‌ژمارەو قسەكانی خۆتان بیردێنمەوە!
PM:04:45:17/05/2020
د.رێبوار كریم محمود

لەو كاتەوەی بەزمی ڤایرۆسی كۆرۆنا هاتوەتە ئاراوە، بەردەوام گوێبیستی ئەوە ئەبین كە پارە بۆ بەرەنگاربونەوەی تەرخانكراوە. بۆ ئەوەی خەڵك بەلارێدا نەبرێت ئەم خاڵانە دەخەینەڕوو:

1. هەرێم رایگەیاندوە كە بودجەیەكی بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا تەرخانكردوە، كەس نازانێ چەندە؟ بە چ پێوەرێك دابەش دەكرێ؟ كەسیش لەنێو حكومەت و پەرلەمانی كوردستان لەسەر ئەم بابەتە قسە ناكات. جگەلە هەندێ پەرلەمانتار.

2. بەغدا ۳.٥٠٠.٠٠٠.٠٠٠ سێ ملیارو نیو دیناری بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا بۆ هەرێم ناردوە. كەس نازانێ چی لێهات! چۆن و كەی دابەش دەكرێ بەسەر پارێزگاكاندا؟

3. هەرێم لە دەوڵەمەندەكان زیاتر لە ۲٠ ملیۆن دۆلاری كۆكردۆتەوە، كەس نازانێ كەی و چۆن دابەش دەكرێت؟!

4. هەرێم داوای كردوە بەغدا پارەیتریشی بۆ بنێرێت لەو بڕە پارەیەی بۆ خەلكی كەمدەرامەتی دابینكردوە. بەغدا دەیەوێت زیاتر لە نیو ملیار دۆلار تەرخان بكات، ئەگەر رازی بێت لەوانەیە زیاد لە (۸٠) ملیۆن دۆلاری بگاتە هەرێم. بەڵام بەم سیاسەتەی ئێوە لەوانەیە دواتر هەر بڵێین (كوا؟ چی لێهات؟!).

5. ئەگەر ئەو پارەیەتان دابەشكرد با وەك ئەوەی دەربەندیخان نەبێ، (۲٠٠ ملیۆن دینار)تان ناردوە بۆ (دەربەندیخان)، وتوتانە تەنها بۆ كەرەنتینە و پێداویستیەكانی بەكاری بهێنن! بەپێی زانیارییەكانم هێشتا سودی لێ نەبینراوە. بە ویژدانتان ئەمە كەی پارە تەرخانكردنە؟! یانی چی قەزایەك زەقەی چاوی بێت و پێداویستی زۆری هەبێت، بەڵام تۆ نەهێڵیت پارەكەی بەردەستی بەكاربهێنێت.

6. دەگوترێ ئەمرۆ پارەكەی بەغدا بۆ موچە هات. ئێوەش بەردەوام وتوتانە خۆمان پارەیتری دەخەینەسەرو دەیدەین بە موچە. دەی بفەرمون ئیتر بە پارچە پارچە موچە دابەش مەكەن. پارەكەی بخەنەسەرو یەكشەممە هەمو وەزارەتەكان پێكەوە دابەش بكەن.

بەڕێزان..
_ سەبارەت بە پارەكانی كۆرۆنا ئێوە دەڵێن ئەو پارانە هێشتا دابەشنەكراون و لە ئایندەدا دابەشی ئەكەین. بەڵام ئەو پارەیە بۆ بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنایە. وا كۆرۆنا ئەڕوات، پێ ئەچێ بەتەمابن دوایی بڵێن كۆرۆنا نەماو پارەكەش پێویست نیە دابەشی بكەین!
_ سەبارەت بە موچە كوا موچەی خەڵك؟ كوا ۳٠ رۆژ جارێك موچە؟ هەر وەفاتان بۆ ئەو پزیشك و كارمەندی تەندروستی و پێشمەرگەو هێزە ئەمنی و خەڵكانە هەبێت كە لەسەرجادەو لەدەوامن!
_ ئەگەر ئەڵێن داهاتی ناوخۆ كەم بۆتەوە، ئەوەش بڵێن كە خەرجی حكومەت كەمبۆتەوە. چونكە دەوام راگیراوە.





هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.