پەیامێك چرای ئومێدی هەڵكرد

‌د.مەیادە نەجاڕ

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پەیامێك سەرلەنوێ ئومێد و هیوای بەتەواوی كۆمەڵگە بەخشی و هەنگاوەكانی بەرەو نوێبوونەوەی چاكسازی و دروستكردنی ئیرادە خولقاند، وەڵامێكی  پوختی بەگوێی كەسانەدا دا كە دەیانویست تارمایی تاریكی و نائومێدی بچەسپێنن.

بونیاتنانەوە و خۆڕاگری
سەرۆكی حكومەت زۆر بوێرانە پەیامەكەی بۆ میللەت خستەڕوو كە هەرێمی كوردستان وەك سەرجەم وڵاتانی جیهان بەهۆی لێكەوتە ئابوورییەكانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت تووشی دۆخێكی سەختی ئابووری بووە، بەپرۆگرام و نەخشەی دریژخایەن دەتوانرێت كۆتایی بەدۆخە نەخوازراوە بهێنرێت، بەڵام لەهەمانكاتدا پێویستی بەخۆراگری هەیە چونكە تێپەراندنی ئەم دۆخە ماوەیەكی زەمەنی پێویستە و ئاسان نییە.

 سەرۆكی حكومەت بەم پەیامە هەمویان بێ جیاوازی دەخاتە ژێرباری بەرپرسیاریەتی مێژوویی، ئەگەر لە حكومەتن، ئەوا لە جێبەجێكردنی پلانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی تەنگەژەكان پشتیوان و هاریكار بن، ئەگەر لە ئۆپۆزسیۆنن، ئەوا دەتوانن هێزی چاودێری هەنگاوەكانمان بن.

چاكسازی ڕیشەیی
 كابینەی نوێیەم هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە زۆر بوێرانە هەنگاوی بۆ بنەبڕكردنی گەندەڵی ناوە، لەم پێناوەشدا سەرۆكی حكومەت هەوڵەكانی چركردۆتەوە پێدەچێت لەئایندەیەكی زۆر نزیكدا هەنگاوی بویرانە بنێت و شەپۆلی چاكسازییەكانی تەواوی گەندەڵكاران ڕابماڵێت، لەپەیامەكەشیدا سووربوون لەسەر بەردەوامبوون لە ئەنجامدانی چاكسازی و رێگریكردن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی دووپاتكردەوە.

بێگومان هەندێك لایەنی سیاسی لە جێبەجێكردنی چاكسازیدا، بەرژەوەندییەكانیان دەكەوێتە مەترسییەوە، بۆیە هەوڵی پەكخستنی دەدەن، بەڵام سەرۆكی حكومەت رێزدار (مەسرور بارزانی) لە چاكسازی بەردەوام دەبێت.

سەرچاوەی  داهات
هەروەها سەرۆكی حكومەت باسی لەوەشكرد یەكێك لەگەورەترین هۆكارەكانی دروستبوونی قەیرانی دارایی  لەئەنجامی سیاسەتی هەڵەی تەنیا پشت بەستن بە داهاتی ناجێگیری نەوتە دروست دەبێت، مەرجە كار لەسەر هەمەچەشنەی داهات بكرێت، پێویستە لەڕێگەی گەشەدان بەكەرتە جیاوازەكانی ئابووری هەرێمی كوردستان لە هەڕەشە و مەترسییەكانی پشت بەستن بە تاكە سەرچاوەیەكی داهات رزگار بكرێت، بەروونی لەكابینەی نوێیەم ئەوە بەدی كراوەو هەنگاوی جدیش بۆ پەرەپێدان بەسكێتەرەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار نراوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەئایندەیەكی نزیكدا وەك سەرچاوەیەكی گرنگی داهات هەژمار بكرێن.

یەكڕیزی نیشتیمانی
ئەگەر زیاتر ووردبینەوە سەرۆكی حكومەت هەر لەسەرەتاوە جەختی لەوەكردەوە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵەكانی بۆ رێكەوتنێكی ستراتیژی لەگەڵ عێراق دەخاتەگەڕ، لەم پێناوەشدا كابینەی نوێیەم هەنگاوی ناوە، لەلایەكی ترەوە داوای لە نوێنەرانی هەرێمی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كردووە هەوڵەكانیان بۆ داكۆكیكردن لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان تەرخان بكەن، ململانێی حیزبایەتی فەرامۆش بكەن، ئەمەش هەوڵێكی نموونەیی دەبێت لەم كاتەدا چونكە بەشێك لەبەناو نوێنەركانی كورد بۆ بەرژەوەندی خۆیان خەریكی پەرتەوازەكردنی دەنگی كورد و دابڕاندنی ناوچەكانی هەرێم لە یەكتری.

لامەركەزی لەچوارچێوەی یاسادا
كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتدا، ئاماژە بەچەسپاندنی لامەركەزیەتی ئیداری پارێزگاكان كراوە، بەمەرجێك لەگەڵ سیستەمی یاسایی و كارگێڕی هەرێمی كوردستان گونجاو بێت، بەشێوەیەك نەبێتەمایەی گۆڕینی ستراكچەری دەستووری و فیدرالی هەرێمی كوردستان بەلام بەداخەوە هەندێك لایەن دەیانەوێت بابەتی لامەركەزی بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان لەپێناوی بەرژەوەندی حزبایەتیدا بەكاربهێنن.

سەرۆكی حكومەت لەدرێژەی وتارەكەیدا ئاڵنگارییەكانی بەردەم ئەجێندای كوردستانێكی بەهێزی خستەڕوو، هەر لەپیلانگێرانی ناوخۆیی تادەگاتە پیلانگیرانی هێزە هەرێمیەكان، سەرۆك پێی ووتین نیشتیمانی بوون ئەركە و سەركەوتنیش خاوەنی زۆرە، سەڕەڕای هەموو ئەو قەیران و فشارانەی رووبەڕووی حكومەتی هەرێم بوونەوە، بەڵام حكومەت لەكاتی ئەم قەیرانە مەترسیدارانە زۆر بوێرانە هەنگاوی ناوە، بە شایەتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ، ئەزموونی حكومەتی هەرێم لە  جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزیی و رێنماییە تەندروستییەكان زۆر سەركەوتووبوو، بەڵام بەداخەوە خەڵكانێك هەوڵ دەدەن ئەو هەوڵانە كەم بایەخ و ناشرین بكەن، لەكاتی سەركەوتندا هاوڕێمان زۆرە، بەڵام لەكاتی تەنگانەدا بەتەنیاین.

لەكۆتایدا ئەگەر ئێمە بەلۆژیكی پێوەرە بابەتیەكان بە میتۆدی شیكاری نێوەڕۆك هەڵویستەیەك لەسەر ئەم پەیامە مێژووییە بكەین دەگەینە ئەو راستیەی تەواوی ئەو پەیامە گوزارشتە لە دڵسۆزی و خەمخۆری بەڕێزیان بۆ دروستكردنی ڕوانگەو ستراتیجی حكومەت لە بەرنگاربوونەوەی پێشهاتە مەترسیدارەكان، لەئایندەیەكی نزیكدا تەواوی قەیرانەكان چارەسەر دەكرێت.


PM:11:08:23/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 4840 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی