بەھرۆز گەڵاڵی و تورکیا !

‌ئارێز عه‌بدوڵا

ئاودیوکردنەوەی کاک بەھرۆز گەڵاڵی لە لایەن حکومەتی تورکیا کارێکی سادە و بڕیارێکی سەرپێی نییە، بەڵکو بڕیارێکە لە ئاستە باڵاکانی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش ی.ن.ک دراوە. تورکیا بەبیانویەک ئەم کارەی کردووە، بەڵام ھۆکارەکان گەورەتر و جیاواز ترن.

 ئەگەر مەسەلە کاک بەھرۆزە ھەموومان دەزانین ئەو وەک دیبلۆماتکارێکی شارەزا چەندین ساڵە ئەرکەکانی سەرشانی خۆی بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و یەکێتی بەتایبەت جێیبەجێ دەکا و ھەمیشەش ھەوڵی داوە کە پەیوەندیەکانی نێوان ھەرێم و تورکیا بۆ بەرژەوەندی ھاوبەش توندوتۆڵ و ھەمەجۆربن، واتا ئەو لە ڕوانگەی بەرژەوەندی ھاوبەش کاری کردوە و تورکیاش ئەو راستیە باش دەزانێ،

 بەڵام کاتێک ئاودیو کردنەوەی کاک بەھرۆز وەک ئاماژەیەک بۆ بوونی کێشە و ناکۆکی نێوان ی.ن.ک و تورکیا بەکاردێنێ راست دەکات. راست دەکات چونکە دید و بۆچوونی یەکێتی و تورکیا بۆ قەیرانەکانی ناوچەکە و عێراق و ناوخودی تورکیاش زۆر جیاوازن و ئەو جیاوازیانەش بۆ ئەو سیاسەتە تەمو مژاویەی تورکیا دەگەڕێتەوە کە ماوەی چەند ساڵێکە بەرامبەر بەر عێراق و سوریا ئەوروپا و تەنانەت ناو خودی تورکیاش پیادەی دەکا.

 تورکیا قەیرانی دیبلۆماسی تەنیا لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و یەکێتی نیە، بەڵکو وڵاتێکە لەسەر نەخشە رێگای سفرکردنەوەی کێشەکان گەیشتۆتە قۆناغی ھەزار کێشە لەناو خودی خۆی و لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی ئەورپا و ئەمریکا. شوێن بزربوون یان رفاندنی دوو کارمەندی دەوڵەتی تورکیا بیانوی ھەڵوێستەکەیەتی لە کاتێکدا لەناوخودی تورکیا رۆژانە دەیان کەس بەدەستی دەوڵەت و رێکخراوەکانی تر دەرفێندرێن و بێ سەر و شوێن دەکرێن.

 ئەوە بیانوە دەنا تورکیا باش دەزانێ نەک ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ناتوانین سنورەکانی خۆمان سەد لە سەد کۆنترۆڵ بکەین و ئاسایشێکی سەد لە سەد دابین بکەین، ئەوە خۆشیەتی کاتێک پەنجەی تومەتی ھاوکاری کردنی داعش و ھەناردەکردنی تیرۆریستانی بۆ ناو خاکی عێراق و سوریا بۆ درێژ دەکرێ پاساوی خۆی بەوە دێنێتەوە کە ناتوانێ فرۆکەخانەکان و رێگاوبان سنورەکانی خۆی کۆنترۆڵ بکا.

ھەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی ئابوری و بازرگانی گەورەی لەگەڵ تورکیا ھەیە و ئەو پەیوەندیەش نا ھاوسەنگە، چونکە زیاتر لە بەرژەوەندی ئەو دایە کەچی ھێشتا ئامادە نییە رێگا بەکردنەوەی نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم بدا. بەپێی دەستوری عێراق ماف بە ھەرێمی کوردستان دراوە لە ھەر وڵاتێک نوێنەرایەتی خۆی بکاتەوە و ئەمریکا و ئێران و دەیان وڵاتی تریش مامەڵەی رسمی لەگەڵ نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم دەکەن، کەچی تورکیا نازی ئەوەمان بەسەر دادەکا کە گوایە نوێنەرایەتی یەکێتی و پارتی و یەکگرتوو لە تورکیا ھەن! ....

ئێمە دەپرسین بۆچی تا ئێستا حکومەتی تورکیا ئامادە نیە رێگە بەکردنەوەی ئەو حکومەتە بدا کە رۆژانە سەدان ھەزار بەرمیل نەوت بەناو خاکەکەی دەنێرێتە بازارەکانی جیھان و بە ملیۆنان دۆلار کەلوپەلی تورکیا ھاوردە دەکا؟ .

یەکێتی بە رفاندن یان شوێن بزر بوونی دوو کارمەندەکەی میت زۆر زۆر نیگەرانە و بەدەرکردنی نوێنەرەکەشی لە ئەنقەرە نیگەرانترە.

کاتی ئەوە کە ھەر وڵاتێک ئامادە نەبێ نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی لێ بکرێتەوە حکومەتی ھەرێم بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتی حزبەکانیشی لێ بدا .


AM:11:56:26/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 5273 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی