ساڵێك دوای ١٨ـی٥ـی٢٠١٥

‌بەختیار شاخی

 ساڵێك دوای ١٨ـی٥ـی٢٠١٥ پانۆڕامای دوایین هەناسەكانی عێراق
       
ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 5ـی 5ـی 2015 لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ ئەمەریكا، بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لە كۆشكی سپی لەلایەن باراك ئۆباما سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێشوازییان لێ كرا. لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی هەرێمی كورستان زۆر بە ڕاشكاوی باسی ئازار و مەینەتییەكانی گەلی كوردستانی كرد، باسی مەرجەكانی سەرەتای دروستكردنی دەوڵەتی عێراقی كرد كە بڕیار بوو لە سەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینەی هەردوو گەلی كورد و عەرەب بێت، كەچی بەشی كورد لەو شەراكەتە تەنیا ئەنفال و كیمیاباران و كاولكاری و نانبڕین و قوربانیدان بووە و هەرگیز حوكمڕانانی بەغدا باوەڕیان بە شەراكەت و پێكەوەژیان لەگەڵ كورد و نەتەوەكانی دیكە نەبووە. ئەو هەوڵانەشی وەبیرهێنایەوە كە لەلایەن سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانەوە لەپێناو هێنانەكایەی عێراقێكی دیموكرات و فیدڕاڵدا خراونەتەگەڕ تا دەوڵەتی عێراق بكەوێتە سەر ڕاستەڕێی پێكەوەژیانی ئاشتییانە و مافی هەمووان دابین بكرێت، بەڵام هەموو ئەو هەوڵانە بێ ئەنجام بوون و عەقڵییەتێكی نكۆڵیكاری بە سەر فەرمانڕەوایانای بەغدادا زاڵە و باوەڕیان بە شەراكەتی كورد نییە و كوردیان تەنیا وەك ژێردەستە دەوێت و ئەو سەردەمەش بەسەرچوو كە كورد ژێردەستەیی قبووڵ بكات، بۆیە گەلی كوردستان دەیەوێ لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە چارەنووسی خۆی دیاری بكات، كاتێكیش هاوبەشەكانمان لە عێراقدا ئێمەیان وەك شەریك قبووڵ نییە، دەكرێ ببینە دراوسێی باش.

ڕۆژی یەكشەممە 10ـی 5ـی 2015 سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری، لەسەر بانگهێشتی وڵاتی هەنگاریا گەیشتە شاری (بوداپێست)ـی پایتەختی هەنگاریا، لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ ڤیكتۆر ئۆبان سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە، ئۆبان باسی هاوشێوەبوونی مێژووی گەلی كوردستان و گەلی هەنگاریای كرد و ڕایگەیاند كە گەلی هەنگاریا پاڵپشتی ئەو گەلانەیە كە ژێردەستییان بینیوە و خەباتكارن و حەزیان لە ئازادییە و بە ڕاشكاویش ئەوەی باس كرد كە هەنگاریا بە شانازییەوە پشتیوانیی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات و ئامادەی هەموو هاوكارییەكە. دواتر ڕۆژی سێشەممە 12ـی 5ـی 2015 سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری گەییشتنە شاری (پڕاگ)ـی پایتەختی كۆماری چیك و لە لایەن میلۆس زێمان سەرۆكی كۆماری چیك پێشوازییان لێ كرا، سەرۆك كۆماری چیك پشتیوانیی خۆی و وڵاتەكەی بۆ مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان ڕاگەیاند و جەختی كردەوە كە هەر بڕیارێك لەلایەن گەلی كوردستانەوە بدرێت، ئەوان بە تەواوی پشتیوانی دەبن.

دوای ئەو سەردانە پڕ لە دەستكەوتە سیاسییە، ڕۆژی چوارشەممە 13ـی 5ـی 2015 بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری گەڕانەوە هەولێر و ڕۆژی 18ـی5ـی2015 سەرۆك بارزانی و ئەندامانی شاندی هاوڕێی بۆ سەفەرەكەی ئەمەریكا و چیك و هەنگاریا، لەگەڵ نوێنەرانی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و پێكهاتە نەتەوەییەكانی كوردستان كۆبوونەوە، تا ئەنجامی سەفەرەكە بۆ هێزە كوردستانییەكان باس بكرێت و ئامادەكاریی پێویست بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی بكرێت.

كۆبوونەوەی ڕۆژی 18ـی5ـی2015، بە هەموو پێوەرێك دەكرێ بە گرینگترین كۆبوونەوەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بژمێردرێت. لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك ئەنجامەكانی سەردانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات ئاشكرا كرد و بە دوور و درێژی لە بارەی هەلومەرجی بابەتیی سەربەخۆیی گفتوگۆ كرا و سەرجەم لایەنەكان ڕای خۆیان خستەڕوو و بە جۆش و خرۆشەوە لەسەر چەند خاڵێك ڕێككەوتن. گرینگترینیان پێكهێنانی ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی بوو.

ژوورەكە چەند ئەركێكی پێڕاسپێردرا كە بریتی بوون لە كاركردن بۆ ئامادەكردنی ڕای گشتی بۆ سەربەخۆیی و یارمەتیدانی پەرلەمان و كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بۆ ڕێكخستنی ڕیفراندۆم. ئەركێكی دیكەی یەكخستنی پێشمەرگە و یارمەتیدانی بوو لە شەڕی داعش و دیاریكردن و جێگیركردنی سنووری كوردستان. هەروەها پێكهێنانی شاندی دانوستاندنكار بۆ ئەوەی بە شێوازێكی سەردەمییانە بكەوێتە گفتوگۆ لەگەڵ جیهان و دەوروبەر لەسەر ویستی كوردستان بۆ سەربەخۆیی، دواجار بڕیاردرا لەماوەی یەك حەفتەدا ئەم ژوورە دەستبەكار بێت، بەڵام بەداخەوە لە جیاتی كاركردن بۆ پێكهێنانی ئەو ژوورە و دەستپێكردنی هەنگاوەكانی ئامادەكاریی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی، فراكسیۆنەكانی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكێتیی نیشتمانی و یەكگرتووی ئیسلامی، لە ٢٣ـی٦ـی٢٠١٥ هەنگاوێكیان نا كە بووە هۆی دروستبوونی قەیرانێكی گەورەی سیاسی و تا ئێستاش بەردەوامە. 

ئەم قەیرانە سیاسییە لە كاتێكدا خوڵقێندرا كە دەوڵەتی شكستخواردووی عێراق لە هەموو كاتێك زیاتر لە داڕمان نزیك بۆتەوە. ڕووداوەكانی مانگی نیسانی ٢٠١٥ لە پەرلەمانی عێراق و ئیفلیج بوونی تەواوی دەستگە ئیدارییەكانی عێراق، هەموویان بەڵگەن كە ئەم دەوڵەتە ئیدی ناكەوێتەوە سەرپێی خۆی و شتێك بە ناوی دەوڵەتی عێراق نەماوە. لە ڕووی جیوگرافییشەوە ئێستا بە كردەوە عێراق بۆتە سێ پارچە و ئیدی هیچ هێزێك ناتوانێ بە زۆری پێكیانەوە بلكێنێتەوە، چونكە چیدی سنووری نێوان ئەو سێ پارچەیە تەنیا هێڵێكی جیوگرافی نییە، پەیوەندیی نێوان پێكهاتەكانی عێراق لەوپەڕی خراپیدایە. هیچ متمانەیەك نەماوە و پڕۆسەی سیاسی بە تەواوی داڕماوە. عێراق بووەتە وڵاتی فەوزا و دەستشكانەوە و تاقیكردنەوەی هێزی ئەم گرووپ و ئەو تاقمی مەزهەبی. ئیدی هیچ مانایەكیش بۆ مانەوەی كوردستان لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا نەماوە. تاكەی گەلی ئێمە بە ئاگری ئەو كێشە و ململانێ مەزهەبییە سەدان ساڵەیە بسووتێت؟ ئەوە پرسیارێكە ئاراستەی هەموو ئەوانەی دەكەین كە داوای مانەوە لە چوارچێوەی عێراقمان لێ دەكەن.

دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ڕۆڵی سەرەكی و بونیادیی هەبوو لە سەرپێ خستنەوەی دەوڵەت بەو ئومێدەی لەسەر بنەمای شەراكەتی ڕاستەقینە كورد و عەرەب و پێكهاتەكانی دیكە پێكەوە بژین. بەڵام زۆر زوو، لایەنە شیعییەكان، چوونە سەر هەمان ڕێچكەی دەسەڵاتدارانی پێشووی عێراق و كەوتنەوە ناو سیاسەتی شكستخواردووی نكۆڵیكردن لە مافە ڕەواكانی گەلی كورد و هەڕەشەی ناردنی تانك و فڕۆكەی F16 بۆ سەر خاكی كوردستان و دوای نائومێدبوونیان لە توانای سەربازییان، لە هەنگاوێكی نامرۆڤانەدا و بە چاوساخیی چەند خۆفرۆشێك، نانی خەڵكی كوردستانیان بڕی، كە ئەوە لە دیدی كوردستانەوە، هیچ جیاوازییەكی لەگەڵ ئەنفال و كیمیاباران نەبوو، چونكە لە هەمان نییەتی خراپی شۆڤینییەوە سەرچاوەی گرتووە و ئیدی هیچ ئومێدێك بە عێراق نەماوە. بۆیە سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی خۆی بۆ دەستەبەركردنی زۆرترین پشتیوانی بۆ مافی ڕەوای سەربەخۆیی گەلەكەمان خستۆتەگەڕ.

دوای پەلاماری تیرۆریستانی داعش و بەرگریی سەربەرزانەی پێشمەرگە و تێكشكاندنی هێزی دڕندەی داعش، جارێكی دیكە دەركەوت كە دەوڵەتی عێراق بەرانبەر كوردستان خۆی بە بەرپرسیار نازانێت، چونكە نەك هەر هیچ هاوكارییەكی بۆ پێشمەرگە نەنارد و خۆی لە ئاوارە عێراقییەكانی نیشتەجێی كوردستانیش نەكردە خاوەن، بەڵكوو ئاستەنگی بۆ ئەو هاوكارییە نێودەوڵەتییانەش دروست كردووە كە بۆ پێشمەرگە و ئاوارەكان ڕەوانە كراون. پێشمەرگە، بە خوێنی خۆی خاكی پیرۆزی كوردستانی لە تیرۆریستان پاك كردۆتەوە و ئەو ناوچە كوردستانییانەی ئازادكراون، جارێكی دیكە ناگەڕێنەوە ژێر دەسەڵاتی هیچ داگیركەرێك، هەر بۆیە، ئەوە شەهیدانمان بوون كە ماددەی ١٤٠ـی دەستووری عێراقیان بە خوێنی پاكی خۆیان جێبەجێ كرد و ناوچە داگیركراوەكانیان گەڕاندەوە ناو باوەشی كوردستان و لە داهاتووشدا لە ڕاپرسییەكدا دانیشتووانی ئەو ناوچانەی فرەنەتەوەن، خۆیان بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن. سەبارەت بە داهاتووی پارێزگای موسڵیش دوای ئازادكردنی، بۆ ڕێگەگرتن لە توندوتیژی و تۆڵەكردنەوە، باشترین چارەسەر، ئەوەیە كە بكریتە سێ پارێزگا، پارێزگای شنگال وەك بەشێك لە كوردستان، پارێزگایەك بۆ كریستانەكان و پارێزگایەكیش بۆ عەرەبی سوننە. بە ڕاپرسییەكیش، دانیشتووانی ئەو پارێزگایانە داهاتووی خۆیان لەناو عێراق، یان كوردستان دیاری دەكەن.

خوێندنەوەیەكی ڕوونی ڕووداوەكانی دوای 18ـی5ـی2015 و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان، بە ئاشكرا هەڵوێستی حزبەكان لە بارەی سەربەخۆییەوە دەردەخات و ئیتر خەڵك بە دروشمی بریقەداریان ناخەڵەتێن، بەڵكوو دەبینن كێ بە كردەوە كار بۆ سەربەخۆیی دەكات و كێن ئەوانەی هێشتا خەون بە باوەشی خوێناویی عێراقەوە دەبینن و كۆیلایەتییان بەلاوە پەسندترە لە ژیان لەناو دەوڵەتێكی سەربەخۆی بەرهەمی خەباتی دەیان هەزار شەهیدی ڕێی ڕزگاریدا، بە بیانوویەكی پووچ، كە بۆیان بۆتە مۆتەكە و ناویان ناوە «دەوڵەتەكەی بارزانی». هێنانەوەی مەرج و بیانوو و داواكردنی دەستكەوتی حزبی لە بەرانبەر پشتگیرییكردنی سەربەخۆیی، لەكەیەكی نەنگە بە تەوێڵی هەندێ حزبەوە و مێژوو لەم بێباكییە خۆش نابێت.

هەرچۆنێك بێت و ئاراستەی ڕووداوە ناوخۆییەكانی كوردستان و هەڵوێستی لایەنە سیاسییەكان هەرچییەك بێت، گەلی كوردستان خۆی خاوەنی بڕیاری خۆیەتی و ئەو ئیرادەیە بڕیار دەدات، نەك بەرژەوەندیی ئەم حزب و ئەو حزب لەگەڵ ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەتدا، بڕیاری خەڵكی كوردستانیش لە چوارچێوەی ریفراندۆمدا دەخرێتە بەردەم جیهانی ئازاد. كاروانی سەربەخۆیی كەوتۆتەڕێ و لە هیچ ئاستەنگێك ناسڵەمێتەوە.


PM:01:12:23/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 3327 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی