یەکێتی بیانوو دەگرێ ؟!......

‌عادل عەلی

پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت زۆری نەماوە ببێتە گەمەیەکی بێزراو،ئەوا بۆ شەش مانگ نزیک دەبینەوە لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن،کەچی نە پەرلەمان ئەرکەکانی خۆی جێبەجێکردووە نە لایەنە سیاسیە براوەکانیش توانیویانە بگەنە خاڵی کۆتایی   رێکەوتن بە ئاقاری پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم..

نە لەو سەری تونێلەکەشەوە روناکی ئومێد بەخیشیش هەست پێناکرێ..ئەوەی هەیە درێژەکێشانی کۆبوونەوە بێ ئەنجامەکانە بە تایبەتی لە نێوان دوو لایەنە سەرەکی و بەرپرسەکەی سیاسەتی هەرێم..

لە راستیدا ئەگەر بەوردی سەرنج بدەینە بارودۆخی ئیستای هەرێم و رەوتی پرۆسەی گفت وگۆکان لە نیوان پارتی یەکێتی چەند راستی و ئەگەرێکمان بۆ بەرجەستە ئەبێت...ئاشکرایە هەر لە سەرەتاوە یەکێتی جۆرێک لە دوو دڵی هەبوو سەبارەت بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و قبوڵکردنی دەرئەنجامە چاوەڕواننەکراوەکانی و رێژەی کەمی بەشداری لە دەنگدانیش بۆی پرسێکی گرنگ بوو.ئەڵبەتە قبوڵکردنی ئەنجامەکەشی روون بوو لە پێناوی تێکنەچوونی کەش وباری سیاسی هەرێم  لە ناچاریدا قبوڵکرا..
ئەم دوو هێزە سەرەکییە کە رەسمی سیاسەتی هەرێم دەکەن لەدوای ریفراندەمە سەرنەکەوتوەکەی پارتی و روداوەکانی دوای ئەو زۆر دڕدۆنگانە پەیوەندییە دوو قۆڵیەکانیان درێژە پێدەدەن و هەندێک جاریش تا رادەی دوژمنایەتی بە تایبەتی لە کەرکوک و بەغدا..

روداوەکانی دوای ریفراندەم کە پارتی ئۆباڵی شکستەکەی دەخاتە سەر شانی یەکێتی و بە خیانەتی۱٦ ئۆکتۆبەر ناوەزەدی ئەکات و جاروبار میدیاکانی دەرحەق بەو پرسە گەرم دەکات و هەر لەپای ئەوەو بۆ تۆلەکردنەوە لە بەغدا هەرچی لەدەستی هات کردی و تا هەنووکەش دژایەتی سەرۆک کۆمارو کۆسپ دروستکردن بۆ ئاسایی کردنەوەو کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک درێژە پێدەدات و هەروەها میتۆدی برا گەورەیی و هەژموون کردن بەسەر جومگەکانی دەسەلاتی هەریم لە بیرکردنەوەی پارتی کاری پێدەکرێت..لەبەرامبەردا یەکێتی سەرەرای کێشە نێوخۆییەکانی ئەم جارە بە یەکیتی گوتارەوە هاتۆتە نێو حەلەبەی ململانێکانەوەو باشترو چاکتر لە مەترسییەکانی قۆرخکاری و دەسبەسەراگرتنی دەسەڵاتی تاکرەوانە تێگەیشتووەو دەیەوێ ئەوەی کە رزگار دەکرێت رزگاری بکات(إنقاذ ما يمكن إنقاذه ) و هاوبەشی جارێکی تر بخاتە ژێر پرسیارو مانای راستەقینەی بۆ بگێرێتەوە.. 

تا ئیستاش پارتی درێژە بە پرۆسەی گفتوگۆکانی دەدات لەگەڵ یەکیتیدا، لەسەرەتاوە داواکانی یەکیتی زۆر بەهەند وەرنەگرتبوو بە نیازی رازی بوون بە کەمی ئەوان بەشداری پێکردنی یەکیتی نەک بەشداری کردنی راستەقینە. ئیستا کە ئیدی یەکیتی شێلگیرانە پێدادەگرێت و شەراکەتی راستەقینەی دەوێ لە هەرەمی دەسەڵاتی پرۆسەی بریارە سیاسی و ئابورییەکان ،پارتی ئارایشێکی نوێتری بە زمان و روخساری گفتوگۆکان داوە.باش دەزانێت کە درێژە کێشان و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ نەک هەر بۆ ناوبانگی لیستی براوە خراپە بەڵکو هیچ لەبەرژەوەندی ناکۆکییەکانی نێوخۆی پارتیش نیە،جگە لەو راستیەی کە پیکهینانی کابینەی نوێ و هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم بێ بەشداری فراکسیونی سەوزو قاوەیی و پرتەقاڵی وئەوانی تر ئەو سەرۆکە نابیتە سەرۆکی هەموو هەرێم...ئەوەی پارتی لێرەو لەوێ تێگەیشتنەکانی یەکێتی و داواکارییەکانی لەهەمبەر پرۆسەی سیاسی و بەشداریدا لەداهاتووی حوکمڕانی کوردستان وەک زیادە بیانوو ناوەزەد ئەکات..ئیدی کات هیچ لەبەرژەوەندی پارتیدا نەماوەو دەبێت دوا هەڵویستی خۆی بەرجەستە بکات ..ئەگەر یەکیتی پلانی (ب) هەبێت کە روونە ئەو پلانە بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت..ئەی دەبێت پلانی (ب) پارتی چی بێت بۆ کۆتایی هێنان بە گرفت و پرسی پێکهێنانی حکومەت ئایا هاوپەیمانییە نوێیەکەی تاسەر لەگەڵیدا دەمێنێتەوە یاخود ئەویش لەژێر فشاری جەماوەرەکەیدا ناچار بە پاشەکشە دەکرێت ..روداوەکان لە چەند رۆژی داهاتودا خێراتر بەرەو دوا ئەنجام دەڕوات....


PM:04:45:01/04/2019

ئه‌م بابه‌ته 3676 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی