هەشتی مارس یادیك بۆ خەباتی ئافرەتان

‌د.مەیادە نەجاڕ

ئەگەر ئێمە بمانەوێت كورتەیەك لەسەر هەشتی مارس  بدوێن  و هەڵویستەیەكمان لەسەر چۆنێتی یادكردنەوەی هەبێت سەرەتا پێویستە تێرمانێكی ووردی زانستی بۆ ئایندەو داهاتووی ئافرەتان بكەین، چونكە بەبروای من ناكرێت ئێمە تەنیا باس لە مێژووی هەشتی مارس بكەین و دەبێت باس لە ئایندەی ئافرەتی كورد و پرۆگرامی داهاتوو بكەین.

سەرەتا پێویستە رێكخراوەكانی ئافرەتان كۆمەلێك هەنگاوی پراكتیكی بۆ بەهیزكردنی پێگەی ئافرەت لەكۆمەڵگەدا بنێن وه بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە مەرجە  سەرجەم ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەگشت ئایدیا و بیروباوەرە جیاوازەكانەوە هەماهەنگی هەر لەداڕشتنی بەرنامە و ئامادەكردنی پرۆگرامی پێشوەختە تا جێبەجیكردنی هەبێت، واتا پێویستە هەماهەنگی لەسەر ئاستی بالادا بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان بكەن و ئەركەكان لەنێوان خۆیاندا دابەش بكەن، بەتایبەتی بۆ تەواوكردنی هەنگاوەكان هەر رێكخراوێك لەبوارێكدا كاربكات.

چەمكی مرۆڤسالاری
ئەو چەمكەی لەزۆربەی ولاتانی جیهاندا شوێنی پیاو سالاری و ئافرەت سالاری گرتۆتەوە ، وەك بابەتێكی هەستیار وگرنگ مامەڵەی لەگەل دەكرێت پێوستە ڕێكخراوەكانی ئافرەتان سەرەتا كارەكانیان لەچوارچیوەی گۆرانكاری هزری كۆمەڵگەوە دەستپێبكەن ئەویش بەدەستپێكردنی هەڵمەتێكی گشتگیری نیشمانی بۆ بلاوكردنەوەی چەمكی مرۆڤسالاری و مرۆڤبوونی ئافرەت بكەنە مارشی سەرەكیان، چونكە هەتا ئێستا لەرۆژهەلاتی ناوەراست وەك پێویست كار لەسەر چەمكی مرۆڤسالاری نەكراوە، پێویستە سەرەتا كار لەسەر چەسپاندنی چەمكی مرۆڤسالاری بكەن، لەرێگەی هەلمەتی بەرفراوان بۆ سەرجەم تاكەكانی كۆمەلگە بەهەردوو ڕەگەزوە، مەرجە پەیامی مرۆڤبوونیان پێ ئاشنا بكەن.

بەشداری پرۆسەی سیاسی
هەروەها پێویستە رێكخراوەكان هەوڵەكانیان بەشداری ئافرەتان لە سیاسەتدا زیاتر بكەن مەرجە هەموو هەولێك بۆ ئەوە بێت كە بەشداری ئافرەت لەپرۆسەی سیاسی بكرێتە كەلتوور چونكە بەگەیشتنی ئافرەتان بەناوەندەكانی بڕیارسازیدا كاریگەری زۆر گرنگی لەسەر پرسی ئافرەتان دەبێت وبگرە ڕەنگدانەوەی زۆری لەسەر ئاستی لۆكاڵ و تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش دەبێت بەبروای من هەنگاوی یەكەم دەبێت هانی ئافرەتان بدرێت بەشداری لە پرۆسەی سیاسی بكەن پێویستە هانی كچان بدرێت بەتایبەتی كچانی قوتابی زانكۆكان بەشداری كاری رێكخراوەیی و یان كاری سیاسی بكەن، دەكرێت بلیین پێویستە رێكخراوەكانی مەدەنی ئەو مۆدیلە دروست بكەن كە زانكۆكان بكەنە ناوەندێكی پیشخستنی  تواناكانی كچانی گەنج و بەهرەكانیان بەدەربخەن  و هانیان بدەن بۆ بەشداری كارا لەبواری سیاسی  و رێكخراوەییدا.

لەدنیای مۆدێرندا وەبەرهێنان لەتواناكانی ئافرەتان ئەولەویەتی كارەكانە ، لەرێگەی خولی پێشكەوتنی تواناكان و گەشەپیدانی توانا مرۆییەكان بۆ ئافرەتان توانراوە بەبەردەوامی لەسەر گشت ئاستە جیاوازەكان كاری زۆر بكرێت .

پێگەیاندنی توانای ئافرەتان
سەربەخۆیی ئابوری ،یەكێكە لەهەنگاوەگرنگەكان بۆ سەربەستی یەكانی تری ئافرەتان و نەبوونی ئابوری سەربەخۆ ستەم بەرهەم دەهێنێت بۆیە لەسەرانسەری جیهاندا دروستكردنی ئابووری سەربەخۆ بۆ ئافرەت بۆتە ئامانجی سەرەكی دەكرێت لەرێگەی بوونی ئابووریەكی سەربەخۆە كار لەسەر  سەپاندنی داخوازیەكانیان و بەهێزكردنی تواناكانی ئافرەتان بكرێت لەم رێگەیەوە نەخشەی بەرەنگار بوونەوەی تۆندوتیژی وجیاكاری رەگەزی دابڕژرێت .

لەلایەكی ترەوە پێویستە رێكخراوەكانی ئافرەتان هەماهەنگی زیاتر لەگەل رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بەمەبەستی كاركردنی زیاتری خولەكانی پەیوەست بەپێگەیاندنی توانای ئافرەتان بكەن ، واتا هەماهەنگیەكان بەجۆریك بێت نەتەوەیەكگرتووەكان چەندین ئەكادیمیای تایبەت بەپێگەیاندنی ئافرەتان لەبوارەكانی پێگەیاندنی ئافرەتان بكاتەوە بەتایبەتی سێكتەرە گرنگەكانی وەك ( سیاسی و ئابووری و كار رێكخراوەیی و بزنس ) بەجۆرێك خولەكان هیندە فراوان بن هەر كەسێك بیەوێت تواناكانی برەو پێبدات بتوانێ بەشداری بكات، ئەوەی ئافرەتان بایەخی زیاتر بە تواناكانی خۆیان بدەن و بێ سڵەمینەوە ڕوو لە گۆڕەپانی سیاسەت بكەن و بەرەو ناوەندەكانی بڕیاری سیاسی هەنگاو بنێن.

مەرجە ئێمە هەشتی مارس بكە ینه دەستپێكی گرنگ لەچەندین هەنگاوی لەو جۆرە بەتایبەتی لەڕێگەی كردنەوەی چەندین خولی تایبەتمەندەوە پێویستە هانی بەشداری ئافرەت لە سیاسەت و بڕیاردروستكردن و ناوەندەكانی بڕیارداندا زیاتر بكرێت.

داڕشتنی پرۆگرامی مۆدیرن
پێویستە هەماهەنگی لەگەل وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن بكەن بۆ ئەوەی لەچوارچێوەی پرۆگرامی پەروەردەدا كار لەسەر توانا و هزری كچانی هەرزەكار بكرێت و سیستەمێكی یەكسانی لە نێوان هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ  پیادە بكرێت، بەتایبەتی پەروەردەكردنی كچی هەرزەكار لەقۆناغەكانی سەرەتایی لاویتیدا زۆر گرنگە، ئەوەی كەزۆر گرنگە پەروەردەكردنی كچە لەسەر بنەمای هاندان و تێگەیاندن و بەهێزكردنی بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن بڕیار و بتوانێت  لەهەموو جۆرە كاروبارێكی هەستیاردا كار بكات.

لەكۆتایدا گرنگە هەشتی مارس بكرێتە رۆژێك بۆ دەستپێكی پرۆژە و هەنگاوی نوێ نەك تەنیا یادێك بێت و چەند چالاكیەكی تیدا ئەنجام بدرێت.


PM:03:30:07/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 4528 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی