مارکەی یەکێتی !

‌ئارێز عه‌بدوڵا

جارێکی تریش یەکێتی بووە سەردێر و مانشێتنی ھەواڵەکان. چل ساڵی ڕابردوو یەکێتی ھێزێک بووە ئەوەندە کارا و کاریگەر بووە نەک لەسەر ئاستی کوردستان بەڵکو لەسەر ئاستی ناوچەکە و جیھانیش ناسراوە و بابەتی باسی دۆستان و دوژمنان بووە. سەرەڕای ئەوەش شێوازی پێکھاتە و ھەڵومەرجە بابەتیەکان ھەمیشە ھۆکار یان یاریدەدەری سەرھەڵدانی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆی بوونە، ئەوەتا لەساڵی (١٩٧٩) بزوتنەوەی لێ جیا دەبێتەوە و بەشێک لەو بزووتنەوەیە لەساڵی (٢٠١٦) دەگەرێتەوە ناوی، لە ھەشتاکان ئاڵای شۆڕشی لێ جیا دەبێتەوە و لە دوای ڕاپەڕین دەگەرێتەوە ناوی، لە (٢٠٠٩) بەشَکی لێ جیادەبێتەوە و خۆی بەگۆڕان دەناسێنێت و لە (٢٠١٦) لەگەڵی ڕێکدەکەوێتەوە.

واتا بەکورتی یەکێتی لە جوڵانەوەیەکی بەردەوامدابووە و ئەو ناکۆکیە ناوخۆیانەشی ئەگەر لە لایەک بەزیان شکابێتەوە بەوەی کە ناوە ناوە بەشێکی ھێزەکەی لێ دابڕاوە و کادیران و ئەندامانی نیگەران کردووە، بەڵام لە لایەکی دیکە ئەوە بەڵگەی زیندویەتی و فەراھەم بوونی ئازادی دەربڕین و ڕاگەیاندنە لە ناویدا کە ئەمەش ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەری بۆ سەر گەشە سەندنی دیموکراسی و دەستەبەربوونی ئازادیەکان لەسەرتا سەری کوردستان ھەبووە و ھەیە. من پێم وایە حزبێک ئەگەر لەناو خودی خۆیدا دیموکراسی نەبێت و دیکتاتۆریەت پەیڕەو بکا ھەرگیز ناتوانێت خەبات بۆ ئازادی و دیمۆکراسی بکات، بۆیە یەکێتیەکان سەرەڕای نیگەرانی و ماندووبونیان بەو ناکۆکیانەوە شانازیش بەو ئازادیەوە دەکەن کە لە ناوخۆ ھەمانە و لە دەرەوەش خەباتی بۆ دەکەین.

زۆرجار گرەو لەسەر مان یان نەمانی یەکێتی کراوە، بەڵام ڕۆژگار و ئەزموون وەڵامی داوەتەوە و یەکێتی لە شکستەکان بە تەکانێکی گەورەتر ھەستاوەتەوە.

ئایا دەزانن ئەوە بۆ چی؟

چونکە یەکێتی ھێزێکی سیاسی کۆمەڵایەتی جێگیر و پێویستە و لەسەردەمێک سەریھەڵداوە کە دامەزرێنەرەکەی باش سەرەدەرەی لە پێکھێنەرەکانی و ھۆکارەکانی پێویست و بنەماکانی بەردەوامبوونی ھەبووە. دەکرێت بڵێین یەکێتیی مارکەیەکە (٤١) ساڵ پێش ئێستا لەلایەن مام جـەلال پێکھاتەکانی دۆزراونەتەوە و دامەزراوە و ھەمیشەش ڕەواجی ھەبووە و ئەگەر جارجارەش بازاڕی کزبووبێت، بەڵام دواتر ھەر گەرم بۆتەوە و ھەرگیز نرخ و بایەخی بەرو کاڵاکانی لەدەستنەداوەو بۆ دواڕۆژیش لەدەستی نادات.

مارکەی یەکێتیی بۆ کوردستان، بۆ نەتەوەی کورد، بۆ عێراق و بۆ سەقامگیری و دیموکراسی ناوچەکەش ھەر بەپێویستی دەمێنێتەوە و ھەر کەس و لایەنێکیش لاسای بکاتەوە ئەوا بەدڵنیاییەوە سەرەدەری لەنھێنی پێکھاتەکانی دەرناکات چونکە نھێنیەکان تەنھا لە گیرفانی مام جەلالدا پارێزراون. کەواتە وەرن با بەیەکەوە لە چوار چێوەی یەکێتی و بۆ ئایندەی یەک یەکێتی کاربکەین و قوربانی بدەین.


PM:06:38:03/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 5440 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی