بە تەلەفۆنێك تووش بوو

‌ژیلەمۆ عەبدولقادر




ئافرەتێك بەو نیازە تەلەفۆن بۆ پیاوێك دەكات كە خۆی گوتەنی "پێی رابوێرێ‌" بەڵام نەیزانی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە لێی دەبێتە دێوەزمەیەك و لە كۆڵی نابێتەوە.

ئەو ئافرەتە ماوەیەك لەمەوبەر سەردانی كردین، داوای رێگەچارەیەكی دەكرد بۆ ئەوەی ئەو پیاوەی لەكۆڵ بكەینەوە كە بە حیسابی خۆی بەنیازبوو پێی رابوێرێ‌. گوێمان بۆ ئافرەتەكە شل كرد بۆ ئەوەی بەسەرهاتی خۆیمان لەگەڵ ئەو پیاوە بۆ بگێڕێتەوە:

"تەمەنم 16 ساڵ بوو شووم كرد، رۆژێك سەردانی ماڵی خوشكەكەم كرد، لەوێ‌ باسی خەڵك ئیزعاجكردن و ئەو شتانەمان دەكرد بە تەلەفۆن. خوشكەكەم ژمارە تەلەفۆنی برادەرێكی هاوژینەكەی لەلا بوو، گوتی بۆچی كەمێكی پێڕانەبوێرین؟ منیش منداڵ بووم گوتم بۆ نا، هەر بە مۆبایلەكەی من تەلەفۆنمان بۆ كرد، ئیدی هەر ئەو تەلەفۆنە بوو، بەڵام ئەو پیاوە وازی نەهێنا، كە زانی مێردم هەیە هەڕەشەی لێكردم ئەگەر پەیوەندی لەگەڵ دانەنێم ئەوە بە مێردەكەم دەڵێت، منیش ترسام بۆیە بە داواكارییەكەی رازی بووم. پەیوەندییەكەمان درێژەی كێشا و بووە خۆشەویستی، بە یەكەوە دەچووینە دەرەوە، كە مێردەكەم لە ماڵ نەدەبوو، دەهاتە لام. بەڵام ناوبەناو لە یەكدی تووڕە دەبووین و ئەو دەستی دەكردەوە بە هەڕەشە. من نەمدەویست درێژە بەو پەیوەندییە بدەم، چونكە دەترسام ئاشكرا ببم، بەڵام ئەو زۆر بە جیددی وەریگرتبوو، تەنانەت چەند جارێك داوای لێكردم لە مێردەكەم جیاببمەوە بۆ ئەوەی هاوسەرگیریم لەگەڵ بكات، بەڵام من رازی نەبووم، چونكە هاوژینەكەم زۆر باشە لەگەڵم".

ئافرەتەكە كەمێك دەوەستێ‌ و درێژە بە گێڕانەوەكەی دەدات: "ناخۆشترین كاتم ئەو كاتەیە كە مێردەكەم لە ماڵ نییە، ئەو پیاوە یەكسەر دەگاتە ماڵمان، هەر داواكارییەكی هەبێ‌ دەبێ‌ بۆی جێبەجێ بكەم، ئەگەر بە قسەی نەكەم لێم دەدات. بەردەوام چاودێریم دەكات، ناوێرم بە تەنیا بچمە دەرەوە. دەزانێ‌ ناوێرم لەلای مێردەكەم باسی بكەم، یان ناوێرم سكاڵا تۆمار بكەم، ئیستغلالم دەكات. چەندینجار بە خۆشی پێمگوتووە من هەڵە بووم پەیوەندیم لەگەڵ تۆ دانا، لێمگەڕێ‌ لەگەڵ ماڵ و مێردی خۆم بم، بە كوشتنم مەدە، بەڵام ئەو باكی نییە و دەڵێ خۆت بە تەڵاقدان بدە و مارەت دەكەمەوە، ئەگەرنا تا مردن وازت لێ ناهێنم".

دوای گوێگرتن لە قسەكانی ئافرەتەكە، بۆ راستی و دروستی قسەكانی و هەروەها دۆزینەوەی رێگەچارەیەك بۆ كێشەكەی، بەدوای ئەو پیاوەماندا نارد كە ژنەكە باسی دەكرد. پیاوەكە سەردانی كردین، هەموو قسەكانی ژنەكەی پشتڕاست كردەوە و گوتی: "من خۆشمدەوێ‌ و ناتوانم دەستبەرداری ببم. ئێستاش چارەسەری ئەو كێشەیە زۆر ئاسانە، با دەستبەرداری مێردەكەی ببێ‌، من مارەی دەكەمەوە".

ئەو ژنە لە ترسی كەسوكارەكەی نەیدەوێرا سكاڵا لەسەر ئەو پیاوە تۆمار بكات، بۆ ئەوەی ئیجرائاتی یاسایی بەرامبەر پیاوەكە بگرینە بەر، بۆیە ناچاربووین تەنیا ئامۆژگاری بكەین و لایەنی كۆمەڵایەتی و یاسایی كێشەكەی بۆ روون بكەینەوە، بەڵام پیاوەكە باكی بەوە نەبوو، گوتی با بچێ‌ سكاڵا تۆماربكات، هەردووكمان بۆ ماوەیەك دەگیرێین، دواتر ژنەكە تەڵاق دەدرێ‌ و منیش مارەی دەكەمەوە. دوای هەوڵێكی زۆر توانرا قەناعەت بە پیاوەكە بهێنرێ‌ كە فایلی پەیوەندییەكەی لەگەڵ ژنەكە دابخات و بۆ خۆی ژنێكی دیكە بهێنێ‌.


AM:09:33:02/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 33395 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی