پێشمەرگە دەچێتە مووسڵ؟

‌بەختیار شاخی


قسەكانی وەزیری بەرگریی عێراق، لەبارەی شەڕی ئازادكردنەوە مووسڵ و ڕێككەوتننامەی ١٢ـــی٧ـــی٢٠١٥ لەنێوان كوردستان و ئەمریكا، هەروەها ڕوونكردنەوەكەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، لای خەڵكی كوردستان بۆتەجێی پرسیار.

میدیای كوردستانییش، خۆی ماندوو ناكات قسەی بەرپرسانی كوردستان وەربگرێت. ئایا عوبێدی شتێكی پێچەوانەی ڕێككەوتنەكەی گوتووە؟ بۆ ئەوەی میدیای چەواشەكار ڕاستییەكە نەشێوێنێت، دەبێ هۆكاری ئەو دوو خاڵەی كە عوبێدی گوتوویەتی ڕوون بكرێتەوە: ١ـــ گوایە عوبێدی گوتوویەتی: ڕێگە نادەین پێشمەرگە بەشداریی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ بكات.

ئەوە مەرجی عێراق نییە و لە بنەڕەتدا كوردستان نایەوێ پێشمەرگە بچێتە ناو شاری مووسڵ.

بەوەیش خۆی لە شەڕی ناوشار دەپارێزێت، بەتایبەتی لە ئەگەری بەشدارییكردنی حەشدی شیعەیشدا دوور نییە شەڕەكە ببێتە شەڕێكی مەزهەبی. بەڵام ناوچە كوردستانییەكانی دەوری موسڵ لەلایەن پێشمەرگەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێنەوە.

٢ـــ گوایە عوبێدی گوتوویەتی دەبێ پێشمەرگە لەو شوێنانە بكشێتەوە كو كۆنتڕۆڵ دەكرێن. بەپێی ڕێككەوتنەكەی كوردستان و ئەمریكا كە عێراقیش پەسندی كردووە، شەڕی ئازادكردنی مووسڵ بە هەماهەنگیی هەرسێ لا دەبێت.

ئەو ناوچانەی ئازادیش دەكرێن بە هەماهەنگیی هەرسێ لا بەڕێوە دەچێت. ئەم خاڵە بۆ ئەو ناوچانەیە كە لەمەودوا ئازاد دەكرێن. عوبێدییش باسی ڕابردوو ناكات.

ئەو ناوچانەی پێشتر پێشمەرگە ئازادی كردوون، لەدەرەوەی ڕێككەوتنەكەن و پێشتریش كوردستان ڕایگەیاندووە كە خەڵكی ئەو ناوچانە لە ڕاپرسییەكدا بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن. عوبێدی ویستوویەتی یاری بە وشە بكات تا عێراق وەك دەوڵەتێكی بەهێز پێشان بدات ، شتێك كە خۆیشی باوەڕی پێی نییە و دەزانێ ئەگەر ئێستا پێشمەرگە دەست لە پشتیوانیكردنی سوپاكەی هەڵگرێت، هێزەكەی وەك باڵۆنێكی كون، پووچ دەبێتەوە.

بەڵام ئەو وەزیری بەرگریی عێراقە نەك كوردستان و بەو سیفەتەیش چووەتە كۆنگرەی بەرەوڕووبوونەوەی داعش و ناچارە وا قسە بكات. تەنانەت ئەو كە پێشتر دەیگووت نابێ حەشدی شەعبی بەشداریی شەڕی موسڵ بكات، ئێستا گوتوویەتی كە ئەوە لەدەست سەرۆكوەزیراندایە.

واتە، ئەگەر عەبادی بڵێ بەشدار دەبن، عوبێدی بێ ناڕەزایی دەڵێ بەخێربێن! لێرەدایە كە زیاتر لە گرینگیی ئەوە تێدەگەین كە تا زووتر لەژێر باری قورسی ئەو دەوڵەتە نەخۆشە دەربچین، زووتر لەكۆڵ شەڕی دەروونی و جەستەیی دەبینەوە.

تا سەربەخۆ نەبین، ئیمتیازی ئازایەتی و گیانفیداییشمان دەچێتە گیرفانی دەوڵەتی تێكشكاوی عێراقی عەرەبی. چونكە یاساكانی ئێستای جیهان، بۆ دەوڵەتەكان داڕێژراون، نەك نەتەوە بەشخوراوەكان.


PM:05:00:22/07/2016

ئه‌م بابه‌ته 3319 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی