عەفرین و سلێمانى و سەردەشت

‌ڕێژنە سەردار

هێرشەکانى ئەم دوایایەى تورکیا بۆسەر عەفرین جارێکىتر ئەو برینەى کولاندینەوە کە بەدرێژاى مێژو بەهۆی کوردبونمانەوە ئازاری داوین، ئەم ئازارە ئەگەرچى ئازارێکى تاقەت پڕوکێن و بێاکۆتایە بەڵام شتێک نییە بتوانین لێی هەڵبێین، بەجۆرێک کە ئەگەر شارێک لە باکورەوە لە مەترسیدابێت لە باکورەوە دڵمان بۆی لێدەدات، کوردێک لە ڕۆژهەڵاتەوە لەسێدارە بدرێت لە باشورەوە نیگەران دەبین بۆی، لە ڕۆژئاوا کورد لە شەڕدابێت ئێمە لێرەوە ئەگەرچى هیچیشمان لەدەست نەیەت بەڵام لەناخەوە ئازار دەکێشین، بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە، بۆچى کورد تەنها ئەو کاتە بەرجەستەى کوردبونى خۆی دەکات کە دەکەوێتە مەترسیەوە؟ هەڕەشەو شەڕ و کوشتن و سڵکردنەوە لەوىتر تەنها شتێک بوە کە ئێمەی خستۆتە بەردەم پرسی شوناس و هەویەتەوە کە دەکرێت ئەمە وەک ئاستێکى هەست ئیحساسی و غرورێکى ناسیۆلیستانە سەیربکرێت وەک لە هەستى نەتەوایەتى و کوردبونێکى ڕەسەن.

ئەم جۆرە لە کوردایەتى ئەوەمەن پێدەڵێت کە کورد تا ئەم ساتەش نەیتوانیوە کوردبێت بۆ خۆی، بۆ خودى خۆی واتا کوردبونێک بێ وێناکردنى ئەویتر وەک نەیار و دوژمن، بۆیە دەتوانین بڵێین خراپترین ئاستى دەرکەوتنى کوردایەتى دەرکەوتنێکە لە ئاشتى و ئارامیدا، واتا ئەو کاتەى سەقامگیری سەربازى و سیاسى لە ئارادایە، بە پێچەوانەى ئەوەوە تەنها لە بارودۆخێکى ئاسایدا حوکڕانیەکى خراپ، حیزبێکى خراپ، هەژاری و نەبونى خزمەتگوزاری و دواکەوتنى موچە هەزاران جار نەفرەتمان لە کوردبون و کوردستان پێدەکات و لە سادەترین پەرچەکرداردا جێیدەهێڵین ، بەڵام کاتێک پارچەیەک، شارێک، شارۆچکەیەک دەکەوێتە ژێر هەڕەشەو و شەڕ و مەترسیەوە هەمومان دەبین بە عەفرین بە کۆبانى، بەمەخمور کەرکوک و تەلەعفەر؟ بەڵام هێشتا نەمانتوانیوە جیاوازى بکەین لە نێوان دەسەڵات و حوکمەت و حیزبی خراپ و شوناس و نیشتیمان و کوردبونمان، نەمانتوانیوە لەو ڕاستیە تێبگەین کە خراپترین دۆخى ژیان لە ژێردەستى دەسەڵاتێکى کوردیدا لە خۆشترین ژیانى ژێردەستى تورک و عەرەب و فارس باشترە، تێنەگەشتوین لەوەى جیاوازی نێوان عەفرین و سلێمانى، کۆبانی و هەولێر، هەڵەبجە و سەردەشت چییە کەوا ئێمە لە هەولێر بەنەفرەت دەکەین بەڵام هەمومان کۆبانێین؟ سلێمانى جێدەهێڵین بەڵام بارەگای نەتەوە یەگرتوەکان بەردبان دەکەین بۆ پشتگیری لە عەفرین، کەواتە دەتوانین بڵێین دۆخێکى ئارام و سەقامگیر دۆخێکى مەترسیدارە بۆ کوردبون و کورد بەردەوام باوەش بەو ئایدۆلۆژیانەدا دەکات کە بە تیۆرى ئایدۆلۆژیای شۆڕشگێڕی و بەرەنگاری و جەنگ و ململانێ ناسراون


AM:12:13:18/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 2700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی