سێ رسکێنی پێکهێنانی کابینەی نوێ

‌عادل عەلی


هێندەی نەماوە بگاتە سێ مانگ کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هاتووە،جگە لە دانیشتنێکی پەرلەمان هیچی دیکە نەبووەو کۆونەوەکانی پەرلەمانیش بەکراوەیی بەجێهێڵراوە ئەمە وێڕای ئەوەی کە لەوادەی دیاریکراو و رێپێدراوی خۆی تێپەڕ بووە و کەسیش ناپرسێت کەی وادەی بەستن و دانیشتنی دووەمە..

چاوی پەرلەمانتارەکانی هەموو فراکسیۆنەکان و چاوی چاودێرانی سیاسیش بەدیار ئەنجامێکی روونەوە ماندوو بووە لە هەمبەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم.کەچی تا هەنووکە هیچ خەبەرێک لەوبارەوە نە هەیە نە هەستیشی پێدەکرێت.چوار کۆبوونەوەی تایبەتمەند بە باسو خواسی پێکهێنانی حکومەت لەماوەی رابردودا سازکراوە،دوو کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی و دووو.کۆبوونەوەی پارتی و گۆڕان،بەبێ ئەوەی بچوکترین بەرهەمی دڵخۆشکەرەی لێ بکەوێتەوە.

تا ئێستا ئەجیندای هیچ لایەک بۆ بەشدارییەکی کارا لەحکومەتی هەرێم ئاشکرا نەکراوە،جگە لە پەیام و بەرنامەکانی لیستەکە نەبێت لەساتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا نەبێت.دەنا بۆ بەشداری و میکانیزمی بەشدارییەکی هیچ مەسجێکی روون لەئارادا نییە...

ئەوەی تاکو ئێستا گوزەراوە لە یارییەکی دێرینی کوردەواری دەچێت سێ رسکێن کە پانتایی یارییەکە زۆر بەرتەسکەو بژاردەکانیشی کەمە ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە ماوەی زەمەنی یارییەکەش زۆر کەمەو زوو کۆتایی دێت.

دەبێت سەرلەنوێ یاری نوێ دەستپێ بکەیتەوە.جەولەکانی هەر سێ لایەن و درێژەکێشانی کۆبوونەوەکان لە چەشنی یاری سێ رسکێنەکە ئەچێت،ئەگەر ئەو یارییە ناوی سێی هەڵگرتووە کەچی لەنێوان دوو بەرەدایە بەڵام کەسی سێیەم و چوارەم و ....هتد ئەتوانن هاندەر بن.ئێستا دوو هێزی سەرەکی کە پێشینەیەکی دورو درێژیان لە کێبەرکێ و هاوپەیمانیدا هەیە بەڵام ئێستا لایەنی سێیەم لەو نێوەندەدا پەیدا بووە ،لە نێوان ململانێکانی هەردوو هێزی یەکەم و دوومدا گەمەیەکی ناروون دەکات و پێی وایە ئەمجارەی بەشداریی گۆڕان وەک جاری پێشوو نابێت و دورە لە ئەجندای رابردوو.

هەرچی لایەنی یەکەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە سەری دەسەڵاتە هەستیارەکان بۆ خۆی ببات ،ئەگەرچی بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن وەک هێزی یەکەمی براوە مافی خۆیەتی وەک گەورەترین فراکسیۆن راسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت..بەڵام پارتی هەم گەرەکیەتی و هەم بە نیازە پشکی شێر ببات بە تایبەتی جومگە هەستیارەکانی حکومەت..

هەرچی یەکێتیشە تا هەنووکە ئەجیندای زۆر روون نیە ئەگەرچی لە پەیامەکانیدا رایگەیاندووە کە شەراکەتێکی راستەقینەی دەوێت وەک هێزی دووەم بەڵام میکانیزم و چۆنییەتی ئەو شەراکەتەی رون نەکردۆتەوەو کام جومگانەی گەرەکە بەدەستیەوە بگرێت و تەنانەت لەهەردوو کۆبوونەوەی ئەم دواییەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و مەکتەب سیاسی هەر تەوەرە گشتیەکان باسکراون بە پێی راگەیاندنی کۆتایی بە بێ ئەوەی کۆنکرێتی خاڵی خستبێتە سەر وشە بەتایبەتی لە کاندیدکردنی کەسەکان ئەگەر یەکێک لە پۆستە سیادیەکانی حکومەت و پەرلەمان بەر یەکێتی بکەوێت..

سیناریۆکانی پێکهێنانی حکومەت تا ئێستا تەم و مژاوییە و هیچ ئاسۆیەکی دڵخۆشکەرە هەست پێناکرێت و پێ دەچێت دوا کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە هەولێر لێکتێگەیشتنەکان خراپ بووبن...ئێستا یەکێتی و پارتی بە سێ ئەجیندای جیاواز مامەڵە لەتەک یەکتریدا دەکەن،لە بەغدا دژایەتی یەکتری دەکەن و لەکەرکوک وەک دوو هێزی سەنگەر  گرتوو بەرامبەر بەیەک و لە هەرێمیش باسی شەراکەت و هاوپەیمانی دەکرێت.بەم سێ ئاراستە جیاوازە کارێکی سانانییە بەو نزیکانە نزیک بوونەوەو لێکتێگەیشتن و وقبوڵکردنی یەکتری رووبدات.لەلایەکی دیکەوە هەردوو پارتی و یەکێتی متمانەیان بە گۆڕان نیە بەشدارییەکی راستەقینە بکات بە ئەزموون وەرگرتن لە رابردوو،لەگەڵ ئەوەشدا گۆڕان خاڵی دورخستنەوەی هەردوو هێزی سەرەکیە بۆ پیکهێنانی حکومەت لەئەنجامی ئەو گەمەیەو گرەوەی هەردوو لەسەر گۆڕانی دەکەن ئەڵبەتە لەمەیاندا پارتی زیاتر ئەو گەمەیە دەکات،کە پێم وایە هیچ لایەک سود مەند نابن .بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی گۆران هێزێکی پۆپۆلیستی بێ سوباتی سیاسیە بەتایبەتی لە قۆناغی ئێستادا کە توشی جۆرێک لە شۆک و نارۆشنی بووە لە مامەڵەو سیاسەتەکانیاندا.

دەرئەنجام یاری سێ رسكێنەکە بەردەوامەو ژمارەی کۆبوونەوەکانی پێکهێنانی حکومەت بەرەو هەڵکشان دەڕوات بێ ئەوەی بەرهەمێکی لێبکەوێتەوە بەئاراستەی دروستکردنی حکومەت لەم قۆناغەدا کەئەرکەکانی زۆر قورس و گران دەبێت...


PM:12:11:16/12/2018

ئه‌م بابه‌ته 3944 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی