حەقی 97 ساڵەی کورد بدەنەوە
ئارێز عهبدوڵا
حكومەتی عیراق هەر رۆژەو بیانویەك بەكورد دەگرێتو بودجەو موچەی دەبڕێت، ئێستا باس لەخۆراكو دەرمانیش دەكرێت، بۆیە پەرلەمانتارێكی كورد پێیان دەڵێت: "وەرن حەقی 94 ساڵەی كورد بدەنەوە كە لەلای دەوڵەتی عیراقە".
گفتوگۆو مقۆمقۆو خوێندنەوە بۆ پرۆژەیاسای بودجەی 2016ی عیراق لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا زۆر توند بۆتەوە، پێدەچێت ناوەڕاستی مانگی 12 پەسند بكرێت، بەڵام گفتوگۆكان هەموو ساڵێك لەم كاتەدا لەنێوان نوێنەرانی كوردستانو نوێنەرانی باقی عیراق زۆر شۆڕدەبێتەوەو لێدوانەكان ئاگرین دەبن.
لە یەكێك لەدانیشتنەكانی تایبەت بە پرۆژەیاسای بودجەكە، ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان وتی: "هەموومان دەزانین كێشەی سەرەكی نێوان حكومەتی ئیتیحادیو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساڵی 2014ەوە سەریهەڵدا كاتێك مافی هەرێم نەدرا بەتایبەتی موچەی فەرمانبەران، ناردنەدەرەوەی نەوتیش لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بووەهۆی خراپبوونی پەیوەندییە سیاسییەكانو ئیدارییەكانی نێوان هەردوولاو چەند كێشەیەكی تریش بۆتەهۆی قوڵبونەوەی قەیرانەكەو فراوانبوونی بۆشایی نێوان هەردوو حكومەتەكە".
ئەوەشی روونكردۆتەوە، لەپرۆژەیاساكەی بودجەدا باس لەیەكلاكردنەوەی مافەداراییەكانی نێوان هەرێمو حكومەتی ئیتیحادی دەكات بۆ ساڵانی 2004-2015و ساڵانی دواتریش، كە دەستەواژەی "ساڵانی دواتر" ئاماژەیە بۆ جدی نەبوونی حكومەتی ئیتیحادی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێم، بۆیە پێویستە ئەو دەستەواژەیە بسڕدرێتەوە.
ئارێز عەبدوڵڵا داواشی كردووە، یەكلاكردنەوەی مافە داراییەكان تەنها بۆ ساڵانی 2004-2015 نەبێت، بەڵكو دەبێت مافە داراییەكانی نێوان حكومەتی ئیتیحادیو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەساتی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقەوە بێت لەساڵی 1921-2015 تا بۆ جیهانی دەربكەوێت ئاستی قەبارەی چەوساوەیی یەكێك لەپێكهاتەكانی گەلی عیراق لەماوەی 94 ساڵدا، چەندێكە؟
PM:02:29:27/11/2015
ئهم بابهته 4146
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی