لەبارەی نامەکەی تیلەرسنەوە

‌بەختیار شاخی


دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕەشنووسی نامەیەکیان بڵاوکردۆتەوە کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وەک پیشنیار و بەدیلی دواخستنی ڕیفراندۆم بۆ سەرۆک بارزانی ناردووە. هەندێ کەسی بێ ئیرادە و ترسنۆکیش، شین دەگێڕن کە بۆچی ئەو بەدیلە قبوڵ نەکرا.

پێش هەموو شتێک، ئەوە ڕەشنووسی نامەیە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەکاتێکدا لەو نامەیەدا داوای کردووە کە ئێمە دەست لە ڕیفراندۆم هەڵگرین و دەست بکەین بە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق (بە چاودێریی ئەمەریکا)، کە بەغدا لە ئەلفەوە تا یا‌و بە یەک وشەیش ئامادەنەبوو لەگەڵ کوردستان گفتوگۆ بکات. ئەمەریکاش هیچ فشارێکی بۆ ناچارکردنی بەغدا بۆ قبوڵکردنی دەستپێشخەرییەکەیان نەبوو. تەنانەت، ڕۆژی ٢٣ـی٩ شاندی کوردستان وەک دوایین دەرفەت سەردانی بەغدایان کرد و بەرپرسانی بەغدا هەمووجۆرە گفتوگۆیەکیان ڕەت کردەوە.

جگەلەوەش، لە کۆبوونەوەی ١٧ـی٩ـی٢٠١٧ دا، ئەو نامەیە بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم خوێندرایەوە، سەرجەم بەشداربووان نامەکەیان وەک ئینشایەکی جوان ناساند کە هیچ گرێنتییەکی تێدانییە. تەنها دەڵێ سەرپەرشتیی دیالۆگەکە دەکەین، بەڵام هیچ گرێنتییەک نادات کە ئەگەر بەغدا لاملی کرد، ئەمەریکا بتوانێت بەغدا ناچاربکات، یا ددان بە مافی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا بنێت. کۆبوونەوەکە بڕیاری دا بەڕێزەوە وەلامی نامەکە بدرێتەوە و داوای گرێنتیی بۆ مافی چارەنووسی گەلی کوردستان کرد. بەڵام لە دوایین دەستکاریشدا، هیچ باسێک لەو گرێنتییە نەکرا. ئەو ڕاستییە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی بالای ریفراندۆم کە ڕۆژی ٢٤ـی٩ بەڕێوەچوو، جەختی لێ کرایەوە کە تا ئەوساتە هیچ گرێنتییەک نەهاتووە کە بۆ مسۆگەرکردنی بڕیاردانی گەلی کوردستان لەسەر چارەنووسی خۆی جێگەی ڕیفراندۆم بگرێتەوە و بەغداش دەستپێشخەرییەکەی سەرۆککۆمار و هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیشی ڕەت کردۆتەوە.

بۆیە ئەو نامەیە تەنها دەچووە چوارچێوەی کاتکوشتن. گەلی کوردستان گرێنتیی دەویست و دەوێت. تێربووین لەو ڕێککەوتنانەی جێبەجێ نەکران، تێربووین لەو بەڵێنانەی ژیرپێ خران.
دەبێ خەڵکی کوردستان ئەوە بزانێت، ئەگەر لەبەرخاتری ئەم نامەیە ڕیفراندۆم دواخرابا، هەر ئەوانەی ئێستا بۆ ئەو نامەیە دەگرین، ڕەخنەیان دەگرت کە مافی بڕیاردانی چارەنووس لە خەڵک سەندرایەوە و بێ ئەوەی هیچ دەستکەوتێکی مسۆگەر بۆ داهاتووی گەلەکەمان هەبێت.

هەروەها، ڕیفراندۆمیش نەکرابا، دەسەڵاتدارانی عێراق بڕیاریان دابوو پێشمەرگە لە هەموو ناوچەکوردستانییەکان بگەڕێننەوە بۆ هێڵەکانی تەماسی پێشمەرگە و ڕژێمی بەعس، ئێستایش بەهەمان ئامانجەوە هەڕەشە دەکەن، بەڵام ئێستا سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان، پشتی بە دەنگی 92.73٪ـی خەڵکی کوردستان و هێز و بازووی پێشمەرگە و ئیرادەی ئازادیخوازیی گەلەکەمان بەستووە و خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ نادات و جیهانی ئازادیش ناچارە گوێ لەدەنگی گەلی کوردستان بگرێت.


PM:08:45:14/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 1650 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی