شەڕی سەربەخۆیی

‌بەختیار شاخی

بەپێی ڕێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان کوردستان، ئەمەریکا و عێراق، (کە بووە بنەمای دەستپیکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادیی مووسڵ)، هەموو ئەو شوێنانەی پیش پڕۆسەی ئازادیی مووسڵ لەلایەن پێشمەرگەوە ئازادکراون، لەلایەن پێشمەرگەوە دەپارێزرێن و دواتر خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن، ئەو شوێنانەیش کە لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد دەکرێن، بە هاوبەشیی لەنێوان پێشمەرگە و سوپا وپۆلیسی عێراقەوە دەپارێزرێن. لەو ڕێککەوتنەدا ئەوەش چەسپاوە کە بەهیچ شێوەیەک حەشدی شەعبی توخنی ئەوناوچانە ناکەوێت.

هەرزوو حەشد ڕێککەوتنەکەی پێشێل کرد چەند گرووپێکی لە دەشتی نەینەوا جێگیرکرد و پێچەوانەی ڕێککەوتنەکانیش حەشد بەناوی جیاجیا بەشداریی شەڕی موسڵیان کرد و ئەو شارەیان وێران کرد و بەهەزاران هاووڵاتیی سڤیلیان کوشت. ئێستاش هاتوون داوای چۆڵکردنی ئەو ناوچانە لەپێشمەرگە دەکەن کە ئەوان بە تراکسودەوە بۆ داعشیان بەجێ هێشت و ئێمە سەدان شەهیدمان لەپێناوی پاراستنیاندا بەخشیوە.

وێنەکە زۆر ڕوونە. حەشدی شیعە، لەناو شەڕدا و بەبیانووی داعش دروست بووە. کە شەڕ نەمێنێ، بیانووی مانەوەشیان نامێنێ. ئەگەرچی بەداخەوە بە بەشداریی چەند کوردێکیش مانەوەی ئەو هێزە دڕندە و مەزهەبییە بە یاسایی کراوە و لەماوەیەکی کەمدا هەرچی ئیمکاناتی عەسکەیی عێراق و هاوکاریی هاوپەیمانان هەیە ڕادەستی ئەو هێزە کرا. ئێستا ئەوانەی دەنگیان بە سەپاندنی یاسایی ئەو هێزە دا هەقە حارەقی شەرمەزاریی بڕێژن.

بەڵام وەک ڕۆژ ڕوونە کە ئەگەر ئێمە ڕیفراندۆمیشمان نەکردبا ئەوانە وەک ئێستا دەهاتن و داوای چۆڵکردنی کەرکووک و شەنگال و ڕەبیعە و زوممار و مەخموریان لێ دەکردین. لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا داوایان دەکرد پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ هێڵی تەماسی پێش ٢٠٠٣. مەرجەکانی ئێستاشیان هەنگاوی سەرەتایە و لەدوای کەرکووک داوا دەکەن پێشمەرگە لەسەرجەم شوێنەکان بگەڕێتەوە بۆ پێش هاتنی داعش و لە قۆناخی دواتر داوای گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی پێش ٢٠٠٣ دەکەن.

بۆیە ئەوەی ئێستا بیانوو و نیشانەی نیەتی خراپی داگیرکەرە. هەر بەشدارییەک لەو نیەتەدا دوژمنایەتییە لەگەڵ خاک و وڵات.

هەر کەسێک ئێستا لە بەغدا پۆستێکی هەیە، لەسەر پشکی کورد هەیەتی، کاتێک بەغدا بەئاشکرا ئیعلانی شەڕی لەگەڵ کوردستان کردووە، مانەوەی هەر کوردێک لەو پۆستانەی بەغدا، خزمەتی داگیرکەرە. ئێستا کاتی ئەوە نییە سەرۆک کۆمار بببێتە نامەبەری داگیرکەران و مەرجەکانی عەببادی بۆ حزبەکەی بهێنێت، بەڵکوو دەبوو دەستبەجێ دەست لەکار بکێشێتەوە و بڵێ من لێرە نوێنەری گەلی کوردستانم نەک یەک حزب و ئامادە نیم ببمە بەشێک لە پیلانگێڕی دژی گەلەکەم.

سەرەڕای هەموو ئەو هەڕەشە و ئەگەری نامەردی و خۆ بەکەمزانینی هەندێ کەس، گەلەکەمان دڵنیا بێت، ئەمە ئەو شەڕەیە کە هەر لەپیش دەرگامان بوو، بەو جیاوازییەی کە ئەگەر ڕێفراندۆممان نەکردبا، شەڕەکەمان بۆ بابەتی وەک مادەی ١٤٠ دەبوو، ئێستا شەڕ، بۆ سەربەخۆیی و سەپاندنی ئیرادەی گەلی کوردستانە. شەڕیش ڕووبدات، بێ سێ و دوو، لە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی نزیکترمان دەکاتەوە.


PM:09:50:13/10/2017

ئه‌م بابه‌ته 1418 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی