دژ بە ستەمکار لەپێناو بون بە ستەمکار!

‌ئارام سەعید

 سەرهەڵدان یان جیابونەوەی هێزی نوێ لە هێزی دایک چەندین نمونەی هەیە لە کوردستاندا، بەگەرانەوەیەک بۆ رابردوی هەرێمی کوردستان ئەگەر لە مێژوی یەکێتیەوە دەستپێبکەین ئەوا وەک نمونەیەک بۆمان دەردەکەویت، دامەزراندن و سەرهەلدانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بنەرەتدا بۆ رەتکردنەوەی دید و تێروانینی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو، کە جیاواز لە پارتی بڕیاری سیاسەتکردن و حزبایەتی دا، کە دامەزراندنەکەی پاش شکستی گەورەی کوردایەتی پارتی بوو بۆیە زۆرینەیەک هەبوون گاڵتەیان پێدەهات کە کۆمەڵێک گەنج شۆڕش هەڵدەگیرسێننەوە، پاشان بوە جێی ئومێدی زۆرینە، هەربۆیە هەموو هێزیکی تازە کە دروست دەبیت لە دوای قەیران و شکستی گەورە زۆرینەیەک هەن بڕوا ناکەن، و هێشتا بێ ئومیدیان نەڕەویوەتەوە. پاش ململانێی زۆر و گەیشتن بەشەڕی ناوخۆو چەندین جەولەی گفتوگۆ گەیشتنە نیمچە ڕێکەوتن.

هەموو هیزێکی نوێی سیاسی ئەگەر لە دایک بونیی سروشتی بێت  بۆ ئەوەیە کە تێڕوانینێکی نوێ پێشکەش بکات، ئیرادەیەک بیت بۆ رەتکردنەوەی واقیعی حاڵ کە پێویستیەکی واقیعیی بۆ دروستبونیی هەیە. ئەوەی گرنگە جیاکردنەوەی ئەو جۆرە سەرهەڵدانانەیە کە هەندیک جار ویستی گروپێکی ناو حزبێکە بۆسەپاندنی بەرژەوەندی و ئیرادەی شەخسی و خیزانیی، نەک لەسەر بەرنامەو بەرژەوەندی گشتی ناکۆک بن، کە ئەمەیان جیایە لە سەرهەڵدانی نوێ کە لەم نموناش زۆرن لە مێژووی حزبایەتی و کوردایەتی.

لەئەنجامی ئەم مێژوەو دەگەینە ئەو ئەنجامەی کاتێک هێزێک بە دژی هێزێکی تر دروست دەبێت گرنگە تێڕوانین و هەلسوکەوت و سیاسەت کردنی لە هێزەکەی بەرامبەری نەچێت، ئەوکاتەی هەمان سیاسەت دەگرنە بەر، دەبنەوە یەک و هێزە نوێکە لاواز دەبێت و ئەگەری پارچە پارچە بونیی زۆرە، بە نمونە ئەوکاتەی یەکێتی سیاسەتەکانی و کارکردنی لە پارتی نزیک بۆوەو وەک ئەوی لێهات بەشی زۆری لایەنگرو دەنگدەری لەدەستدا، گرفتی سەرەکی یەکێتی ئەوکاتە دەستی پێکرد کە لاسایی هیزێکی کردەوە کە لەسەر بنەمای دژایەتی کردن و ململانێی ئەو دروستبوە.

ئەم نمونەیە بۆ زۆر هێزی سیاسی تریش راستە، بە نمونە کاتێک کە بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو لەسەربنەمای ئەوەو بوو کە دەسەڵاتی پارتی و یەکیتی گەندەڵی دەکەن و پێویستە هێزیکی نوێ ببێتە بەدیلی ئەوان، بەڵام بە نزیکبونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەو هێزانەو رێکەوتن لەگەڵیان بەشێکی زۆری دەنگدەران و هەوادارانی گۆڕان بێ ئومید بوون. خەونیی گۆڕینی دونیا لای ئەو خەڵکە نەما کە ئومێدیکی گەورەیان لەسەر ئەو خەونە هەڵچنی بوو. بێگومان ئەم نمونەیە بۆ هێزە ئیسلامیەکانیش هەروایە.

هیزێکی سیاسی کە لەسەر بنەمایەک گەشەی کرد و دواتر بەهۆی بەرژەوەندی چەند کەسێک یان کورتبینی و سازشکردنی گروپیک یان خودی حزبەکە لەگەل بەرامبەرەکەی و لادان لە بنەماکانی خۆی، دەرئەنجامی ئەو ویرانەیە دەبێت کە ئیستا دەیبینین. هەر لەم بارەیەوە کاتێک کە پارتی و یەکێتی لە دژی ستەمی بەعس دروست بوبێتن و ئێستا ئەو ئامرازانەی سەرکوتکردنی ئەوان بەکاربێنن ئەوا دەرئەنجام بەو ئاقارەدا دەروات کە لە سەدا حەفتای کۆمەڵگە ناچێتە دەنگدان و سزای گەورەتریش چاوەروانیانە لە ئایندەدا کە   کە لە لایەن خەلک و ئەو کەسانەوە دەبێت کە لە رابردودا متمانەی پیکردون لەسەربەرنامەکانیان.


PM:10:50:14/01/2019

ئه‌م بابه‌ته 4504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی