دوو نامە بۆ بەستنی كۆنگرە

‌رێبین عومەر

نۆ ساڵ بەسەر بەستنی كۆنگرەی یەكێتی تێدەپەڕێت لەماوەی ئەو نۆساڵەدا گەلێك گۆڕانكاری گەورە لە ئاستی ناوخۆی و هەرێمی و جیهانی رویانداوە و دۆخی یەكێتیش وەك حزب بەهەلومەرجی سەخت دژوار تێپەڕبووە بەتایبەت نەخۆش كەوتن و پاشان كۆچی دوای سەرۆك مام جەلال گەورەترین زیان بوون كەبەر جەستەی یەكێتی كەوت بەتەواوەتی شەكەتی كرد، لەو مێژووە تا ئەمڕۆ یەكێتی دووچاری پەتای بڕیاری سیاسیی بووە و نەیتوانی بەئاسانی رەوتەكانی نێوی یەك بێو بەیەك دەنگی هەڵوەستە بكەن.

سەردەمی خۆدزینەوە لەبەستنی كۆنگرە بە شێوەیەكی بەرنامە بۆداڕێژارو درێژكرایەوە لەو ماوەیەدا یەكێتی جارێك ناوەندی بڕیار و جارێك هاوپەیمانی هاودیدەكانی لێ بووە بە ئاشكرا وەك دوو جەناحی سیاسی لەناو جەستەی یەكێتی دەركەوتن و بوونە دوو ئەجێندای جیاوازی سیاسی كە زۆركاتیش بەهۆی زۆری كێشە ناوخۆییەكان یەكێتی لە هاوكێشە سیاسییە ناوخۆیی و هەرێمییەكان وەك حزبێكی پەرت پەرت بوو وێنا كرا كە بە سانایی ناگاتە بڕیار ئەویش بەهۆی كۆبوونەوەی جەمسەر و سەری سیاسیی جیاواز، بەوجۆرە كێشەكان تا ئەمڕۆ درێژەیان كێشاو كەسیش دەستێكی بۆ چارەسەری راستەقینەی ئەم برینە قوڵە نەبرد.

ساڵی 2014 كە وادەیی بەستنی كۆنگرەی یەكێتی بوو دەبوو حزبەكەی مام لە رێگەی بەستنی كۆنگرەوە نوێببێتەوە بەڵام نۆساڵ بێدەنگی توڵی كێشا هەرلەبەرئەوەش پرسی بەستنی كۆنگرە بووە گرێیەكی كوێر و هیچ كەس دەستی بۆنەبرد و گرێكە هەروەك خۆی مایەوە، یەك لەو سەركردانەی كە بەردەوام باسی لە بەستنی كۆنگرەكردووە (شاناز برایم ئەحمەدە) سەرباری ئەوەی چەند جارێك لەرێگەی كۆڕو كۆبوونەوە حزبییەكانەوە دەنگی جەماوەری یەكێتی گەیاندە ئەو تیمەی خۆیان لەبەستنی كۆنگرە حەشارداوە.

بەڵام لە كۆتا جاردا لە رێگەی دوونامەی پڕ هەستكردن بەبەرپرسیارێتی كە ئاراستەی جێگری سكرتێری گشتی كردووە مكوڕ بوونی خۆی و جەماوەری یەكێتی دەخاتەڕوو كە چیتر لەم تونێلە تاریكەوە ئاسۆ دیار نییە كە ئایندەی یەكێتی بەچ ئاقارێك دەڕوات هەر لەبەرئەوەش بە گیانی چەپكە گوڵەكەی مام و دوور لە دەستەو تاقم تاقمێنەی كوتلەبازی داوای پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتیكردووە  و داوای نوێبوونەوەی حزبی شەهیدانی كردووە.

هەردوو نامەكەی شاناز برایم ئەحمەد و پەیامەكانی وەختی بانگەشە بۆ بەستنی كۆنگرە هەر داخوازی و خواستی ئەو نین  بەڵكو دەنگی كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەكان و ژنان و گەنجان و لاوان و كادیر و جەماوەری یەكێتین كە لە تەنگانەش هەر یەكێتین و خواستیانە یەكێتی نوێبێتەوە و لەم چەرخی دۆگما بوونە رزگاری بێت.


PM:12:11:17/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 5428 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی