ترەمپ لە فەزایەكیتر دەژی

‌رێبین عومەر


ئێمەی كورد زۆر دڵمان بە بوونی ئەمریكا خۆش بوو بە تایبەت لە هاتنیان بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆمان وەك نزیكترین هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریكا لە ناوچە لەقەڵەم دا، بە درێژایی ئەو ماوەی لە ساڵی 2003 تا ئەم ساتە ئەمریكییەكان لە ناوچەكوردییەكانن بەهیچ شێوەیەك رووبەڕوی پەلامار نەبوونەوە. بەڵكو خەڵك و حكومەتیش پارێزوانی ئەمریكییەكان بوون لە كاتێك لە ناوەڕاست و باشوری عێراق ئەمریكییەكان وەك داگیر كەر لە قەڵەم ئەدران و رووبەڕووی كوشتن دەبوونەوە.

 بەڵام لە ناوچە كوردییەكان بە گوڵ پێشوازی لە بوونی ئەمریكا ئەكرا. وەها لە كەلەی سیاسی و خەڵكی كورد چەسپیبوو كەبوونی ئەمریكا بەندە بەمانەوە و بەهێزی كیانی كوردییەوە.تەنانەت زۆر زیاتر لە ئاستی خۆی موجامەلەی ئەمریكا و بەرژەوەندییەكانی لە هەرێمی كوردستان كرا، بەڵام لە ماوەی دوو ساڵدا رووی راستەقینەی سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكە دەركەوت لە 2017 لە سەرو بەندی پاشەكشێی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم .

  2019 لە سەرو بەندی هەڵكردنی گڵۆپی سەوز بۆ لەشكركێشی تورك بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان ،ئەمریكییەكان خراپترین نیەتی سیاسی خۆیان لەمەڕ كورد نیشاندا، وەها چونە دۆخێكەوە كە رێگە بەخۆیان دەدەن پشت لەو هاوپەیمانەیان بكەن كە زیاتر لە یانزە هەزار شەهیدی لە جەنگی داعش داو پارێزگاری لە بوونی ئەمریكا كرد لە باكوری سوریا .

 رووی سیاسی حكومڕانی ئەمریكا بەخراپترین شێوەی لەمەڕ دۆسییەی رەوای كورد قسە ئەكەن .هەر لەبەر ئەوەش سەرۆكی ئەمریكا كە پیاوێكی بازرگانە و زۆرتر چاوی لە پارەیە بێ ئەوەی رێز لە سۆزی میللەتێكی وەك كورد بگرێت و بە ناڕەوایی باس لەوە دەكات كە كورد لە گەڵ تورك شەڕی كۆنیان هەیە و ئێمە پەیوەست نین بەو ململانێیەوە. یاخود باس لەوە دەكات كە كوردەكان لەشەڕی نۆرماندی لە فەرەنسان پشتگیری سوپای ئەمریكایان نەكرد دژی نازییزم .ئەوە ئەوپەڕی بێفەڕییە بەرامبەر بە گەلێكی ستەم دیدەی وەك كورد.


AM:11:12:13/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 5432 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی