چۆن لەگەڵ سوڵتان ھەڵبکەین

‌هیوا سەید سەلیم

دوای ئەوەی لە رێگەی ریفراندۆمەوە دەستووری وڵاتەکەی لە پەرلەمانیەوە گۆڕی بۆ سەرۆکایەتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە ھەڵبژاردنی ٢٤ حوزەیران لە رێگەی ھەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بە سەرۆکی تورکیا ھەڵبژێردرا، زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە بەھۆی ئەو ھەموو دەسەڵاتی کە لە دەستووری تازە پێی دراوە،  ئەردۆغان بۆ لەمەودوا وەک سوڵتانێک لە تورکیا مامەڵە دەکات.


 کێشەکەش لەوەدایە کە مامەڵەکردنی سولتانانە بۆ سەرۆکەکەی تورکیا،  تەنیا پەیوەندار نابێت بۆ ناوخۆی تورکیا، بگرە دەوروبەر و جیھانیش دەگرێتەوە، ھەر بۆیە دەبێت ھەموولا لەمەودوا ئامادەبن بۆ ئەو سیاسەتەی کە لە سایەی سوڵتانە تازەکەی تورکیا رووبەروویان دەبێتەوە.


ئاشکرایە کە سەد ساڵ بەر لە ئێستا لە ساڵی ١٩١٨ کەمال ئەتاتورک کۆتایھێنا بە دەسەڵاتی شەش سەدەی دەوڵەتی عوسمانی، وە لە ساڵی ١٩٢٣ بۆیەکەمین جار کۆماری تورکیایی ڕاگەیاند، کۆتایی بەو دەسەڵاتە ھات  کە ھەمیش خەونی داگیرکردنی تەواوی جیھانی ھەبوو، وە کاری زۆریشی بۆی کرد بەڵام تێیدا سەرکەوتوو نەبوو.


دوای ئەو سەد ساڵە کاتێک سەرۆکە تازەکەی تورکیا سوێندی دەسبەکاربوون دەخوات، ھەر بۆ چەواشەکاری دەچێتە سەر گۆڕەکەی کەمال ئەتاتورک،  ئەگینا دەبوو بچێتە سەر گۆڕی دوای سوڵتانی دەوڵەتی عوسمانی و مژدەی زیندووکردنەوەی خەلافەتی پێبدات.

رۆژی ٩ تەمووز ئەردۆغان مەراسیمەی سوێندخوارنەکەشی وا رێکخست بووکە زۆربەی سەرۆکی ئەو ولاتانە ئامادە بن کە یان رۆژگارێک بەشێک بوونە لە دەولەتی عوسمانی وەیان ئێستا بە جۆرێک لە جۆرەکان وەک ئەو بیردەکەنەوە وە یان بەرژەوەندی نەتەوەی و فکری و ئابووریان لەگەڵ سەلتەنەتە تازەکە ھەیە.


چاودێران پێیان وایە کە ئەو سیستەمە تازەیەی تورکیا بۆ ناوخۆی خۆیان ھیچ بەھایەکی ئەوتۆی بۆ پەرلەمانی وڵاتەکەی نەھێشتۆتەوە، بەتایبەت لە پرسی پەیوەندار بە (دامەزراندنی کابینەی حکومەت و چاودێری کردنی دەزگاکانی جێبەجێکردن و دانان و پەسنکردنی بودجە) بگرە ھەموو ئەو دەسەڵاتانە بۆ لەمەودوا لە دەستی سەرۆکە تازەکەی تورکیا کۆکراونەتەوە.


جا مەترسیەکە لەوەدایە کە تورکیایەک کە سەرۆکەکەی دەسەڵاتی نەبوو باری نائاسایی ساڵ بە ساڵ درێژدەکردەوە، تا بە ھەزاران کەسی لە نەیارانی بخاتە زیندان و کەناڵ و رۆژنامەی دابخات، ئێستا کە دەسەلاتی دەستووری ھەبێت دەبێت لە ناوخۆی تورکیا چی بکات؟

بۆیە دەبێت لەمەودوا ھاوڵاتیانی تورکیا بە گشتی و  کورد لە تورکیا و بەتایبەتیش HDP) )، خۆی بۆ فشاری زیاتری دەسەڵاتە تازەکانی سەرۆکی تورکیا ئامادەبکات، پێکھاتەی کابینە تازەکەش ھەر ئەوەمان پێدەڵێت کە ئەردۆغان لە دانانەوەی وەزیری ناوخۆ لە پۆستەکەی و دانانی سەرۆک ئەرکانی سوپا بە وەزیری بەرگری مەبەستیەتی باری نائاسایی و چارەسەری سەربازیانە درێژە پێبدات.


ئەم پێشبینیە لە سیاسەتی تازەی ئەردۆغان بۆ ھەرێمی کوردستانیش ھەر ڕاستە،  لەوەی سەرۆکە بە دەسەڵاتەکەی تورکیا بە غروری زیاتر مامەڵە لەگەل ھەرێمی کوردستان بکات لە فشاری زیاتری سەربازی بۆ شەڕکردن لەگەڵ PKK  و دەستوردان لە کاروباری ناوخۆی باشووری کوردستان بە تایبەت پرسی کەرکووک .


بۆیە دەبێت جیھان بە گشتی و ناوچەکە بە تایبەتی خۆی بۆ سەرکێشی زیاتری سیاسەتەکانی سوڵتان ئەردۆغانی یەکەم ئامادە بکات و دەرس و پەندیش لە سیاسەتی سەد ساڵی ڕابردووی ئەو سوڵتانانە وەرگرێت کە پروشکی ئاکری شەڕەکەیان گەیشتە زۆر شوێنی جیھان.


PM:12:32:12/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 1701 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی