ئەردۆگان بۆ هەڵبژاردنەکانی ساڵێکى هێناوەتە پێش؟

‌شێرکۆ کرمانج


بڕیاربوو هەڵبژاردنەکان بۆ سەرۆک کۆمار و هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانی تورکیا لە نۆڤەمبەری ٢٠١٩ ئەنجامبدرێن کەچی ئەردۆگان بە بڕیارێک هەڵبژاردنەکانی پێشخستووە بۆ مانگی حوزەیرانى ئەمساڵ.

لەم کورتە بابەتە هەوڵدەدەم هۆکارەکانی پشت بڕیارەکەی ئەردۆگان بخەمەڕوو:

یەکەم، ئەردۆگان لە ڕیفراندۆمەکەی پار کە سیستمی حوکمی لە پەرلەمانی گۆڕی بۆ سەرۆکایەتی مەبەستی ئەوە بوو کە هەرچی زووترە ئەو دەسەڵاتەکانی وەک سەرۆک بەکاربهێنێت، بەڵام لەبەرئەوەی بەپێی بڕیاری ڕیفراندۆمەکە سەرۆک تەنیا لە هەڵبژاردنی داهاتوی تورکیاوە دەتوانێت هەموو ئەو دەسەڵاتانە فەراهەمبکات کە دەستورە نوێکەی پێدەبەخشێت، بۆیە ئەردۆگان دەیەوێت بەزووترین کات هەڵبژاردن بکرێت تاوەکو کەڵک لە دەسەڵاتە نوێکانی سەرۆک وەرگرێت.

دووەم، ئابوری تورکیا لەدوای هەڵگیرسانەوەی شەڕ لە کوردستانی تورکیا لە ناوەڕاستی ٢٠١٥ و هەروەها دوای "کودەتا" سەرنەکەوتووەکەی تەموزی ٢٠١٦  ڕۆژبەڕۆژ بەرەو خراپی دەڕوات،  یەکێک لە نیشانەکانی ئەم بارودۆخە خراپە دابەزینی لیرەی تورکیە بۆ تۆمارێکی بێ پێشینە، لە نیسانی ٢٠٠٨ دۆلارێکی ئەمریکی 1.30 لیرەی تورکی بوو، دوای دە ساڵ لە حوکمی ئەردۆگان ئێستا لە نیسانی ٢٠١٨ دا دۆلارێکی ئەمریکی 4.10 لیرەی تورکییە، واتە نزیکەی چواربار نرخی دابەزیوە، دیارە نیوەی ئەم دابەزینە لە نرخی لیرەی تورکی لە تەموزی ٢٠١٦ ـەوەیە، واتە دوای ئەوەی ئەردۆگان بوو بە سەرۆک کۆمار، ئابوریناسەکان پێشبینی داتەپینی زیاتری لیرەو داڕمانی ئابوری تورکیا دەکەن، بۆیە ئەردۆگان دەیەوێت هەرچی زووترە بچێت هەڵبژاردن بکات پێش داتەپین ‌و داڕمانە گەورەکان.

سێیەم، لەوەتەی مێراڵ ئاکشەنەر، حیزبێکی نوێی بەناوی (İYİ ) لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ‌ـەوە دامەزراندوە، ئەردۆگان ترسی ئەوەی لێنیشتووە کە تا کات بڕوات ئاکشەنەر جەماوەری زیاتر دەبێت، بۆیە ئەردۆگان پێیوایە کە واچاکە پێشئەوەی گڕو تەوژمی ئاکشەنەر پەرەبسەنێت هەڵبژاردن سازبکات، ئەردۆگان پێیوایە کات لە بەرژەوەندی ئەو نیە بەڵکو لە بەرژەوەندی ئاكشەنەرە.

چوارەم، ئەردۆگان دوای داگیرکردنی عەفرین خۆی وەک ئەو سەرکردەیە نیشانداوە کە دەتوانێت دوژمن بشکێنێت‌ و ناسیونالیست‌ و ئیسلامییەکان وەگەڕبخات، ئەو پێیوایە ئێستا کاتی ئەوەیە کە کەڵک لەو سەرکەوتنانە و لە وروژانی هەستی ناسیونالیزمی تورکی ‌و ئیسلامیزم وەربگرێت پێش ئەوەی وروژانەکان خاوببنەوە.

پێنجەم، دوای داگیرکردنی عەفرین، ئەردۆگان هەڕەشەی گرتنی مەنبەج ‌و تەواوی ڕۆژاڤای کوردستانی دەکرد، بەڵام هەڵوێستی ئەمریکا لەبەرانبەر مەنبەج‌ و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژاڤا پێدەچێت جیابێت لەوەی عەفرین، تا کاتیش تێپەڕبێت ئەزمونی ڕۆژاڤا جێکەوتەتر دەبێت‌ و هەڕەشەکانی ئەردۆگان پوچتر دێنە پێش چاو، بۆیە ئەو دەیەوێت هەڵبژاردن بێنێتەپێش‌ تاوەکو هەڕەشەکانی بەئاشکرا درۆ دەرنەکەون.

داخۆ ئەردۆگان لەو کارەی سەرکەوتوو دەبێت یان نا ئەوە پرسێکی دیکەیە بەڵام بەدڵنیاییەوە قومارێکی گەورە دەکات.


PM:02:31:19/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 1376 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی