سلێمانی چی پێویستە؟!

‌د.رێبوار كریم محمود

ماوەیەکە گفتوگۆی گەرم هەیە لەسەر پێویستی ئەنجامدانی (یەک) پرۆژە بۆ سلێمانی، ئەویش شەقامی (۱٠٠) مەترییە.
بەڵام لێرەدا پرسیار ئەوەیە: ئایا سلێمانی هەر ئەم شەقامەی پێویستە؟!

نەخێر.

_ سلێمانی پێویستی بە کارەبایە کە لەکاتی پێویستیدا نیە. جا کە خەڵک پێویستی نەبو، هەبێ یان نەبێ بۆچی باشە؟!
_ سلێمانی پێویستی بە ئاوە، ئاوی سازگار، نەوەک ئاوێک بە کلۆرێکەوە کە لە ۲٠۱۸وە ئێکسپایەر بوە.
_ سلێمانی پێویستی بە پردو جادەیە، جادەی سەرەکی و کۆڵان، پێویستیان بە قیرتاوە، نەوەک پینەو پەڕۆ.
_ سلێمانی پێویستی بە خەستەخانەیە، شارێکی وەها چۆن ئەبێ بچوکترین خەستەخانەی سوتاوی لەعیراقدا تیابێت؟!
_ سلێمانی پێویستی بە قوتابخانەیە، قوتابخانەی مۆدێرن، کە دەوامی ئاسایی بێت، نابێ قوتابخانە ئەو هەمو دەوامەی تیا بێ.
_  سلێمانی پێویستی بە بوژانەوەی وەرزش، هونەر، سینەما، رێکخراو...هتد هەیە. ئێوە لەبری هاندانی سینەما، هەر رۆژەی فلیمێک بە خەڵکەکەی دەرئەکەن.

_ سلێمانی پێویستی بە هەلی کارە، پێویستی بە فریاکەوتنی ئەو دەیان هەزار گەنجە بێکارە هەیە کە لە هەمو شتێک بێزارن.
_ سلێمانی پێویستی بە نەوت و غازە، ئەزانن کام نەوت و غازە؟ ئەوەی لەژێر خانوو خاکەکەیدایە بەڵام بەشی ئەوی پێوەنیە.
_ سلێمانی پێویستی بە هەوای پاکە، ژینگەیەکی ئەوێ کە تەندروستی خەڵکەکەی تیاپارێزراوبێت.
چی ریز بکەم؟

سلێمانی و هەمو شارو شارۆچکەکانی پێویستیان بە خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە. پێویستی بە پرۆژەیە. بەڵام پرۆژەیەک بە یەک بڕیار جێبەجێ بکرێ، نەک وەک جادە (۱٠٠) مەترییەکە (۱٠٠) بەیاننامەی بۆ دەربکرێ.


AM:09:29:16/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 3332 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی