بەداخەوە بۆ حزبەكەی مام!

‌سەروەر عەبدولڕەحمان

دیسانەوە یەكێتی گێمێكی تری هەڵمەتی پاكتاوكردنی كادرانی لەلایەن (م.س)ەكەیەوە دەستی پێكردەوە، و لە نوسراوێكی مەكتەبی رێكخستنەكەیدا بڕیاری دەركردنی (8) كادری دا.

قسە لەسەر ئەوە نیە كە ئەو كادرانەی لە لیستێكی تری غەیرە یەكێتیدان مافی ئەوەیان هەبێت لەنێو یەكێتیدا بمێنن، پێموایە ئەمە كارێكی ئاساییە و باشتر و تەندروستتر دەبوو ئەو كادرانە خۆیان دەستیان لە ئەندامێتی یەكێتی بكێشایەتەوەو ئینجا كاریان بۆ لیستێكی تری غەیرە یەكێتی بكردایە.

لەراستیدا ئەم هەڵمەتەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نە تازەیەو نە یەكەم جارەو نە دوا جاریش دەبێت بۆ پاكتاوكردن و وەدەرنانی كادرەكانی، سالانێكە ئەو سەركردایەتیەی یەكێتی كەوتۆتە پاكتاوكردن و وەدەرنانی ئەو كادیرانەی كە بە سیاسەتی سەركردایەتی حزبەكەیان رازی نین، سیاسەتی پاشكۆیەتی و نەمانی بڕیار، سیاسەتی دووفاقی و ناشەفافی داهات و دەست خستنە بازاڕ، سیاسەتی بە بنەماڵە كردن و بەشداری لە برسی كردنی خەلك، سیاسەتی پەیڕەو شكێنی و خۆ بەسوپەرمان كردنی هەندێك بەناو سەركردەو بە كۆیلەكردنی كادرەكانی.

قسە لەسەر ئەوەیە بۆچی دەبێت سالانەو مانگانەو رۆژانە یەكێتی رووبەرووی هەمان حاڵەت بێتەوەو بەجۆرێك بووە بە دیاردە لەنێو ریزەكانیدا، باشتر وایە یەكێتی لەبری ئەوەی هەمیشە خەریكی ئەم ململانێ و كێشمەكێشە بێت، بیرێك لە هۆكارەكانی سەرهەڵدانی ئەم دیاردەیە بكاتەوەو بنبڕیان بكات.

یەكێتی بە وەدەرنانی چەند كادر و سەركردەیەكی نە چاك دەبێتەوەو نە وەك جاران شكۆی بۆ دەگەڕێتەوە، یەكێتی بەوە چاك دەبێت و بەوە هەڵدەستێتەوە كە سیاسەتی خۆی بگۆڕێت و بۆ پرەنسیپە سەرەكیەكانی بەرنامەكەی بگەڕێتەوە، بەوە هەڵدەستێتەوە كە پەیڕەو جێبەجێ بكات و لەكاتی خۆیدا كۆنگرەیەكی پاك و بێگەرد ببەستێت.

یەكێتی بەوە هەڵدەستێتەوە دەستبەرداری ئەو سەركردایەتیە بەسەرچوو و بەرژەوەندخوازە بێت كە یەكێتیان بەم رۆژە گەیاند، یەكێتی بەوە راست دەبێتەوە بۆ مەبدەئە سەرەتاییەكانی رۆژانی ئومێد و هەلسانەوەی شۆڕش بگەڕێتەوەو دەسبەرداری سیستەمی بنەماڵەو بنەماڵۆچكە بێت.

یەكێتی بەوە راست دەبێتەوە كە دەسبەرداری بەتالانبردنی نەوت و داهاتی ئەم ولاتە بێت و ئیتر كۆتایی بە سیاسەتی هەلكوشینی سكی خەلك و هەللوشینی داهاتەكانیان بێنێ‌، یەكێتی بەوە راست دەبێتەوە بچێتەوە سەر شاڕێبازی راستەقینەی خزمەتی خەلكی كوردستان و جەماوەر و خەلكەكەی ئاشت بكاتەوە لەهەڵبژاردنەكاندا پێشەنگ بێت نەك چاوی لە ساختەكاری بێت.

یەكێتی بەوە راست دەبێتەوە كە داوای لێبوردن لە خەلكی كوردستان بكات كاتێك دەیزانی هەنگاوەكانی بارزانی لەوكاتەدا بۆ ریفراندۆم راست نین بەلام دوای كەوت، یەكێتی بەوە راست دەبێتەوە كە داوای لێبوردن لە خەلكی كەركوك و ناوچەكوردستانیە كێشەلەسەرەكان بكات و بەلێن بدات 16ی ئۆكتۆبەرێكی دووبارە نەكاتەوە، بەلێ یەكێتی بەمانە راست دەبێتەوە نەك بەدەركردنی چەند كادرێك.

سەركردایەتی یەكێتی تا خاوەنی ئەم سیاسەت و بیركردنەوەیە بن، نەك رەگ و گۆڕان و هاوپەیمانی، بەلكو چەندان حزب و لیست و گروپ و دەستەی تریشیان لێ جبادەبێتەوەو لە دواجاردا هەر خۆیان وەك گروپێكی بەرژەوەندخوازی بێزراو دەمێننەوە، ئەو سەركردایەتیەیە كە حزبی دەیان هەزار شەهید و دەیان هەزار كادر و پێشمەرگەی دلسۆزیان بەم دەردەبرد، هەر خۆیان بەخۆیان بن.

بەندە كاتێك ئەم وتارە دەنوسم، دووای نزیكەی سی ساڵ خەبات لە نێو ریزەكانیداو خزمەتی ئەم ئەم حزبە، بەهۆی سیاسەتی هەڵەی سەركردایەتیەكەیەوە، بەر لەوەی بەر پاكتاویان بكەوم، بێ ئەوەی پەیوەندیم بە هیچ لایەن و لیست و گروپێكەوە كردبێت، بەخواستی خۆم دەمێكە وازم لە لێی هێناوە و دانیشتن و بێلایەنیم پێ باشتر بووە نەك بەشێك بم لەم ململانێیە بەرژەوەند خوازیە، چونكە پێموابووە یەكێتی وەسیلەیەكە بۆ خزمەتی گەلەكەم نەك ئامانج و داردەستی چەند كەس گروپ و بنەماڵەیەك بێت لەسەر حیسابی كادرو پێشمەرگەو جەماوەرەكەی.


AM:11:25:12/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 5562 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی