لەسێبەردا بڕیارمەدەن ، وەرنە بەر هەتاو

‌محەمەد نوری


١
ئەوەی لەناو گۆڕاندا دارایی بەدەستە وبڕیاردەرە جەمال وجەلال و عومەروساڵح نین ،ئەوەی كلیلی ئەو بزوتنەوەی لایە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایە .رەنگە رستەیەك بوترێت كە ئەم رستەیە خاڵییە لەراستی، ئەوەش:  ئەو دووكوڕە بەستەزمانە ئەندامێك یان هەڵسواڕاوێكی ئاسایی بزوتنەوەكەن و هیچ بڕیار وهەنگاوێكی ئەو بزوتنەوەیە لای ئەوان نییە ،بەڵكو بڕیارەكان لای رێكخەر وخانەی راپەڕاندنه و جڤاتەكانە ،ئەم قسەیە  لە نوكەتەك یان دێڕێكی زیادە هیچ مانایەكی دیكەی نییە .لەبەرئەوەی پێچەوانەكەی راستە،  ئەوەی بڕیاردەدا لە گۆڕان سەید عومەر نییە بەڵكو چیا ونمان ،ئەوەی هەنگاوەكانی گۆڕان دیاردەكەن  خانەیەك نین كە كاتی زێڕین بۆ دابەشكردنی پۆست تەرخاندەكەن ، بەڵكو ئەوە دووكوڕەی كاكە نەوەن .ئەم هاوكێشەیەش پێویستی بە بیركردنەوە ولێكدانەوەی گەورە نییە ،داهات و زەوی و ناوی نەوشیروان  لای ئەودووكوڕەیە هەربۆیە ئەوان نەخشەی بزوتنەوەكە دادەڕێژن ،ئەوانەشی دەبنە پۆستداری حزبیی فەرمانبەرێكن لای بارەگای كوڕەكانی كاك نەوشیروان .

٢
كوڕ وكوڕەزاكانی بارزانی هاتوونەتە ناو بواری كاری حكومی وحزبییەوە بە ئاشكراو پێگەو وپۆستیان هەیە و ململانێ لەسەر پۆستەكانیان دەكەن ،كوڕانی تاڵەبانی لەناو جوڵەی سیاسیی بونیان هەیە.بەواتایەك لەبەردەم هەتاوی كاركردنی سیاسیدان . بەڵام پرسیارەكە ئەویە كوڕانی نەوشیروان مستەفا بۆ هەر دەیانەوێت لەسێبەربن ،بۆ دەیانەوێت دروستكەری  پادشاكان بن نەك خۆیان پادشا ،كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا نایانەوێت بێنە بەرهەتاوی  جوڵەكان،  ئەوان دەیانەوێت لە سێبەردا گەمەی سیاسەت بكەن،ئەم جۆرە لە یاریكردن لە ناو ململانییەكاندا هەم جۆرێكە لە ترسنۆكی لەبەرئەوەی نایانەوێت بەرگری كەوتن وداڕمانەكان بگرن ،هەمیش خۆشاردنەوەیە لە پشت پەردەوە بەناوی سادەیی و ئەندامی ئاساییەوە.جورئەتی سیاسیی ئەوەیە بەباش وخراپەوە بێتە ناو ململانییەكان ،لەبەردەم هەتاودا خۆت دەربخەیت ،خۆشاردنەوە لەپشتی پەردەوە و بڕیاردان لەسێبەر جۆرێكە لە شەرمنی سیاسیی كە تەنها ئامانج لێی فریودانی لایەنگرانە.بۆیە دروستر وراستگۆیانەتردەبن بەشداری راستەوخۆ بكەن نەك لەپشتی پەردەوە خۆیان بشارنەوە .

٣
بزوتنەوەی گۆڕان تەنها خەونێك نەبوو بۆ بێ هیواكان ،بەڵكو پرۆژەیەك بوو بۆ ئەوەی لێوەی هەنگاو بۆ گۆڕانكاریی گەورە بنرێت ،ئەوانەی لەدەوری گۆڕان كۆبوونەوە ئەوانەبوون كە خەونی باشكردنی ئەم هەرێمە وچاكردنی سیستەم و گۆڕانكاریی ریشەییان هەبوو ،ئەوانەی بەگردەكە سەردەكەوتن لایان وابوو بەسەر تەنگەژەكانی ئەم كۆمەڵگایەداهەڵدەزنین و لەپڕدا ژیان پڕدەكەن لە خۆشیی و دادگای گەندەڵكاران دەستپێدەكات ، خەریك بوو لەناو كۆمەڵگادا بەشوێنی پاكبوونەوە بناسرێت ،وایلهیاتووبوو چوون بۆ گردەكە ئەركی نیشتیمانی  و پاكردنەوەی خۆت بێت لە غوباری دونیای دوای راپەڕین ،گردەكەی زەرگەتە پڕكرابوو لە خەونی گەورە ، پڕبوو لە سبەینی باشتر ،وێنای  لە مەمەلەكەتێك بۆ كێشرابوو تۆماس مۆریش وا وێنای شارە یوتۆپیاییەكەی نەكردبوو، چ سەرنجراكێش بوو لەوێ بێت ،چ گرنگ بوو پیاسەیەك لەناو گردەكە بكەیت و بەپێكەنینەوە خۆت بكەیت بە چایخانەكەدا و وێنەیەك دابنێت ،لەوێ  هەمووی خرابوونە كارگەیەكی گەورە كارگەی بەرهەمهێنانی وەهمی گەورە وبە بەهەشتكردنی ژیانی دوای راپەڕین ،ئەری كەسێك نەبوو بە ئاگا بێتەوە بپرسێت خۆ پاڵەوانەكانی ئەوێ سوراچەكانی  دەسەڵات و پۆستی دوای راپەڕین بوو ،ئەرێ بە چایەك لەگردەكە جەلال وجەمال وعومەر بوونە خولفای راشیدین ؟ بۆیە مردنی نەوشیروان  مستەفا بە ئاگاهاتنەوە بوو لە خەونێك كە گردەكە  پیرۆزنییە ئەویش وەك لق ومەڵبەند مەكانی عالی مەقامەكانی گەندەڵییە وبەس

٤
خەونی گەورە دەبێت لە عەقڵی گەورە دروستبێت كۆمەڵگای ئێمە بە دروشم و قسەی بریقەدار و وەهمی ساختە ناگۆڕێت ،دونیای ئێمە دونیایەك نییە بە شەورۆژێك پەردە لەسەر هەموو ناشرینییەك دابدرێتەوە ،ئەم كۆمەڵگایە ئاسان چاكناكرێت لەبەرئەوەی خراپ تێكچوە ،ئاسان باش نابێت لەبەرئەوەی خراپ شڵەژاوە ،بەڵێنی ساختە وخەونی گەورە ودروشمی پڕ بە دونیا هەموانی خستە خەیاڵاتی سبەینییەكی باشتر ،بەڵام سبەینییەكە هات  قۆنتەراتچییەكانی خەونبینن چوونە ناو دەسەڵاتەوە خەونلێكەوتووەكانیان لە دامێنی گردەكە دا بەجێهشت .


PM:10:46:16/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 3236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی