نامەیەک بۆ ھاوڕێکانم

‌ئارام سەعید

بۆ سیاسەتمەداران
لە ستایشی مولازم عومەردا

من لە نەوەیەکم لە ساڵانی ھەشتاکانەوە لە ڕێکخستن و کاری حزبیی یەکێتیدا کارم کردووە، دیارە شایەدحاڵی زۆر لە ھاوڕێکانمم لە نەوەی خۆم کە ئیستا ھەریەکەیان لە قوژبنیکی ئەم وڵاتە یان لە ھەندەرانن، یەکێتی یان پارتی یان شیوعی بوون و دواتریش گۆڕان بوون، تەمەنێک کاری سیاسی و میدیایمان کرد، تیادایە حاکمە، شەھیدە، کەمئەندامە، ئەندازیارە، بەڕێوەبەرە، لە ئەنجومەنی ناوەندە، بەڕیوەبەری گشتییە، ئەفسەری پلە بەرزە، تیایدایە کرێکارە و ھەژار و نەدارە، ئەمە سروشتی کۆمەڵگەیە، بەڵام کەسیان نەبونە مەکتەبی سیاسی، ئەم نەوەیەی ئێمە نەچونە سەروو سەرکردایەتی ، دیارە مەبەستم ئەوانە نییە کە ماستاوچی و کۆیلە بوون و پلەو پۆستی تریان وەرگرت بۆ دەوڵەمەند بوون، ئەم سیاسییە کۆنانە کە تا ئێستاش مەکتەبی سیاسین و تەمەنیان سەرو حەفتا سال و و نزیکن لەو تەمەنە ئامادەنین ڕۆژێک ڕێگا چۆڵ کەن و دەرفەت بەن بەم نەوەیەی ئێمە کە نەوەی کۆتایی شەستەکان و سەرەتای حەفتاکانین، لەبەر ھۆیەکی ئاسان ئەویش ئەوەیە نەوەی سوڵتانەکانیان پێگەیاند و بنەماڵەی خۆیان دروستکرد بۆ دەسەڵاتی ئایندە، ئەزانن کێ تاوانبارە؟ ئەوانەی ڕۆژگاریک بە وتارەکانیان سەدان کوڕی ئەم وڵاتەیان بەکوشتدا و ئێستا خۆیان نۆکەری بنەماڵەن و ھەموو ئەو کادرانەیان فەوتان کە لە نەوەی ئێمە بوون.

بەداخەوە بۆ ئەو ھەموو سیاسییە بەتەمەنە فاشیل و فاشیستە کە ھوتافی کۆمەڵە و مارکسیان ھەبوو، یان ئەوانەی باسی ڕزگارکردنی کوردستانیان ئەکرد لە پارتی، کە ڕازی نین تائێستاش ڕێگەچۆڵ کەن و بوونەتە کۆیلەی کوڕی سەرکردە و سەرۆکەکان.

بۆیە بەم نامەیەم ئەمەویت سوپاسی کاک مولازم عومەر بکەم تەنھا وەک سیاسییەک کە ڕۆیشت و نەھاتەوە سیاسەت یەکجار وازی ھینا. دیارە کاک شێرکۆ بێکەسیش لە یاد ناکەین کە ھەڵوێستی ھەبوو ھاتەدەر لەحکومەتە فاشیلەکەیان، بۆیە بڕۆن ئیتر با لەوە ناشرینتر نەبن، نەوەیەکتان بەتەواوی فەوتان ئەم نەوەیەی ئێستا دڵنیا بن بە ئێوەی فاشیل و فاشیست نافەوتێ، نەوەیەک بەڕیوەیە ڕەحم بەکەستان ناکات...  حوکمی بنەماڵە لە دونیادا تاقی کرایەوە و ئەنجامی سەرشۆڕییە بۆ ئەوانەی بەرگری لێ دەکەن.


PM:02:13:13/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 5211 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی