نا عەبادی وا نابێ!

‌ئارێز عه‌بدوڵا

ئەمڕۆ لە نوسینگەی بەرێز حیدەر عەبادی ئاگادار کرامەوە کە بۆ فیستفالە سەربازیەکەی سبەی کە بەبۆنەی سەرکەوتن بەسەر داعش لە بەغدا ساز دەکرێ بانگھێشت کراوم و منیش بە سوپاسەوە بانگھێشتەکەم قبول کرد. بەڵام دواتر کە گوێم لەو وتارەکەی بەڕێز عەبادی گرت کە بە ھەمان بۆنە ئەمڕۆ پێشکەشی کرد بینیم ناوی پێشمەرگە ناھێنێ و باسیش لەو ھەموو قوربانی و قارەمانیەتیە ناکات کە ھێزی پێشمەرگە لە ڕووبەروو بونەوەی لەگەڵ داعش و تۆماری کرد، زۆر نیگەران بووم بۆ پرۆتستۆکردنی ئەو ھەڵوێستەی بەڕێز عەبادی بڕیارمدا کە سبەی بەشداری ئەو فیستفاڵە نەکەم.

بەڕێز عەبادی سەری زمان و بنی زمانی یەکپارچەیی خاکی عێراق و جێبەجێ کردنی دەستورە، بەڵام بەکردار بە پێچەوانەوەیە و ئەو سیاسەت و ھەڵوێستانەشی لەلایەک بەڵگەی پابەند نەبوون بەدەستور و لەلایەکی دیکەش ھۆکارێکە بۆ لێکترازاندنی عێراق. 

بەڕێز عەبادی ھێزی پێشمەرگە لە مافە دەستوریەکانی بودجەی 2018 بێ بەش دەکا و ھێڕشی سوپاو حشد بۆ سەر کەرکوک وەک پەلاماری ئەو ھێزانە بۆسەر داعش وەسف دەکا و لە وتاری کۆتایی ھاتنی داعشیش ناوی پێشمەرگە ناھێنێ. کەواتە بەڕێز عەبادی رێبازێکی جیا لە رێبازی عێراقی نوێ و جێبەجێ کردنی دەستور گرتۆتەبەر. من ھیوادارم ئەوەی لە ماوەی ڕابردوو بینراوە و بیسراوە بەسەردا تێپەرین و دریشت بینی بەڕێزیان بێ نەک پیلان و پلان. 

بێگومان ئەو جۆرە رێباز و سیاسەتە نەک ھەر لەبەرژەوەندی ھەرێمی کوردستان بەڵکو لەبەرژەوەندی تەواوی پێکھاتەکان و ئایندەی عێراقیش نیە.


PM:11:13:09/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 1958 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی