وەلیدەکان نەمرن....

‌رێبین ئازاد جەلال



ئەوکات خەریک بوو شەڕی رزگارکردنی عێراق دەستی پێ دەکرد. دەنگۆی لێدانی عێراق و سڕینەوەی رژێمەکەی زۆر بەھێز بوو.

جا خەڵکە بە تەمەنەکە نەیئەتوانی باوەڕ بکات کە بەعس لەناو دەچێت. دەیانگووت "ئاخر رژێمێکی وەک بەعس کە دەیان ساڵ بە ئاگر و ئاسن حوکمی کردبێت، رژێمێک بەسەدان ھەزار کورد و عەرەبی بە پارە کردبێت بە جەیش و جاش، چۆن ئەسڕدرێتەوە؟ "

لە بەرامبەردا، ئەوانەی گەنجتربوون و (نەوەی ڕاپەڕین) بوون، ئەیانووت "ئەمریکا بەعس و مەعس نازانێت، ئەیسڕێتەوە و تەواو." من خۆشم یەکێک بووم لەوانەی ئاوا بیرم دەکردەوە.

لەو کاتەدا زۆربەی خەڵک تەماشای کەناڵی جەزیرەیان دەکرد، کە زۆر پاڵپشتی رژێمی بەعس بوو. بەردەوام یەک دوو بەعسی توندڕەو بە ناوی چاودێری سیاسییەوە لەو کەناڵەوە پڕوپاگەندەیان بۆ رژێمی بەعس دەکرد.

یەکێک لەوانە وەلید ناوێک بوو و زۆر رقم لێی بوو. 
ئەوەندە بێزار بووبووم لە قسەکانی ھەموو ئاواتم ئەوەبوو سەدام بڕوخێت بەس بۆ ئەوەی وەلید بھێننە سەر تەلەفزیۆن و داوای لێبوردن لەو خەڵکە بکات کەوا سەرسەختانە پشتگیری بەعسی کردبوو.

ئەوەبوو رژێمی بەعس روخا، کەچی وەلید دیار نەما.

ھەر گەڕام بەناو کەناڵەکاندا بۆ وەلید، بەڵام دیار نەبوو. زۆر ترسام لەوەی کە لە پەنایەکدا کوژرابێت و ئاواتەکەم بە ھێنانە سەر تەلەفزیۆنی نەیەتە دی.

بەڵام دوای چەند مانگێک، وەلیدم لەسەر تەلەفزیۆنێکی عێراقیی دوای روخانی سەدام بینی! سەیر دەکەم کاکا وەلید وەک چاودێری سیاسی شیکردنەوە بۆ وەزعەکە دەکات، وەک ئەوەی نە بای دیبێت نە باران! 
لە خۆمم دەپرسی ئەی باشە کەسێک، لێپرسراوێک، پۆلیسێک ڤیدیۆ کۆنەکانی وەلیدی نەدیوە؟!!

جا بۆ نەگبەتی من، وەلید ھەر بە لێدوانی تەلەفزیۆنییەوە نەوەستا، بەڵکو وردە وردە لێپرسراوێتی لە حیزب و رێکخراو و شت وەرگرت و بە ھەمان ئەقڵییەتی بەعسێتییەکەی جارانی، لە سیستەمە تازەکەدا شەکری ئەشکاند.

ڕۆژ ھات و ڕۆژ رۆی، جاش و بەعسییەکانی ھاوشێوەکانی وەلید ووردە ووردە لە عەمان و دوبەی و یەمەنەوە دەگەڕانەوە و لە ھەولێر و دوکان و سلێمانی و بەغدا و موسڵ نیشتەجێدەبوون... ووردە وردە، ھەر بە خشکەیی، دووبارە لە سیستەمی سیاسی عێراق جێیان دەکرایەوە و وەک جاران پارە و دەسەڵاتیان بۆ دەگەڕایەوە.

تەنانەت عۆجە بە عۆجەیەتی خۆی، بە حوکمی پێگەی عەشایەری و زۆربوونی دەسەڵاتی وەلید ئاساکانەوە گەشایەوە. وای لێھات مەزار بۆ گۆڕی سەدام و دار و دەستەکەی لە ناو عێراقی نوێ دروست کرا و بەعسییەکان پۆل پۆل زیارەتیان دەکرد!!! 
باوەڕتان ھەبێت، ماوەیەکی تری پێ بچوایە و ئەگەر داعش مەزارەکەی سەدامی تەخت نەکردایە، لەوانەیە پیرەژنی خۆمان وەکو شەخس و شت بچوونایەتە سەر مەزارەکەی بۆ منداڵبوون!!

لێرە بەدواوە؛

۱- بۆم دەرکەوت کە بە تەمەنەکانمان لە ئێمە حەکیمتر و دنیا دیدەتربوون کە ئەیانوت بەعس لەناو ناچێت. 
۲- دڵنیاش بوومەوە، ھیچکات وەلیدەکان نایەنە سەر تەلەفزیۆن و بڵێن غەڵەت بووین، بەڵکو ئەوە ئێمەین دان بە غەڵەتبوون ساویلکەیی ئەوسامان دەنێین کە وامانزانیبوو بە گۆڕینی سیستەمە خراپەکە ئیتر کارەکتەرەکانیشی بۆ ھەمیشە نامێنن.

ھەڵبەتە من ھەرگیز دڕندەیی بەعس ناشوبھێنم بە ھیچ دەسەڵاتێکی تری ناوخۆیی و دەرەکی، بەڵام ئەمەوێت ئەوە بە گەنجە خوێنگەرمەکانمان بڵێم کە ئەگەر لایەنێک ڕەگی داکوتا لە دەسەڵاتدا، جا خراپ بووبێت یان باش، تاوانی بەرامبەر گەلەکەی کردبێت یان نا، ئەگەر بشڕوخێت، ھەمیشە کۆمەڵێک وەلیدی دڵسۆز و گیانفیدا و بە مەبدەئی ھەیە کە بەھۆی سوودمەنبوونیانەوە بووبێت یان مەبدەئەوە بێت تا ماون دڵسۆزی سیستەمەکەن.

جا ئەگەر سیستەمێک ماوەی حوکمڕانی زۆرتربێت، ئەوا لەو جۆرە وەلیدانەی زۆرتر ئەبێت و ئەگەر ماوەیەکیش دوای نەمانی سیستەمەکەشیان خۆیان حەشاربدەن، ھەر کە بارودۆخ گونجا، وەک تۆوی گیای زیانبەخش، سەرھەڵئەدەنەوە.

من وەک خۆم یەک وانە لەمەوە فێربووم و دەمەوێت لەگەڵ بەڕێزتان بەشی بکەم ئەویش ئەوەیە "ھەمیشە ھەوڵدانەکانمان بۆ بردنەوە بێت لە وەلید نەک سڕینەوەی. گرنگە ھەمیشە وەلیدەکان لەبەرچاومان بن نەک وایان لێبکەین وەک جرج لە سوچ و پەناکاندا خۆیان حەشار بدەن" 
بەڕێزان ھەرگیز بە تەمای لەناوچوونی وەلیدەکان مەبن چونکە وەلیدەکان لە ناو ناچن.... وەلیدەکان نەمرن.


PM:06:45:18/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 1118 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی