پەروەردەکەو جوانە !

‌بەختیار شاخی

کاتێک مامۆستایەک سەودای "مەعاشەکەو جوانە" لەگەڵ کارمەندێکی پاراستنی ئاسایشی وڵات دەکات، نابێ پێبکەنین. ئەوە شایانی گریان و خەمێکی قووڵە. هەڵەی کێیە کە درووشمی مامۆستایەکی ئەم وڵاتە لە "سەری بەرزمان بۆ مووچە نەوی ناکەین"ـەوە بگۆڕێت بۆ "مەعاشەکەو جوانە"؟ هۆی چییە مامۆستا جنێو بە پۆلیس و ئاسایشپارێزێک دەدات؟ ئەدی بۆچی هەزاران کەس بە پێکەنینەوە ئەو جنێوە دەکەنە بنێشتەخۆشەی سەرزمانیان و دەیڵێنەوە؟ بۆچی لەم وڵاتەدا کەس لەوشتانە ناپرسێتەوە؟ کوا کۆمەڵناس و دەروونناسەکانمان تا پێمان بڵێن کاتێک مامۆستایەک جنێو دەدات و شانازییش بە جنێوەکەیەوە دەکات و ئامادە دەبێت وەک ئەکتەرێک لەبەردەم کامێراکاندا سەدبارەی بکاتەوە، چ مانایەکی ترسناکی هەیە؟

ئایا ئەو مامۆستایەی جنێو دەدات دەتوانێ منداڵێکی دەمپاک پەروەردە بکات؟ ئەو مامۆستایەی دەبوو سەرمەشقی ڕەخنەی لۆژیکی بێت کەچی دێت و لەسەر "مەعاش" دەیەوێ سووکایەتیی بە پۆلیس بکات، دەتوانێ نەوەیەکی تێگەیشتوو و پێگەیشتوو پێشکەشی گەلەکەی بکات؟ کە وەڵامی ئەو پرسیارانە بزانین بۆمان ڕوون دەبێتەوە کە نابێ بە جنێوەکەی مامۆستا دڵخۆش بین، بەڵکوو وەک کارەسات تەماشای بکەین و بیر بکەینەوە.
ڕوویەکی ئەم ڕووداوە تراژیدییە ئەوەیە کە لە وڵاتی ئێمەدا ڕێز لە پێگەی مامۆستا نەگیراوە. جا هۆیەکەی زۆری و بۆری بێت یان ڕێگەی هەڵەی گەیشتن بە مامۆستایەتی کە ڕەنگە زۆریان لە ناچاری و بەهۆی سیستمی هەڵەی هەڵسەنگاندن بەپێی نمرەی دەرچوونەوە ببنە مامۆستا نەک لەبەر حەزی خۆیان.

مامۆستا، مرۆڤێکە زۆر بەرز و زۆر لەمێژە بۆتە سیمبولی مرۆڤێکی نموونەیی و خوولیای یەکەمی هەر منداڵێک ئەوەیە کە گەورە بوو ببێتە مامۆستا، هەر بۆیە منداڵ هەمیشە قسەی مامۆستاکەی باشتر وەردەگرێت نەک قسەی باوک و دایک. کاتێک مرۆڤێک هێندە بۆ کۆمەڵگە گرینگە دەبێ ژیانیشی ئارام و بێ کێشە بێت، مامۆستا خانەوادەی هەیە و دەبێ ژیانێکی ئاسوودەی هەبێت تا بتوانێت هەموو توانای خۆی بۆ پێگەیاندنی نەوەکان بخاتەگەڕ.

بەڵام کاتێک مامۆستایەک جنێو دەدات، ئەویش مامۆستایەکی بە تەمەن و پڕئەزموون، ئیدی تێدەگەین کە کێشەی قووڵمان هەیە و ناتوانین گلەیی لە مامۆستایەکی گەنجی خوێنگەرم بکەین کە نەک هەر بەرد بگرێتە پۆلیس و شەقام پڕ بکات لە خاشاک، بەڵکوو دوور نییە بەرد بگرێتە پەنجەرەی قوتابخانەش. کاتێک ئەو ڕەفتارانە دەبینین تێ‌دەگەین بۆچی پێوەندیی نێوان مامۆستا و قوتابی هێندە لە بێڕێزی نزیک بۆتەوە کە قوتابی شەرم لە مامۆستا ناکات.

بۆ ئەوەی ڕێگەی چارەسەر بدۆزینەوە دەبێ لەو هۆکارانە بکۆڵینەوە کە پێگەی مامۆستای ئاوا لەرزاندووە و بۆتە هۆی ئەوەی مامۆستایەک کە دەبێ سەرمەشقی ڕەفتار و گوفتاری باش بێت کەچی ببێتە سەرمەشقی جنێو و بەردبارانکردنی ئاسایشپارێزەکانی وڵاتەکەی و ببێتە دەسکەلای حزب و سەری بەرزی بۆ مووچە نەوی بکات.

ڕەنگە ئۆباڵی یەکەمی ئەوە لە پەروەردەی خراپی حزبەکانەوە بێت، ئەوان مامۆستایان کردە کادیرێکی گوێڕایەڵ و ڕۆبۆت، دەبێ ددانی پێدابنێین کە پرۆسەی "بەفەرمانبەرکردنی گەل" هەڵەیەکی کوشندە بوو، هەڵەیەک کە لەپێناو مسۆگەرکردنی دەنگی هەڵبژاردن، بووە هۆی ئەوەی ئابوورییەکەمان تووشی قەیرانی گەورە بێت و هەمیش وای کرد جگە لە پێشمەرگە، هەمووان لەسەر بنەمای "مەعاش" ئامادەی خزمەت بن.

ئۆباڵی دووەمی ئەو تراژیدیایە، دەکەوێتە دەست ئەو لایەنانەی ڕێی ئۆپۆزیسیۆنبوونیان گرتەبەر، کەچی لەجیاتی ئەوەی چاکی بکەن، زیاتر تێکیان دا و ئەوەندەی بەباشیش مابوو وێرانیان کرد. لەجێی ئەوەی ڕەخنە لە شێوەی پێگەیاندنی مامۆستا بگرن و کار بۆ ڕاستکردنەوەی ڕەوتی خراپی "بەفەرمانبەرکردن"ـی هاووڵاتییان بکەن، مامۆستایان هان دا لەبەر دواکەوتنی مووچە دەست لە وانەگوتنەوە هەڵبگرێت و "بایکۆت"ـی پەروەردەکردنی منداڵان بکات. مامۆستایەک کە ئامادە نەبوو سەری بەرزی بۆ مووچە نەوی بکات، لەسەر دەستی ئۆپۆزیسیۆن بوو بە گەنجێکی یاخی و بووە خۆپێشاندەرێکی خەراپکار کە پەلاماری شوێنە گشتییەکانی وڵاتەکەی دەدات، بووە مامۆستایەک کە جنێو بە کەسێکی دیکە دەدات، کەسێک کە ڕەنگە باوکی ئەو منداڵە بێت ئەو وانەی پێ دەڵێتەوە، کەسێک کە متمانەی بە مامۆستا کردووە و منداڵەکەی ناردۆتە بەر دەستی تا فێری ڕەوشتی جوانی بکات.

بۆیە تکایە دڵخۆش مەبن و چیدی بە پۆلیسێک مەڵێن "مەعاشەکەو جوانە"، چونکە هەقیەتی زوو بێتە وەڵام و نەک هەر بە مامۆستا، بەڵکوو بە هەموو حزبەکانیش بڵێت "پەروەردەکەو جوانە".


PM:06:27:15/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 3708 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی