داعش دەستکردی خۆتانە

‌بەختیار شاخی


کۆماری ئیسلامیی ئێران، نەی شاردۆتەوە کە 38 ساڵە خەریکی هەناردەکردنی ئینقلابە ئیسلامییەکەیانە. ئەوە واتای پشتگیری کردن لە توندڕۆکان لە هەرجێگایەکی دنیابن، تەنها ئەوەندە بەسە خزمەتی ئامانجەکانی گروپێکی خۆسەپێنی ناو دەوڵەتی ئێران بکەن. گرووپێک کە نەک هەر لە وڵاتانی دەوروبەر و دووریشدا، بەڵکوو تەنانەت لەناو ئێرانیشدا هیچ باوەڕێکی بە ئازادی نییە و ژیانێکی ئارام بە خەڵک ڕەوا نابینێت. هەر لەوچوارچێوەیەدا ئەو گرووپە زۆربەی سامانی وڵاتی ئێران بۆ پشتگیری کردن لە حەماس و حزبوڵڵا و حوسییەکان و دەعوە و گروپ و تاقمەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران خەرج دەکات و برسێتی و بێدادیی گەلەکەی خۆی نابینێت. ئەو گرووپە ڕێگە بەخۆی دەدات دەست لە کاروباری دوورترین وڵاتانیش وەربدات و خەون و ئاواتیان ئەوەیە عەمامەی خۆیان بخەنە سەر هەموو میللەتانی ناوچەکە.

کوردستانیش لەو دەستێوەردان و شەڕپێفرۆشتنانەی ئەو تاقمە دەستڕۆیشتووەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەدەر نەبووە و بەردەوام خەریکی دنەدانی ئەم گرووپ و ئەو تاقم و فڵان کەسایەتین. تەنانەت لەناوخۆی حزبەکانیشدا گروپ و تاقمی (سەر بە خۆیان) دروست کردووە. میدیای (سەر بە خۆیان) دروست کردووە و ناویان لێ ناوە میدیای (سەربەخۆ) و ئەهلی. بەرپرسە گەورە و بچوکەکانیان بە ئاشکرا دێن و بەشداریی لە کۆبوونەوەی هەندێ حزب دەکەن و ڕێکار و بەرنامەیان بۆ دادەنێن و  ڕێنمایی بۆ میدیای بەکرێگیراویان دەنێرن. بەوانەش نەوەستاون، لە دژی کوردستان، پشتی مالکییان گرت و هەوڵیان داوە دەسەڵاتی شیعەی عێراق بکەنە دەسەڵاتێکی سەرتاپا گوێڕایەڵی خۆیان و لەو ڕێگایەشەوە تۆڵەی شەڕی هەشت ساڵە لە سوننەی عێراق بکەنەوە و درێژەیش بە سیاسەتی نکۆڵیکاری تەعریب و چەوساندنەوەی خەڵکی کوردستان بدەن. 

تەنها لەبەر ئەوەی دەنگی ئازادیخوازی و ڕەتکردنەوەی دیکتاتۆریەتی مالکی لە کوردستان بەرز بۆوە، سەرەتا بە بڕینی بودجەی کوردستان سزای خەڵکی کوردستانیان دا و کاتێک زانییان بەوە ناتوانن دەنگی سەربەخۆیی بخنکێنن بیریان لە پەلاماری سەربازی کردەوە بەڵام لەبەر پێگەی باڵای کوردستان لە کۆڕی نێودەوڵەتیدا و لەبەر ئەوەی نەیاندەتوانی پاساوێک بۆ داگیرکارییان بدۆزنەوە و دڵنیاش بوون سەریان بە چیاکانی کوردستان دەکەوێت و تێک دەشکێن، پیلانێکی ژەهراوییان جێبەجێ کرد کە دروستکردنی داعش بوو.

هەموو دنیا دەزانێت کە داعش بەرهەمی ئەو سیاسەتەیە. هەژموونی دەوڵەتی ئێران و تاکڕەویی شیعەیش زەمینەیەکی لەباری بۆ گەشەکردنی داعش خوڵقاند و لەولاشەوە دوای ئەوەی چەک و تەمەقەمەنییەکانی سوپای ئەسەد درایە داعش، لەپێناو بەهێزترکردنیدا، بە فەرمانی مالکی، سوپای عێراق بە بەرنامە و ئامانجەوە جێگاکانیان بۆ داعش چۆڵ کرد و هەزاران ئۆتۆمبێلی زرێپۆش و تەواوی چەک و تەقەمەنیی دوو فیرقەی سوپای عێراقی پێشکەشی داعش کرد و داعشی کردە دڕندەیەکی خوێنڕێژ و لە کوردستانیان بەردا. بەڵام پێشمەرگەی کوردستان زۆر زوو هەستایەوە و شکۆی داعش و پشتیوانەکانی داعشی تێکشکاند و پیلانەکەیانی لەگۆڕ نا. 

ئێستاش کە خەڵکی کوردستان دەیەوێ ڕای خۆی بخاتە بەردەم کۆمەڵی نێودەوڵەتی و زنجیری کۆیلایەتی و ژێردەستەیی بپچڕێنێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران هەر بەوە نەوەستاوە کە گروپ و تاقمە بەکرێگیراوەکانی لەناو کوردستان هان بدات دژی ڕیفراندۆم بن، بەڵکوو ئەوەتا خۆشیان بە ئاشکرا هاتوونەتە سەر خەت وبەوشێوە ئاشکرایە سووکایەتیی بە خەڵکی کوردستان دەکەن. ئەو هەوڵانە بەردەوامن، بەڵام خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان، ڕۆژی ٢٥ـی ئەیلوول، بە دەنگی بەڵێ، سەروەرییەکی نوێ تۆمار دەکەن و جەژنی پساندنی زنجیری پیلانگێڕان و کۆتاییهاتنی داگیرکاری دەگێڕن.

تیرۆر و داعش، دەستکردی وڵاتانی بەخێوکەری تیرۆرن و وەک کارتێک دژی یەکتر بەکاری دەهێنن. بەڵام ئەوە یارییەکی ترسناکە و لە ئەنجامدا ماڵی خۆیان دەسووتێنێت.


PM:06:14:12/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 5058 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی