجام كۆتایی دێت، كە هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە سلێمانی تەنهایە و پارێزگاكانی تر كە ئەم جوڵەو نارەزاییەی نییە و لەئاكامدا داواكارییەكان ون دەبن بەوەی دەسەڵاتی خۆجێی دەڵێت كە دەسەڵات لای ئەوان نییە، بەڵكو لە مەركەزە كە هەولێرە.

4. بۆ لایەنی ئابوریش ئەم سنورە دەبوژێتەوە، پرۆژەی ئابوری سەربەخۆی پارتی و ریكەوتنە نەوتیەكانی لەگەڵ توركیا رادەگیرێت و پێداجونەوە دەكرێت بە شیوازی مامەڵەكردن لەگەڵ سامانی سروشتی لەگەڵ بەغدا و داهاتی ناوخۆ و نەوت دیار دەبێت.

5. بۆ پێكهێنانی هەرێمی لامەركەزی سلێمانی كە قەزاكان و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەسەڵاتی خۆجێی خۆیان دەبێت و خاوەنی ئەنجومەنی هەڵبژیردراو دەبن، جگە لە پارێزگای هەڵەبجەش كە ئەنجومەنی پارێزگای دەبێت پێویستە پەیكەری حزبەكانیش پێداچونەوەی تێدا بكرێت كە پەیكەرێكی مەركەزی توندە، كە ئەمەش دەبێتە خاڵێكی ئەرێنی كە حوكمڕانیی هەرێمی سلێمانی پتەو دەكات.

6. هەرێمی سلێمانی ئەگەری شەری ناوخۆ دوور دەخاتەوەو ئەوكات لەجیاتی ململانێی سەربازی نێوان زۆنی زەرد و سەوز پەیوەندی ئابوری و كەلتوریی و سیاسی جێگەی دەگرێتەوە.



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.