جاران وابوو

‌ناسک واحید

ھەر کات توانیت پێچەوانەی قسەکانی دایە گەورەو ژنەکانی گەڕەکی جاران تەسەروف بکەی دڵنیات دەکەم تۆ ژنێکی سەرکەوتوو دەبیت..جاران ژنانی گەڕەک بە حساب ئامۆژگاری ئێمەیان دەکرد ئەیانوت کە شوتان کرد زۆر بە دەم مێردەکانتانەوە پێ مەکەنن با سوک نەبن .

.بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستەو تەنها پێکەنین لەگەڵ ھاوسەرەکەت کێشەکانت سوک دەکات نەک خۆت..ئینجا زۆربەی ژنەکانی جاران بەس لە ڕۆژی بوکێنیدا قژیان دادەھێنا ژنێکیش تۆزێ خۆی جوان بکردایە ئەیانووت باشە ئەمە بۆ ئەونە دڵی تەڕە بڵێ تازە شووت کردووە چیتە لەم خۆ جوانکردن و خۆدەرخستنە..پاشان ئەڵێن جاران تەڵاق کەم بووە ئێ کاکە مندال گیری خواردبوو بەدەست شەڕی دایک و باوکەوە ئینجا ژنی گەڕەک ھەر ئەگەشتنە یەک کۆڵێ جوێنیان بە مێردەکانیان ئەداو زووخاویان بۆ یەک ھەڵدەڕشت من ئەو کات منداڵ بووم و زۆربەی جوێنەکانم بیرە..ژنی ئەم سەردەمە ھەزار کێشەشی ھەبێت زۆۆر بە کەمی مێردەکەی لە ناو خەڵکدا نابووت ئەکات..

زەمی بەردەرگا نەماوە بۆیە من زۆر پێم سەیرە کە ھێرش بۆ ژنی ئەم سەردەمە دەکرێت..سەد لە سەد بێگومانم کە نەک ژنەکان پیاوەکانی ئەم سەردەمەش زۆۆر باشتر لە ژیانی ھاوسەرگیری تێگەشتوون..بەوخوایە بیرمە ژنێکی دراوسێمان ووتی لە حەمام منداڵم شتووە کابرای مێردم ھەر لەخۆیەوە تێر لێدانی کردووم ئێستاش نازانم ئەو لێدانە بۆچیبوو ..تەمەنی ئەو ژنە ئێستا نزیکەی ٦٥ ساڵەو ئەو لێدانەی ھەر بیر ماوە..

باسی ئەو کلتورە سەقەتەش ناکەم کە ھەر لە یەکەم ڕۆژی گواستنەوە دارێکیان لە سەری بووک داوە بۆ ئەوەی بترسێ لە مێردەکەی..نەفرەت لە کلتورێک کە داری لەسەر دایکم دابێت بەو ھەموو ژنێتی و میھرەبانی و پیرۆزیەوە..بە گشتی ژن و پیاوی ئێستا ووشیارترن و بە ڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ یەک دەکەن یان ناگونجێن و جیادەبنەوە..جیابونەوەش لەو کێشمە کێشم و درۆو دەلەسەی جاران زۆۆر پیرۆزترە


PM:04:08:31/01/2018

ئه‌م بابه‌ته 1733 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی