ئەوێ رۆژێ، دەربەندی باسەڕە

‌نما نەوشیروان مستەفا

زۆر جار بۆ بێتاقەتی لەگەڵ کاکە و چیای برام ئەچوین بۆ شوێنە جیا جیاکانی کوردستان، ئیتر لە هەر دەڤەرێک یا سنورێک بوبین کاکە باسی گرنگی شوێنەکەی بۆ ئەکردین و مێژوی شوێنەکەو چۆن ئەو شوێنە ناونراوە و بۆچی ناونراوە، هاوکات سروشتی شوێنەکە چۆنە لەروی کشتوکاڵکردنەوە، بۆچی باشە و کۆن و ئێستا چ جۆرە باڵندە و چ جۆرە زیندەوەرێک لەوێ ئەژین و چ جۆرە نەمام و گوڵ لەوێ دەڕوێن و لە ڕوی ئاوەوە چەند کانی و کارێزی لێیە، پاشان چەند یادەوەریەکی خۆی لە سەردەمی پێشمەرگایەتی و عادەت و تەقالیدی خەڵکی گوند و داهات و جیاوازی زمانیانی بۆ ئەگێڕاینەوە.

ئنجا زو زو ئەیوت "لە موستەقبەلا ئەگەر حوکمەتێکی ڕێک و پێکمان هەبو ئەتوانین لێرە فڵان پرۆژە بکەین، یان فڵان شتی تیا دروست بکەین" ئیتر بۆی باس ئەکردین ئەو پرۆژیە بۆچی باشە، چۆن خزمەت بە خەڵکی دەڤەرەکە ئەگەیەنێت بەتایبەتی و چۆن بە گشتی خزمەت بە وڵاتەکە ئەگەیەنێت.

ئەوەی لای من سەرنجڕاکێش بو ئەوە بو هەموو شوێنەکان کە ئەچوین لە ڕوی ستراتیژی ئابوریەوە بە یەکەوە بەستراوەتەوە تەنانەت ئەگەر هیچ پەیوەندیەکیشیان بە یەکەوە لە ڕوی جیۆگرافیەوە نەبو بێت، تا ڕۆژێک بە نەخشە پیشانی نەدام وێنەکەم لادروست نەبو، من وامدەزانی بۆ بێتاقەتی ئەچوین شوێنەکانمان بەسەر ئەکردەوە دوای تێگەیشتم هەموو پرۆژەکانیش ئەو باسی ئەکرد تەواوکەری یەکتر بوون، کە کۆشی ئەکەیتەوە ئەبێتە ژێر خانێکی ئابوری زۆر بەهێز بۆ وڵاتەکەمان، بۆ نمونە لە دەربەندی باسەڕە بەنداوێک دروست ئەکەیت ئەمە جگە لەوەی ئەتوانێت کارەبا بو سنورەکە دابین بکات، لە ڕووی کشتوکاڵیشەوە سودی هەیە لە ڕوی ستراتیژی سنورەکەش سودی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە، پرۆژەکان سنورەکان بە یەکەوە ئەبەستێتەوە و ئەوەی بە زمانی ئابوری ئینگلیزی پێی دەڵێن(Economic Interdependence, Trade specialisation and division of the labour workforce ). کە بە کوردیەکەی ئەکاتە ئیعتیماد کردنە سەر یەک و تایبەتمەندی بازرگانی و دابەشکردنی هێزی مرۆیی، ئەمەش بە مانای ئەوەی کە هەمو پرۆژەیەک تایبەتە بە سنورێک، ئەو پرۆژەیەش پێویستی بە سنورێکی ترە بۆ ئەوەی بەردەوام بێت ئەمەش وا دەکات دانیشتوانی شوێنەکان پسپۆڕبن لە کارێکدا کە تایبەتمەندە بە سنووری خۆیان پاشان بێ هاوکاری حکومەت کار و کاسپی خۆیان هەبێت و پەیوەندیەکی باش و هاتوچۆیان لەگەڵ شوێنەکانیتر هەبێت، جارێکیتر دەنیشتوانی ووڵاتەکەمان بە یەکەوە ئەبەسترێتەوە و لەوەش گرنگتر سیستمێکی ئابوری دروست ئەکات کە ئیعتیماد ئەکاتە سەر خۆی و لە حاڵەتی گەمارۆش ئەتوانێت خۆی بژیەنێت.

من خۆم لە بەڕیتانیا سیاسەت و ئابوریم خوێندوە، تیۆری زۆرە بەڵام تا لەگەڵ باوکم نەگەڕام نەمدەزانی هەندێک لەم تیۆریانە ئەکران بە پراکتیک پێم وایە بە ۳ سەعات گەڕاندن بە قەد هەر ۳ ساڵەکە سودم وەرگرت!

تێبینی:  دو وێنەکەی سەرەوە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ ساڵی ۲٠۱۳ گیراوە،  سیانەکەی تریش بە هامان شێوەلە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ ساڵی ۲٠۱٦ گیراوە، بەڕاستی ڕێکەوتێش سەیرە هەندێک جار.


PM:05:29:26/06/2018

ئه‌م بابه‌ته 4187 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی