کۆریدۆرەکانی تورکیا ئامرازی ئیمپریالیزمن؛ کاتی ئەوە هاتووە مێزەکان هەڵگەڕێننەوە:

‌مایكل ڕۆبن

لە ئینگلیزییەوە: ئاکار موزەفەر

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا نیازەکانی خۆی نەشاردۆتەوە بەوەی کە دەیەوێت پێداچوونەوە بە سنورەکانی تورکیادا بکاتەوە. ئەو سنورانەی کە سەد ساڵ لەمەوبەر داڕێژراون. ئەو داوای چەند بەشێک لە خاکی بولگاریا و یۆنان و سیبریۆس (قوبرس) دەکات. هەروەها هێزەکانی تورکیا چەند بەشێکیان لە خاکی سیبریۆس و سوریا و عیراق داگیر کردووە. لە هەمان کاتدا هێزە کۆماندۆکانی تورکیا پشتیوانی لە هێزەکانی ئازەربیجان دەکەن کە لە ئێستادا دەیان میلی چوارگۆشەیان لە خاکی ئەرمینیا داگیر کردووە.

ئەگەر چین هەنگاو بە هەنگاو بە هێواشی دەریاکانی رۆژهەڵات و باشوری چین، بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئیمپریالیستی خۆی داگیربکات و روسیاش لە نێوان دراوسیکانیدا وڵاتی پاشکۆ و ملکەچ دروست بکات؛ ئەوە پێدەچێت ستراتیژی تورکیا ئەو کۆریدۆرانە بێت کە داوایان دەکات، تاوەکو لەو رێگایەوە هەژموونی ئیمپریالیستی خۆی بسەپێنێت.

با لێرەوە تەماشایەکی رەفتارەکانی تورکیا بکەین لە باکوری عێراق. دوای چەند هەفتەیەک ئامادەکاری بۆ ئۆپراسیۆنێکی سەربازی، تورکیا دەستیکرد بە شاڵاوێکی تۆپباران و داگیرکردن گوایا دەیەوێت پارتی کرێکارانی کوردستان لە باکوری عێراق لە ناو بەرێت.

رقی تورکیا لە کوردەکان بە گشتی و پارتی کرێکارانی کوردستان بە تایبەتی شتێکی شاراوە نییە. کاتێک بریکارەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا شکست دەخۆن ئیتر ئەردۆغان سیاسەتمەدارە کوردە سەرکەوتووەکان بە هاوسۆزی پەکەکە تۆمەتبار دەکات و شارەوانیەکانیان لێدەسەنێت و دەیانگۆڕێت بە لایەنگرەکانی خۆی. ئەردۆغان دەزانێت کە رەگەزپەرستی کارێکی ناپەسەندە لە چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیەوە، بۆیە ئەو دوژمنایەتی بە شێوازی تر ئەنجام دەدات.

گەمەی کۆریدۆری ئابوری هەمان شتە. تورکیا ئۆپەراسیۆن و کردەوە سەربازییەکانی خۆی دەکاتە پاساوێک گوایە کۆریدۆری ئابوری دەپارێزێت کە لە کەنداوی فارسەوە بە ناو عیراق تا تورکیا درێژ دەبێتەوە. تورکیا دەڵێت پەکەکە بازرگانی دەخاتە ژێر مەترسیەوە، بۆیە دەبێت لەناویان بەرین، لە کاتێکدا ئەو رێگایە بە هیچ کام لەو شارۆچکە و گوندانەدا ناڕوات کە ئەو بۆردومانی دەکات. وەک چۆن کاتی خۆی سەدام حسێن بە ئانقەست ئۆتۆبانەکانی بە ناو شارە شیعە نشینەکاندا نەدەبرد، ئاواش کۆریدۆرە ئابورییەکەی نێوان عیراق و تورکیا بە ناو شارە کوردییەکاندا ناڕوات.

تورکیا لە ئەرمینیاش هەمان کار دەکات، داوای کۆریدۆر لە ئەرمینیا دەکات، بەهۆی ئەم داوایە دۆخێکی شەڕانگێزی و شەڕپێفرۆشتن هاتۆتە ئاراوە. تورکیا و ئازەربیجان پێکەوە دەڵێن ئەگەر ئەرمینیا رێگایان نەدات کۆریدۆرێک لە باشورەوە بەناو خاکی ئەرمینیادا بکەنەوە ئەوە رەنگە بە زۆر دەست بەسەر ئەو خاکەدا بگرن و خۆیان رێگاکە لێبدەن بۆ ئەوەی هەر دوو وڵات بەیەکەوە ببەستنەوە. درێژی ئەو کۆریدۆرە ٤٠ میل دەبێت واتە بە هێندی مەودای نێوان واشنتۆن و بەلتیمۆر.

ئەرمینیا ئامادە نیە بەو داوایە رازی بێت، چونکە ئەم کۆریدۆرەی تورکیا وڵاتەکە بە جۆرێک لەت و پەت دەکات کە ئاسانتر هەرس بکرێت. ئەرمینیا لەوەدا راست دەکات ئەگەر تورکیا و ئازەربیجان سنورەکانیان بە رووی بازرگانی ئاساییدا بکەنەوە چ پێویست بە کۆریدۆر دەکات؟ ئەم راستییە سادەیە ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەکات کە گاڵتەجاڕیی تورکیا لە داواکردنی کۆریدۆرەکاندا تەنها ئامرازێکی فراوانخوازییە نەک بازرگانی.

هەمان ئەو شتە لە سیبریۆس (قوبرس) یش هەر وایە. لە ئۆگستی ٢٠٢٣ تورکەکان لە ناوچەی دابڕوی نێوان سیبریۆس هێرشیان کردە سەر هێزە ئاشتی پارێزەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان. تورکەکان لەم شەڕەدا پاساویان ئەوە بوو کە قوبرسییەکان رێگایان نادەن رێگایەکی راستەوخۆ لێبدەن بۆ (بێلا) کە رێگاکە بە ناوچە دابڕاوەکەدا دەڕوات، ئەمەش لە جەوهەردا بریتییە لە دروستکردنی کۆریدۆرێک بۆ ئەو شارەی کە تورک و یۆنانی تێیدا پێکەوە دەژین.

لە روی یاساییەوە نە تورکیا و نە حکومەتە دەستکەلاکەشی مافی ئەوەیان نیە کارێکی ئاوا بکەن، چونکە ناوچە دابڕاوەکە لەسەر خاکی سیبریۆس دروستکراوە و مافی ئەوانی پێوە نیە. بەڵام ئەوان بە بیانوی کۆریدۆر دەیانەوێت دەست بەسەر ئەو ناوچەیەدا بگرن.

شێوازی کاری تورکەکان زۆر ڕوونە، هەرچەندە رۆژئاواییەکان بە دبلۆماتکار و شرۆڤەکارەکانیەوە توشی دابەشبوونی بیروکراسی دەستکرد بوون، زۆر بە دەگمەن ئەو راستییە دەبینن و باسی دەکەن، بەڵام ئەوە زۆر دیار و رونە کە ئەمڕۆ تورکیا مەسەلەی کۆریدۆرەکان وەک ئەسپی تەروادە بەکاردێنێ و بە زمانی دبلۆماسی و گەشەپێدانی ئابوری پەردەپۆشیان دەکات.

بەڵام تورکیا لەمەدا خاڵی لاوازی هەیە. ئەردۆغان سیاسییەکی بە توانایە وەکو تاکتیک بەڵام لە بنەڕەتا کەسێکی گەمژەیە. تەنانەت پێشینەی زانستیشی لە رووی ئەکادیمیەوە زۆر بەتاڵ و نزمە، لە ئاستی خوێندەواری کەسێکدایە کە خولی هاوینەی بینیبێت.

ئەو لە راستیدا خوێنڕێژێکی ناو شەقامەکان بووە و تەنها خوێندنی ناوەندی تەواوکردووە، تەنانەت نەیتوانیوە بڕوات لە قوتابخانەی تایبەتی دەستەبژێرەکانی کۆمەڵگا خوێندن بخوێنێت. تێگەیشتنی ئەو بۆ مێژوو تەنها لە چوارچێوەی گفتوگۆدایە نەک راستی و پێدراوە راستییەکان، بۆیە ئەو نازانێت هەندێ لە رەفتارەکانی بە زیانی تورکیا دەکەونەوە.

بۆ نمونە باشترین رێگای دبلۆماسی بۆ رەتکردنەوەی داواکانی ئەردۆغان بە پێداچوونەوە و هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتننامەی لۆزان کە سەد ساڵ بەسەریدا تێپەڕیووە و بەهۆیەوە سنورەکانی ئەمڕۆی تورکیا دەستنیشان کراون، ئەوەیە کە ئەو خاکە زەوتکراوەی یونان بگەڕێنێتەوە کە پاکتاوکردنی رەگەزیی تێدا کردوون. ئایا ئەردۆغان دەیەوێت لۆزان هەڵوەشێتەوە؟ زۆر باشە مادام وایە با ئیزمیر بداتەوە بۆ یۆنان و ناوەکەی بکاتەوە بە سمیرنا!

هەمان شت بۆ ئەرمینیاش راستە. لە سەروبەندی جەنگی یەکەمی جیهاندا سەرۆک ویلسۆن ژەنراڵ جەیمس هاربۆردی راسپارد کە راپۆرتێک لە سەر بارودۆخی ئەرمینیا لە دوای جینوسایدەوە، پێشکەش بکات، لەگەڵ گرنگیدان بەوەی کە هێزێکی ئەمەریکی لەوێ بمێنێتەوە بۆ پاراستنی ئەرمەنییەکان. ئەنجامی راپۆرتەکە ئەوە بوو کە دەبێت ئەرمینیا کۆریدۆرێکی بۆ سەر دەریا هەبێت.

پێشنیازەکەی هاربۆرد لە شوێنی خۆیدا بوو. ئەگەر تورکیا دەرگای کردنەوەی کۆریدۆرەکان بکاتەوە ئەوە دەبێت رۆژئاواییەکان کۆریدۆرێک بۆ ئەرمینیا بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەرمینیا بتوانێت بژی. ترابزۆن لە مێژودا هی ئەرمەنەکان بووە و باشترین بژاردەیە بۆ ئەوەی کۆریدۆرێک لەوێ بکرێتەوە بۆ ئەرمینیا.

لە کاتێکدا ئەردۆغان داوای کردنەوەی کۆریدۆرەکان دەکات، فرسەتێکی گونجاوە بۆ رۆژئاواییەکان کە بتوانن هەڵە مێژوییەکانی خۆیان راست بکەنەوە. ئەردۆگان دەرگاکەی کردۆتەوە، ئەبێ ئەمەریکا و فەرەنساش بێنە ژورەوە.

سەرچاوەی ئەم وەرگێڕانە:

Turkish Corridors Are a Tool of Imperialism; It’s Time to Turn the Tables

ByMichael Rubin

Middle East Forum Observer

April 23, 2024


PM:02:46:29/04/2024

ئه‌م بابه‌ته 664 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی