سەرۆك بارزانی بۆ دەچێتە بەغدا؟

‌بەختیار شاخی

سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا، كە بە یاوەریی شاندێكی باڵای كوردستانی دەبێت، سەرەتای قۆناخێكی نوێیە لە پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدا. كەچی هێندێك بەپرس و پارلەمانتار و میدیاكاری گۆڕان و كۆمەڵ، بێ ئاگایانە كەوتوونەتە فاڵگرتنەوە و دەڵێن بارزانی بۆ پرسی نەوت و بودجە دەچێتە بەغدا و بایداوەتەوە لای عێراق.

داهاتووی كوردستان و چارەنووسی گەلەكەمان، دۆسیەی سەرەكیی ئەو سەفەرەن. ناوچەكە بەرەو گۆڕانكاریی گەورە دەچێت و قوربانیدانی خەڵكی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە لە تێكشكاندنی داعش، پێگەیەكی نوێی بە كوردستان بەخشیوە و كاتیەتی وەڵامی چاوەڕوانیی دنیای ئازاد بدەینەوە. دۆستانمان بە پەرۆشەوە چاوەڕێی هەنگاوی نوێی كوردستانن.

 ئەگەر بەغدا بە شێوەیەكی عاقڵانە هەڵسوكەوت بكات و پەند لە ڕابردوو وەربگڕێت، ئەوە دەبینە دوو دراوسێی باش. ئەگەرنا، خەڵكی كوردستان بە ڕیفراندۆمێكی سەرتاسەری، خواستی سەربەخۆیی دەدەنە دنیا. 

ئێستا بەرپرسانی بەغدا باش دەزانن نە ئەوان پێگەی ئێستای كوردستانیان قبووڵە و نە كوردستانیش بە ژێردەستەیی قایل دەبێت، بۆیە دەبێ ڕێز لە خواستی ئازادیخوازی و سەربەخۆیی كوردستان بگرن. 

بەڵام كێ دەتوانێ بەرپرس و پارلەمانتارانی گۆڕان و كۆمەڵ لەو خۆ بەكەمزانین و بێ ئیرادەییە دەر بهێنێت و چاویان بكاتەوە تا سەربەخۆیی كوردستان ببینن؟ اللە اعلم.


PM:06:07:28/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 3949 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی