شەراكەتی ناوخۆ، بۆ گرەنتی شەراكەتی بەغدا

‌سه‌رتیپ جه‌وهه‌ر‌

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق پرۆژەی دەستپێشخەریی بۆ گفتوگۆی نیشتیمانیی و قسەكردن لەسەر پرۆژەی سیاسی و چالاككردنی زیاتری ژیانی سیاسی و قوڵكردنەوەی بەیەكەوە ژیان و دیموكراسی و بەیەكەوە بڕیاردان.

بێگومان ئەو دەستپێشخەرییەی كازمیی، بەتەنها پرۆژەی كازمیی نییە، بەڵكو لایەنە پەیوەندیدارەكان بەتایبەت ئەمریكاو بریتانیا پێشتر گفتوگۆیان لەسەر ئەو پرسە كردووەو پشتیوانیی لەراستكردنەوەی هەڵەو كەموكوڕییەكانی رابردوو هەروەها سازانی نیشتیمانیی دەكەن.

ئەگەر ئەو دەستپێشخەرییەی كازمیی پێ بنێتە قۆناغێكی دیكەو ببێتە پرسێكی جددی، هەروەك ئێستا پشتیوانیی زۆربەی لایەنە گروپ و لایەنە سیاسییەكانی بەدەستهێناوە، بێگومان پێویست دەكات هەموو لایەنەكان خۆیان بۆ ئەو گفتوگۆو كۆبونەوە بەرفراوانە (نیشتیمانی)یە ئامادەبكەن. 

پرسیاری ئێمە لەبارەی ئەو گفتوگۆیەی ناونراوە نیشتیمانیی و تێیدا گفتوگۆ لەسەر پرسە هەستیارەكانی وەك هەمواری دەستورو داڕشتنەوەی پرەنسیپەكانی بەیەكەوە كاركردن و ژیانی سیاسی و شەراكەت لەحكومڕانیی دەكرێت، كورد چەندە ئامادەیە؟ لەم دۆخەی ئێستای كوردستان كە گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسیەكان بەشێوەیەكی گشتیی پەكیكەوتووە یان زۆر لاوازە، دەتوانرێت چی بكرێت؟ كورد بەیەك وەفدو تیم دەتوانێت بچێتە ناو ئەو گفتوگۆیانە؟ یاخود پەرتەوازەو هەر حزبەو بەجیا دەچێتە بەغداو سەرەنجام ململانێی سیاسی كوردستان و گرفتە ناوخۆییەكان زاڵ دەبێت بەسەر ئامادەبوونی كورد لەو كۆبونەوە بەرفراوانەی بەغدا؟

كوردیەكەی، هەرێمی كوردستان لەبارودۆخێكی خراپدایە. پەیوەندییەكانی لەگەڵ دەوروبەر لەسەرخۆو ئاسایی نییە، لەگەڵ بەغدا روون نییە، لەناوخۆ دانوستانی نێوان لایەنەكان نییە! لەوە خراپتر پرسی كورد بەهۆی ئەو ناكۆكی و پەرتەوازەییەی هەیە، لەپاشەكشەیەكی خێراو خراپدایە.

لایەنە پەیوەندیدارەكان، بەتایبەت ئەمریكاو بریتانیا لەدیداری لێپرسراوانی كورد بەروونی پێیان وتوون ئەگەر دەتانەوێت لەو كۆبونەوە نیشتیمانییە كە ئەوان پشتیوانیی لێدەكەن كاریگەربن، پێویستدەكات ئێوە وەك لایەنە سیاسییەكانی كورد، یەك هەڵوێست و یەك پرۆژەی هاوبەشتان هەبێت و بەیەك وەفد بەشداری لەكۆبونەوەكاندا بكەن، چونكە گفتوگۆكانی ناو ئەو كۆبونەوە فراوانە، پەیوەندی بەپرسی هەمواری بەشێك لەبڕگەكانی دەستورو سازانی نیشتیمانیی و مشتوماڵكردنەوەی پرۆسەی سیاسی عیراقەوە هەیە.

ئەوەی لێرەدا گرنگە رونیبكرێتەوە بارودۆخی كوردستان زۆر هەستیارە، رۆژ دوای رۆژ بەهۆی ئەو ناكۆكییانەی ناوخۆو نەبوونی شەراكەت لەحكومڕانی كوردستان، كوردكوردستان لەخراپەوە بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت، ئەگەر تەگبیرێك لەبارودۆخەكە نەكرێت بەدڵنیاییەوە لێكەوتەكانی باش نابێت و زیانی گەورە بەچارەنوسی كوردستان دەگات.

گرنگتر ئەوەیە بەرلەوەی باس لەكۆبونەوەی نیشتیمانیی بەغدا بكرێت، دەستپێشخەریی و كۆبونەوەیەكی نیشتیمانیی لەكوردستان بكرێت. ئەو كۆبونەوەیە هەموو لایەنەكان تێیدا بەشداربن، كۆی گلەیی و گرفتە كەڵەكەبووەكانی كوردستانی لێ باس بكرێت، پێویستە بەرلەوەی باس لەشەراكەتی راستەقینە لەحوكمڕانیی و ژیانی سیاسی و بەشداری كورد لەبەغدا بكرێت، هەمان چەمك لەكوردستان قوڵبكرێتەوە تاوەكو ببێتە هەوێنی یەك پرۆژەو یەك وەفد بۆ بەشداریی لەكۆبونەوە بەرفراوانەكەی بەغداو قەڵغانی روبەرووبونەوەی وڵاتانی دەوروبەر كە لەسەر پولێك ئەو هەموو سوكایەتیەیان بەكورد دەكەن.


PM:09:45:14/03/2021

ئه‌م بابه‌ته 568 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی