ھەڵبژاردنی تورکیا، ناوچەکە و چەند سەرەقەڵەمێک

‌ڕەوا حاجی

بۆ ئەوەی بگەیتە ئەنجامی ڕاست و درووست پێویستە چەند پرسیارێک لە خۆمان بکەین و تەواوی دراو (زانیارییەکانی ناو تورکیا) لەبەردەستمان بێت، بۆ ئەمەش دەکرێت چەند پرسیارێک بکرێت.

یەکەم، دەنگی دەمیرتاش وەک کاندیدی سەرۆکایەتی چەند بووە، دەنگی ھەدەپ بەتەنیا چەند بووە؟

دووەم، دەنگی ئاکپارتی بەتەنیا لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانیدا کەمی کردووە بەڵام لەولاتر وەک سەرکۆمار تەنیا لە سەدا ٢٠ بەدەست دەھێنێت، ئەگەر دەنگی ھاوپەیمانی بێت بەھەردووکیان (مەھەپە و ئاکپارتی ٤٢ +١١) زۆر لەو دەنگانە زیاتر دەکات؟

سێیەم، ئێستا دەسەڵاتی سەرۆکوەزیران نەماوە کێ دەسەڵاتەکان بەرێوەدەبات و سیستم گۆرانکاری بەسەردا کراوە ئایا کامیان زیاترن؟

چوارەم، دەنگی موحەڕەم ئینجەی کاندیدی جەھەپە لەسەدا ٣٠یە لەکاتێکدا جەھەپە خۆی تەنیا لەسەدا ٢٢ی دەنگەکانی بەدەست ھێناوە و ھاوپەیمانیش زۆر لەوە زیاترن بەڵام ئەوانیش خۆیان کاندیدیان ھەبووە لە بەرەی ھاوپەیمانی میللەتدا؟

لەو تابلۆیەوە دەردەکەوێت (نیوەی زانیارییە) قاعیدەی ھەدەپە بە ڕێژەی لە سەدا ٣ دەنگیان داوەتە موحەرەم ئینجەی جەھەپە تاکو بەرامبەر ئەردۆغان بەھێزی بکەن و لەبەرامبەریشدا قاعیدەی جەھەپە بەرێژەی لەسەدا ٦-٧ دەنگیان داوەتە ھەدەپە تاکو دەستیان بگرن و ڕێژەی لە سەدا ١٠ تێپەر بکەن، چونکە بەپێچەوانەوە ھەدەپە کورسییەکانی پەرلەمانی لەدەست دەداو تەواوی کورسیەکانیشی بۆ لیستی براوەی یەکەم دەبوو لە بازنەکان کە زۆربەی ئاکپارتین. بەمەش ئاکپارتی لەناو پەرلەمان زۆر بەھێزتر دەبوو لە چاو ئێستادا.

دەسەڵاتەکانی ئەردۆغان بۆ لەمەودوا:

رەجەب تەییب ئەردۆغان بۆ لەمەودوا بووەتە سەرۆکی حەقیقی، ئەوەی خواستی بێت ئەنجامی دەدات، چونکە لەڕێی گۆرانکاری دەستوورییەوە زۆرێک لە دەسەڵاتی بەسەر دادوەری و سیستەمەکانی تری ناو دەوڵەتی تورکیادا ھەیە، ئەمەش ڕێخۆشکەرە بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی تا کۆتایی ٢٠٢٣ کە ھاوکاتە لەگەڵ ١٠٠ ساڵەی یادی کۆماری تورکیا.

لێرەوە وەک ئەوەی دەبینرێت ئەردۆغان تا ئەوکاتە بەیەکجاری کارێکی پێچەوانەی ئەوەی ئەتاتورک دەکات، ئەتاتورک پاشماوەی خەلافەتی عوسمانی پاراست بە بچووکی و تورکیایەکی ئێستای لێ دروست کرد، بەڵام لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی عەلمانی نەتەوەییدا، ئەمەش ١٠٠ ساڵی بڕ کرد، لەئێستادا ئەردۆغان پێچەوانەکەی دەکات و تا ٢٠٢٣ پاشماوەی تورکیا بەرەو خەلافەتی عوسمانی دەباتەوە (ھەڵبەت داوای ئەو پارچانەش دەکاتەوە کە لە سەردەمی ئەتاتورکەوە لەدەست چوون لەڕێی پەیماننامەکانی سیڤەر و لۆزانەوە) بە نموونە چوارچێوەی نەخشەی میساقی میللی کە ھەریەک لە ویلایەتی موسڵ و چەند دوورگەیەکی یۆنان بە قوبرسەوە لەخۆ دەگرێت، ھاوکات لەگەڵ بەشێک لە سووریا داوا دەکاتەوە.

پرسی کورد دوای ٢٤ی حوزەیران:

کێشەی کورد تا دێت ئاڵۆزی بەخۆیەوە دەبینێت لەو وڵاتە و بووەتە خانەیەکی شێرپەنجەیی، بۆیە ئەردۆغان درک بەوە دەکات کە ئەو کێشەیەی دەبێت بنبڕ بکرێت، بۆیە لەدوای ئەم قۆناغەوە ھەوڵی چارەسەری دەدات، بەڵام بەڕێگەیەکی جیاواز لەوەی پێشوو، ئەم جارە بەبێ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ ھەدەپە و پەکەکە لە ھەوڵی چارەسەری کۆتاییدا دەبێت، چونکە ئەو بژاردەیەی تاقی کردووەتەوە و ئێستاش دەستی ھەدەپە ھێندە بەھێز نییە تا بتوانێت ئاستەنگی بۆ دروست بکات. بۆیە ئەگەر داخل بە پرۆسەکەش بکرێت بە لاوازی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، دەبێت ئەو پرسە یەکلا بکرێتەوە.

ھەرێمی کوردستان و تورکیا لە دوای ٢٤ی حوزەیران:

دەمێکە پرۆژەی بەستنەوەی ھەرێم بە تورکیاوە گوێی لێ دەگیرێت و تاوتوێ دەکرێت، لە ١٩٩٣دا مام جەلال پرۆژەیەک پێشکەش بە ''تورگوت ئۆزال'' دەکات بۆ بەستنەوەی ھەرێم (پارێزگاکانی ھەولێر و سلێمانی و دھۆک) بە تورکیاوە، ھەڵبەت لەو ڕوانگەیەوە کە وابەستەیی بە وڵاتێکی بەربژێر بە ئەندام بوون لەیەکێتی ئەوروپا باشترە لە عێراقێکی داتەپیو. لەئیستادا خواست لەسەر ئەمە ھەیە بەڵام بەو شێوە تەقلیدیەی جاران نا، بەڵکو ئێستا زۆرێک لە وابەستەییەکان لەرێگەی ئابووریەوە دەبێت، ھەڵبەت ئەمە دەکرێت وەک پلانی تورکیا تەماشا بکرێت، لەبەرامبەردا خواستی ھەرێم چی دەبێت و چۆن دەبێت ئەوەیان گفتوگۆی زیاتر ھەڵدەگرێت، پرۆسەی عێراقی فیدراڵ بۆ عێراقێکی کۆنفیدراڵ پرۆژەیەکە دەکرێت دوای شەڕێکی زۆری نێوان لایەنە سیاسییەکان لە داھاتوودا تاوتوێ بکرێت، ھاوکات تەنیا رێگەی چارەسەریی بۆ سووریا تاکو لە قەیران دەرچێت، قبوڵکردنی سیستمی کۆنفیدراڵییە.

پێدانی عەفرین لەلایەن پەکەکەوە بە تورکیا بە نێوەندگیریی ئەمریکا (دوای شەڕێکی ٢ مانگە)، رادەستکردنی منبج بەبێ تەقە لەلایەن ئەمریکاوە بە تورکیا، رێگەدان بە تورکیا بۆ ھێرشکردنە سەر قەندیل، ھەڵبەت بێ ئەملاولا بە مۆڵەتی ئەمریکا، کۆمەڵێک سەرەداوی پلانی ئەمریکا دەردەخەن بەرامبەر بە تورکیا، بەڵام ھاوکات ناکرێت ئەوەش لەبیر بکرێت کە ئەمریکا لە ھەوڵی رازیکردنی پەکەکەدایە بۆ چۆڵکردنی قەندیل و کشانەوەی بۆ شەنگال و چیاکانی ھەورامان. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵۆزییانەی کە ئێستا لە ئێران دروست بوون، توندکردنەوەی ھەڵوێستەکانی ترەمپ بەرامبەر بە ئێران و کۆبوونەوەی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئێرانی (پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵە) ئەوەمان نیشان دەدات کە بۆ لەمەودوا باڵی پژاک زیاتر ئاکتیڤ دەکرێتەوە و ھەموو ھەوڵەکان بۆ کۆتاییھێنان یان گۆڕینی رژێمی ئیسلامی ئێران دەبێت کە ئەویش دیار نییە تا چەند سەر دەگرێت، بەڵام ئەوەی دیارە و روونە، ھاتنی جۆرج دەبلیو بووش بۆسەر حوکم لە ئەمریکا تەنیا بۆ تێکدانی رۆژھەڵاتی ناوەند و رووخاندنی رژێمی سەدام حسێن بوو، بەڵام پرۆژەی ئەمریکا لەرێی ترەمپەوە تەنیا تێکدانی ئەوروپا و رووخاندنی رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران دەبێت.

زۆنی سەوز و ھەرەشەکانی بەردەمی

تەنیا ناوچەیەک کە کێشەی لەسەر دروست دەبێت زۆنی سەوزە کە بە سلێمانی ناوزەد دەکرێت، لەئێستادا شوێنی پێکدادانی خەلافەتەکان لە زۆنی سەوزدایە، چونکە شوێنی بەیەکگەیشتنی قەڵەمڕەوی ھەریەک لە ھێزە جەمسەرییە ھەرێمیەکانی (تورکیا-سعودیە-ئێران)ـە
ئەگەر تەماشایەکی نەخشەی ناوچەی سەوز بکەیت لە دێگەڵەوە بۆ خوار کەرکووک ئەو ڕاستیەت بۆ دەردەکەوێت، کە شوێنی بەیەکگەیشتنی عەرەبی سوونە-شیعە-تورکمان لەو ناوچانەدایە. بۆیە گرژییەکە بەدرێژایی مێژوو لەم زۆنەدا دروست بووە، ھەرکاتێک خەلافەتە ناکۆکەکان شەڕیان بکردایە لەم زۆنەدا بەریەک دەکەوتن. لە کاتی دوای ریفراندۆمیشدا لە ١٦ی ئۆکتۆبەردا کەرکووک بێ ئەوەی ھیچ لایەنێک بتوانێت بەرگری لێ بکات پێشکەش بە ئێران کرا، بەھۆی ئەوەی :

یەک، تورکیا رازی نەبوو بە ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو ناوچەیە، بەمە سزای ھەرێمی کوردستانی دا کە چاوپۆشی لە بردنی کەرکووک کرد لەلایەن ئێرانەوە.

دوو، لە بەرامبەر کەرکووکدا ئێران واژۆی پێدانی عەفرینی دابوو بە تورکیا کە ناوچەیەکی گرنگە بۆ تورکیا.

سێ، ئەمریکا ئاگاداری ھەموو ئەم جوڵانە بوو، بەڵام ھەڵبەت چاوی لە کەرکووک و عەفرینیش خەواند، بێگومان دەشێت پلانی خۆی ھەبێت بۆ ئەو دوو ناوچەیە، کە بردنیان کاتییە بەلای ئەمریکاوە ئەویش دوای جێبەجێکردنی ئەو پلانانەی کە خۆی دایڕشتووە. بۆیە دەشێت بە لەناوچوونی یەکێک لەو ھێزە جەمسەرییە ناوچەییانە، زۆنی سەوز بەدوور بێت لە ھەر شەڕێک، بەپێچەوانەوە تاریکستانی چاوەڕیی ئەم زۆنە دەکات.

خواستی ئەمریکا و بەکارھێنانی کارتی کورد لە ناوچەکە

لە ئێستادا ئەمریکا کارتی کورد بە قازانی تورکیا و بە زیانی ئێران بەکاردەھێنێت، ھەڵبەت بەلەبەرچاوگرتنی خواستەکانی ئەردۆغان لە ھەمبەر دروستکردنی خەلافەتێک کە قەڵەمڕەوەکەی ویلایەتی موسڵ و بەشێک لە سووریا بگرێتەوە، بەڵام تا چەند ئەمە دوورمەودایە، ئایا ئەمریکا سوور دەبێت لەسەر ئەم نەرمینواندنەی بەرامبەر خواستەکانی تورکیا، ئایا دوای گۆڕانکاری لە سیستمی ئێراندا ئەمریکا ھەمان مامەڵە دەکاتەوە یان جارێکی تر کوردەکان دەکاتەوە بە شێرپەنجەیەکی ھەڵئاوساوی بێ چارەسەر بۆ تورکیا و دواتر دەیکاتەوە بە دژ خەلافەتێکی نوێی ناوچەکە، ھەموو ئەمانە دەکرێت گفتوگۆی زیاتر ھەڵبگرن و چەندین ناوەندی لێکۆڵینەوەیان بۆ دروست بکرێت تاکو کورد ئاقڵمەندانە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا بکات.


AM:10:23:27/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 1315 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی