بابەجان؟

‌رێبین ئازاد جەلال



ئەکتەرێکی هیندی هەیە ناوی (ئەمیتاب باچچان)ە کەچی زۆربەی کورد پێی دەڵێن (ئەمیتا بابەجان). جا گوایە ئەمیتاب زۆر لەمە عاجزبووە، بەڵام کە زانیویەتی بە (فیول پەمپ) ئەوترێت (فیت پەمپ) و بە مارکەی (جەنەراڵ) ئەوترێت (جەڕناڵ)، مەوزوعەکەی بە قورسی نەگرتووە.
جا من کە لای خۆی سەر بە بنەماڵەی (بابەجان)یشم، بە مندالی ئەوەندە خەڵک بەو ئەکتەرەیان وتبوو ئەمیتا بابەجان وامئەزانی خزممانە و ڕۆژێک بە ئەسپەکەیەوە دێت بۆ ماڵمان!

ئینجا با تۆزێک قسەی جدی بکەین؛

لە راستیدا، نازناوی (بابەجان) دەگەڕێتەوە بۆ باپیری باپیرم کە ناوی میرزا عبدالبدیع بووە و دانیشتووی گەڕەکی مەلکەندی بووە و زاوای یەکیک لە دوانزە سوارەکەی مەریوان بووە. ئەم پیاوە لە زەمانی حوکمی عوسمانییەکاندا حەکیم باشی و پزیشکی تایبەتی پاشای بابان بووە.

جا نازناوی (بابەجان) روداوێکەوە ھاتووە، ڤێرژنە کورتەکەی ئەمەیە؛ 
"کوڕی یەکێک لە میرەکانی بابان بێھۆش دەبێت و میرزاعبدالبدیعی حەکیم باشی باپیرە گەورەم بە ھەندێک دەرمانی تایبەت کە لەو زەمانە نوێبووە ھۆشی دەھێنێتەوە. چیرۆکەکە وایە کە منداڵەکە سەری لەسەر ڕانی میرزا عبدالبدیع دەبێت و کاتێک کە ھۆشی دێتەوە وا دەزانێت باوکییەتی، بۆیە دەڵێت (بابە). جا میرزا عبدالبدیع لە جیاتی باوکی وەڵام دەداتەوە و دەڵێت (جان)، چونکە جاران ئەم وشەیە لە جیاتی (گیان) بەکارھێنراوە. ئیتر لەمەوە نازناوی (بابە-جان)ی وەرگرتووە.

نەوەکانی بنەماڵەی (بابەجان)، وەک زۆرێک لە بنەماڵە دێرینەکانی شاری سلێمانی، بە حوکمی پیشەکانیان بە جیھاندا بڵاوبوونەتەوە و کەسانی ناسراویشیان تیا ھەڵکەوتووە و بە ھۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بەردەوام نەوەکانی ئەو بنەماڵەیە یەکتر دەدۆزنەوە. بەڵام تا ئێستا کەسمان لە ھندستان نییە و ئەمیتابیش سوێند و قورعانی خواردووە کە نازناوەکەی (باچچانە) و بە نیازیش نییە سەر بکات بە سلێمانیدا.

تێبینی؛ زانیاری لەسەر بنەماڵەی بابەجان لە کتێبی شەجەرەی بنەماڵە دێرینەکانی شاری سلێمانی مامۆستا خالد و کتێبی بەدەم ڕێگاوە گوڵچنینی رەوانشاد کاک نەوشیروان و نوسینێکی بەپێزی تەھا بابان لە رۆژنامەی بەیان و چەند نوسینێکی دیکەی میژوویی پشتڕاستکراوەتەوە

ئازیزانم،
هەرچەندە من وەک رێبین، شانازی بە نازناو و مێژوو و کەسایەتییەکانی بنەماڵەی بابەجان دەکەم، بەڵام ناوی بنەماڵە و عەشیرەت و خێڵ تەنھا بە ھۆکارێکی ئاسانکاری بۆ جیاکردنەوەی کەسەکان دەزانم، نەک ھۆکارێکی شانازیکردن و خۆ بادان. چونکە ئەو کەسانەی ھەڵگری نازناوی بنەماڵە و عەشیرەتێکن ڕاستە خەڵکی زۆر باشیان تێدایە بەڵام مەرج نییە هەموویان وا باش بن!

ئەم نووسینەم وەک ڕوونکردنەوەیەک لە خزمەت جەنابتاندا نووسی، چونکە ھەندێک لە دۆستانم لەگەڵ عەشیرەتی (باجەلان)ی ناوچەی خانەقین و عەشیرەتی (باوەجان)ی ناوچەی جوانڕۆ لێیان تێکەڵاو بووە و تەنانەت ھەندێک لە بەڕێزیش لەم هەڵمەتی هەڵبژاردنەدا بە تەنزەوە بووبێت یان بە نەزانی، وایان نیشانداوە لە خۆشەویستی فلیمی ھیندی و کاکە ئەمیتاب ئەو ناوەم لە خۆم ناوە!

هیوام خۆشیتانە، 
رێبین ئازاد جەلال رەفعەت ئەمین عبدالبدیع بابەجان


PM:05:44:22/04/2018

ئه‌م بابه‌ته 2740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی